ئەو نۆ ڕیکۆردە مێژوویەی لەژێر هەڕەشەی شکاندن و هاوتاکردنەوەدان (۱، ۲، ۳)

یاریگانێت/ ئەمڕۆ پێمان خستە ناو مانگی یۆنیۆی ۲٠۱۸ کە بە زاراوە وەرزشێکەی بە مانگی مۆندیال دەناسرێت. تا دێت، مۆندیال نزیکتر دەبێتە و ئامار و زانیارییەکانی مێژووی کەرنەڤاڵە گەورەکە لە هەموو کات پتر لە دەرگای یادگەی شەیدایانی تۆپی پێ، دەدەن. نۆ ڕیکۆردی چ تاکەکەسیی بێت یان هەڵبژاردە، لەژێڕ ڕەحمەتی شکان و هاوتاکردنەوەدان یاخود ڕێکۆردێکی نوێیە لە مێژووی مۆندیالەکاندا.

یاریگانێت هەر ڕۆژە و سێ لەو نۆ ڕیکۆردە لە ڕاپۆرتێکی زانیاری و هەڵگری ڕیکۆردە نەشکێنراوەکان دەخاتە ڕوو، دواتر (ئەگەرەکان)ی شکاندن و هاوتاکردنەوە لە خوارەوەی باس لێوە دەکات:

۱- بـــەتەمەنتریــــن یــــاریزان، بـــەتەمەنتریـــن کـــــاپتن، بــــەتەمەنترین یاریزانی یەکەم بەشــــــداریی:

* بەتەمەنترین یـــاریزان:  فەرید مۆندراگۆنی کۆڵۆمبی. گۆڵپارێزەکەی کۆڵۆمبیا بە یەکێک لە ئایکۆنەکانی وڵاتەکەی دادەنرێت. لە نەوەی زێڕینی ساڵانی ۱۹۹٠ بوو. مۆندیالی ۲٠۱٤ لە یاریاندا بەرامبەر ژاپۆن ٤-۱ لە کۆتا پێنج خولەکی یارییەکەدا لە جێگەی داڤید ئۆسپینا هاتە نێو یارگا کە تەمەنی (٤۳ ساڵ و ۳ ڕۆژ بوو). ئەو ڕیکۆردەش پێشتر بە ناوی ڕۆجێر میلای کامێرۆنییەوە (٤۲ ساڵ و ۳۳۹ ڕۆژ لە مۆندیالی ۱۹۹٤) بوو کە ۲٠ ساڵ بوو نەشکێندرابوو.

* بەتەمەنترین کـــاپتن: پیتەر شیڵتۆنی ئینگلیزی، لە مۆندیالی ۱۹۹٠ تەمەنی ( ٤٠ ساڵ، ۲۹۳ ڕۆژ بوو)

* بەتەمەنترین یاریزانی یەکەم بەشـــداریی: دێڤد جەیمسی ئینگلیزی لە مۆندیالی ۲٠۱٠ی ئەفریقای باشوور. گۆڵپارێزە ئینگلیزیەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر تەمەنی ( ۳۹ ساڵ و ۳۲۱ ڕۆژ بوو) کە بۆ یەکەمجار لە مۆندیالدا بە تەمەنێکی وا بەشداری بکات.

– ئەگەری شکاندنیان: یەکەم و کۆتا بەشداریکردنی هەڵبژاردەی میسر مۆندیالی ۱۹۹٤ بوو. مۆندیالی ڕووسیا بۆ گۆڵپارێزی فیرعەونەکان، عیسام ئەلحەزەری، دەرفەتێکە کە هەر لە یەکەم فیکەی دەستپێکی یەکەم یاریاندا بەجارێ ئەو سێ ڕیکۆردەی سەرەوە بشکێنێت. بەوپێیەی عیسام تەمەنی ئێستا (٤۵) ساڵە و کاپتنی هەڵبژاردەکەیەتی و خۆی و سەرجەم هاوتیمەکانیشی یەکەمین بەشداریکردنیانە لە مۆندیالدا.

 

۲- زۆرترین جار سەرکردایەتیی کردن (کاپتن) * ڕافایل مارکێزی مەکسیکی (٤) جار.

  • ئەگەری شکاندن: وا دیارە ئەم ڕیکۆردە هەر خۆی دەیشکێنێتەوە. مارکێز چوار مۆندیال بەشداریی کردووە و تێیاندا کاپتنی هەڵبژاردەکەش بووە. بۆ مۆندیالی ڕووسیاش بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراوە. ئەگەرچی بە پێی ڕۆژنامەی گاردیان بێت، بە تۆمەتی تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە لە ساڵی ۲٠۱۷، ئەگەری کشانەوەی لێکرا لە مۆندیال، بەڵام بەڵگەی ئەوە هەیە کە لەم چیرۆکە دەربازی ببێت و بەشداری بکات. بەمەش بۆ پێنجەمین جارە یاریزانێک لە مۆندیالەکاندا کاپتنی هەڵبژاردەکەی بێت (بە تایبەت لە کاتێکدایە کە ئاندرێس گوادرادۆی کاپتنی ئێستایان دووچاری پێکان هاتووە) ئەمەش دیسان وا دەکات خوان کارلۆس ئۆساریۆی ڕاهێنەر شەرەفی سەرکردایەتیەکە ببەخشێتەوە بە مارکێز.

ڕافایل مارکێز

 

۳- زۆرترین یاریزانانی یانەیەک بەشدار لە مۆندیالێکدا:

* مۆندیالی ۲٠٠٦ی ئەڵمانیا، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بە ( ۱۵) یاریزان، پشکی شێریان بەرکەوتبوو.

– ئەگەری شکاندن: وەرزە باشەکەی مانچستەر سیتی لە پریمەرلیگ، ئەم چانسەی داوە بە کوڕانی گواردیۆلا کە ۱۷ یاریزانی بانگهێشتی مۆندیالی ڕووسیا بکرێن و ڕیکۆردەکەی ئارسیناڵ بشکێنن. بەشداربووەکانی مان سیتی: چوار بەڕازیلی (فێرناندینهۆ، گابرێل خیسۆس، دانێلۆ، ئێدرسۆن) چوار ئینگلیزی (کێلی واڵکەر، فابیان دێڵف، ڕەحیم ستەرلینگ، جۆن ستەونز) دوو ئەرژەنتینی (ئۆتامێندی، ئەگوێرۆ) ، دوو ئەڵمانیی (ئێلکای گۆندوگان، لێرۆی سانێ) ، دوو بەلژیکی (کیڤن دیبرۆین، ڤینسنت کۆمپانی) ، هەریەکە لە داڤید سلیڤای ئیسپانی، بێرناردۆ سیلڤای پورتوگالی و بنیامین مێندی فەڕەنسی کۆی ۱۷ یاریزانەکەی ستیزنسن.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر