به‌رشه‌لۆنه‌ پاڵه‌وانێكی بێ‌ ناسنامه‌


ئه‌م یارییه‌ بۆ ڕاهێنه‌ره‌ باسكییه‌كه‌ ده‌رفه‌تێكی باشه‌ متمانه‌ی هانده‌رانی یانه‌ی بلوگرانه‌ به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌، كاتێك به‌بێ‌ هیچ پاساوێك به‌ یانه‌ی ڕۆمای ئیتاڵی له‌ (چامپۆنسلیگ) كرانه‌ده‌ره‌وه‌، سه‌ره‌تای وه‌رز یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ گرفتی ته‌واویان هه‌بوو له‌ پێكهاته‌ و ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی یاریگا، كه‌ دواتر ڕاهێنه‌ره‌كه‌ له‌ ڕێگای هێنانی پاولینهۆ و جێگركردنی (ئه‌لبا و سێرجی ڕۆبێرتۆ) له‌ به‌رگری و (ڕاكیتچ و میسی ئینێستا) تا ڕاده‌یه‌ك توانی هێزی گومارۆدان و فڕاندنی بردنه‌وه‌كان مسۆگه‌ر بكات. كه‌چی له‌گه‌ڵ چوونه‌ پێشه‌وه‌ی وه‌رزكه‌ تا دێت ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ر تووشی مایه‌پووچبوونی پلان ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ زۆرێك له‌ یارییه‌كان پێویستی به‌ یاریزان و گۆڕانكاری هه‌یه‌، تا چالاكییه‌كانی تیپه‌كه‌ی له‌ڕووی هونه‌ریه‌وه‌ دانه‌به‌زێت، كه‌چی كه‌مترین جار ڕۆڵی بینیوه‌ له‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری ئاستی تیپه‌كه‌ی تا كۆتایی بپارێزێت، كه‌ ئه‌مه‌ ڕێك پێچه‌وانه‌ی زێدانی ڕاهێنه‌ره‌و به‌ به‌رده‌وامی له‌ گێمی دووه‌م به‌ یاریزانه‌ یه‌ده‌گاكان بردنه‌وه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات.
یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ناسنامه‌ ئه‌وروپییه‌كه‌ی له‌ ده‌ستدا، كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وان به‌وه‌ ناسراون له‌ ڕووی ته‌كتیك و بیروهۆش سه‌ركه‌تووبوون به‌سه‌ر هه‌موو یانه‌كانی ئه‌وروپا و جیهاندا، چونكه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ قوتابخانه‌یه‌كی فكری تۆپی پێیه‌ و له‌ هه‌موو یانه‌كانی دیكه‌ جیاوازتره‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئه‌وان به‌ به‌رده‌وامی مامه‌ڵه‌ وه‌كو پاڵه‌وان بكه‌ن، كاتێك تیپه‌كه‌ له‌ هه‌ر ئاستێكی خراپدا بێت میسی و هاوڕێكانی توانادارن بیگۆڕن بۆ بردنه‌وه‌ نموونه‌ی: یارییه‌كانی (چیڵسی، ئیشبلیا)… هتد، كه‌چی ڕاهێنه‌ره‌كه‌یان تا ئه‌م كاته‌ نه‌یتوانییوه‌ تیپه‌كه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گۆڵ بكات و به‌رده‌وامی پێبدات، یان گرفتی نێوان دووانه‌ی دڵی به‌رگری چاره‌سه‌ر بكات، كه‌ زۆربه‌ی جار به‌هۆی به‌هێزی تیرشتیگنه‌وه‌ تۆڕه‌كه‌ پارێزراوه‌ نه‌ك به‌رگریكاران، جگه‌ له‌مانه‌ وه‌رزی یه‌كه‌مه‌ بلوگرانه‌ تووشی ئه‌وه‌بن به‌ قورسی تۆپ به‌ده‌ست بێنن، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی شێوه‌ یاریی تیپی ڕكاربه‌ر بكه‌ن و بچنه‌ خووی ئه‌وانه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ڕوونی له‌ یاریی ڕۆمادا به‌دیكرا، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌رنیستۆ شكستی هێنا له‌وه‌ی لایه‌نی زاڵی ته‌كتیكی به‌رشه‌لۆنه‌، كه‌ ده‌ ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ وه‌ك خۆی بهێڵێته‌وه‌.

چاوه‌ڕوانی میسی بۆ خولی ئیسپانی نییه‌، ئه‌و ئه‌وه‌ به‌باشی ده‌زانێت تیپه‌كه‌ی له‌ هه‌ر ئاست و پله‌یه‌كدا بێت ده‌توانێت لانیكه‌م پلیتی دووه‌می لالیگا بباته‌وه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه‌ توانی تا ئه‌ندازیه‌ك خوله‌كه‌ بۆ یانه‌ی به‌رشه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌، به‌وه‌ی توانی (29) گۆڵ بكات له‌گه‌ڵ دروستكردنی (12) ده‌رفه‌تی گۆڵكرن و لالیگاشی له‌ خه‌یاڵی خۆی ده‌ركرد، به‌ڵام ده‌ركه‌وت جگه‌ له‌ میسی هیچ یاریزانێكی دیكه‌ی تیپه‌كه‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت ناتوانن له‌ گه‌رمای به‌هێزترین خولی ئه‌وروپادا مه‌له‌ بكه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ دوای ده‌ركردنه‌ ده‌ره‌وه‌یان به‌ده‌ستی ڕۆما میسی هیچ ڕۆڵێكی گه‌وره‌، یان په‌رۆشییه‌كی به‌هێزی بۆ ڕاگرتنی تیپه‌كه‌ وه‌كو پاڵه‌وانی ئیسپانیا نه‌بێت، ئه‌و به‌ باشی له‌وه‌ ده‌گات گه‌یشتن به‌ هه‌موو نازناوه‌كان له‌ ڕێڕه‌وی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانه‌وه‌یه‌. دیاره‌ داڕمانی لایه‌نی ده‌رونی تیپه‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیا به‌ ئاسانی نایه‌ته‌وه‌ جێگای خۆی، كه‌ تا ئه‌م كاته‌ش زۆرینه‌ی ڕۆژنامه‌ گه‌وره‌كانی ئیسپانیا خۆیان خزاندۆته‌ پاڵ ئیشبیلیا و دووپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ڤالڤێردی كه‌مترین تێستی بۆ توانای ئه‌ستێره‌كانی وێنه‌ی: (دیمبلی، دیسن سوارێز) كردووه‌ و زۆرترین كات یه‌ده‌گیان ده‌كات، وه‌كو كارتێكی لاوازیش به‌كاریان ده‌هێنێت، بۆیه‌ میسی ناچاره‌ له‌و ڕاهێنه‌ره‌ لۆكالییه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌ و هیچ ڕێگا چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نییه‌.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر