زێدان لەپرێس کۆنفرانسێکی تایبەتدا باسی یاری لیڤەرپول و یۆرگین کلۆپی کرد

یاریگا

ئەمڕۆ لە پریس کۆنفرانسێکی تایبەتدا، زێنەدین زێدان، ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە چەند تەوەرێکی گرنگی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە بەرانبەر لیڤەرپول ڕۆژی 26 ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت.

زیزۆ گوتی ئەزموون بە تەنها بردنەوە مسۆگەر ناکات و هەموو شتێک نییە، لیڤەرپول زۆربەی یاریزانانیان بۆ یەکەم جار لە کۆتایی یاری دەکەن، بەڵام دڵنیام کە لە یاری کۆتایی بۆ بردنەوە  دەجەنگن، ئێمەش بە هەمان شێوە تیپەکەمان بۆ گەیشتن بەو قۆناغە توانی باشترین 3 یانەی ئەوروپا لەسەر ڕێگەی خۆی لابدات، بۆیە من دەڵێم ئێمە بۆ بردنەوەی ئەو جامە هیچ لە لیڤەرپول کەمتر برسی نین، ئێمە دەمانەوێت ببەینەوە، ئێمە لە یانەیەکین کە هەمیشە تینوی بردنەوە و دەستکەوتی زیاترە، ئێمە کاروانێکی نایابمان هەبوە و بۆ سێیەمین جار بەسەر یەکەوە دەگەینە یاری کۆتایی ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بە تایبەتی گەر بۆ سێیەمین جار بەسەر یەک جامەکە بەرز بکەینەوە.

دەربارەی ڕۆنالدۆ و سەلاح ، زێدان گوتی ” من باسی یاریزانی خۆم دەکەم، ڕۆنالدۆ بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئەو زۆر جیاوازە، بە پێچەوانەی هێرشبەرانی جیهان کە گۆڵ تۆمار ناکات، خۆی نیگەران ناکات، لەبەر ئەوەی دەزانێت کە بۆ یاری داهاتوو دەتوانێت لە بری گۆلێک دوو گۆڵ یان هەندێک جار 3 گۆڵیش تۆمار بکات، ئەو بە ڕەخنەو توانج ناکەوێت دڵتەنگ نابێت، وەک پێشتر بینیمان هەمیشە لە کاتی پێویست وەڵامی ڕەخنەگرانی دەداتەوە.

دەربارەی پێکهاتەی ڕیاڵ مەدرید لە یاری کۆتایی ، زێدان ئاماژەی کرد کە دیاری کردنی پێکهاتەی سەرەکی بۆ یاری کۆتایی، قورسترین کارە کە دەبێت ئەنجامی بدات، ئاسان نییە تۆ دەبێت چەند یاریزانێکی ئاست بەرز لە یەدەگ دابنێیت، هەروەها چەند یاریزانێکی دیکەش لە یەدەگیش شوێنیان نابێتەوە، ئەوە کارێکی ئاسان نییە، هەروەها bbc لای من گرنگی هەر ماوە بەڵام ناتوانم هیچ زانیارییەک لەسەر پێکهاتەی سەرەکی بدرکێنم.

لە کۆتاییدا دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ یۆرگین کلۆپی ڕاهێنەری لیڤەرپول، زیزۆ گوتی ” من پەیوەندیم لەگەڵی نییە، بەڵام ئەو ڕاهێنەرێکی زۆر نایابە و پێشتر لە دۆڕتمۆند و ئێستاش لە لیڤەرپول جێی پەنجەی دیارە و خۆی وەک ڕاهێنەرێکی گەورە و باش سەلماندوە.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر