ته‌نیا گرفتی كۆنتی میسیه‌

نوسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژوو بكه‌ین یانه‌ی چێڵسی گرفتی یاریكردنی له‌ كامپانۆدا زۆر نییه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی دیماتیۆی ئیتاڵی له‌ ساڵی (2012) به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ئه‌ركی ڕاهێنه‌رایه‌تی تیپه‌كه‌ی گرته‌ده‌ست، یانه‌ی ناوبراو هه‌موو ئه‌م كێشانه‌ی ئێستای هه‌بوو، كه‌ تیپه‌كه‌ هه‌یه‌تی، له‌ به‌رامبه‌ردا پیپ گواردیۆلا و ستاره‌كانی له‌ ڕۆژانی زیوینی ته‌مه‌نیاندا ده‌ژیان.

ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی ده‌توانم به‌وجۆره‌ باسی بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌سه‌ر تیپه‌كه‌یدا زاڵبێت ده‌ستی بۆ هه‌موو پایه‌كانی تیپه‌كه‌ی برد، گرفتی له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ ئه‌ستێره‌كاندا دروستكرد، كه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی بوون بۆ بردنه‌وه‌ی خولی ئینگلیزی، له‌ سه‌رویانه‌وه‌ (دیگۆ كۆستای) هێرشبه‌ر و گۆڵكاری یانه‌كه‌.

كۆنتی له‌كاتی ئاماده‌كاری وه‌رزی ئه‌مساڵ بۆ پرێمه‌رلیگ نامه‌یه‌كی بۆ كۆستا نارد، ئه‌وكاته‌ ئه‌و له‌ كه‌مپی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیابوو، پێی ڕاگه‌یاند: چیتر كۆستا له‌ كارنامه‌ی پلانی یاریكردنیدا نییه‌، ئه‌مه‌بووه‌ نوخته‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كان و به‌شێك له‌ یاریزان و ستافی به‌ڕێوه‌بردن نیگه‌ران و نا ئومێدبوون له‌و بڕیاره‌، باشترین كارێك تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و سزادانی ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌بوو له‌كاتی یارییه‌كاندا، هه‌ر بۆیه‌ بینیمان یانه‌ی بلوزی پاڵه‌وانی وه‌رزی پێشوو ئینگلته‌را تووشی له‌رزینێكی گه‌وره‌ هات، كه‌ دواتر كۆنتی هه‌رچی ده‌كرد، یان به‌ هێنانی (جیرۆ و مۆتا) نه‌یتوانی قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌كانی بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی له‌ تیروپشكی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا ڕووبه‌ڕی به‌رشه‌لۆنه‌ بوونه‌وه‌ كه‌مێك بارودۆخه‌كه‌ گۆڕا.

له‌ دوو یاریی ساڵی (2012)دا دیماتیۆ دوو كاری گرنگی كرد، تا سه‌ركه‌وتنی تێدا ده‌سته‌به‌ر بكات. یه‌كه‌م: گۆشه‌گیركردنی میسی و دابڕانی له‌ یارییه‌كه‌. دووه‌م: پشت به‌ستن به‌ تۆپی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی خێرا و زوو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیوه‌ یاریگای خۆیان، كه‌ هه‌ر به‌وجۆره‌ توانیان ببنه‌ پاڵه‌وانی خوله‌كه‌، له‌ كاتێدا ئاستی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر جیاوازتره‌ له‌وه‌ی گواردیۆلا. یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ ئاسانتر و باشتره‌ له‌ یاریگای نووكامپ، چونكه‌ ئه‌و تیپه‌ له‌ ڕووبه‌ری گه‌وره‌دا ده‌توانن به‌ باشی هه‌وا هه‌ڵبمژن و به‌ كراوه‌ی یاریی بكه‌ن، یاخود زوو تیپی ڕكابه‌ر ناچار ده‌كه‌ن له‌ شوێنه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان بێنه‌ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی بچووكی یاریگاكانی ئینگلته‌را یاریزانه‌كانی ئه‌و خوله‌ (90) خوله‌ك به‌بێ‌ وه‌ستان ده‌توانن ڕابكه‌ن، به‌ڵام له‌ یاریگای به‌رشه‌لۆنه‌ به‌هۆی گه‌وره‌یی و پانییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ ئاسته‌مه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژی پێشوو ئینێستا نیوه‌ی مه‌شق و ڕاهێنانه‌كانی ئه‌نجامدا و گومان هه‌یه‌ له‌ به‌شداریكردنی، به‌ڵام له‌كاتی به‌شداریكردنی ژماره‌یه‌كی قورس ده‌بێت له‌ په‌نای هێرشبه‌ره‌كان، كه‌ من پێم وایه‌: “هه‌ر یاریزانێك تۆپی ئینیستای پێگه‌یشت و گۆڵی پێنه‌كرد، ئه‌وه‌ به‌دبه‌خته‌ له‌ یاریی تۆپی پێدا”. ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن ئێستا كه‌متر ده‌توانێت جیاوازی كێشه‌كانی به‌رده‌م گۆڵی ڕكابه‌ر له‌ دروستكردنی ده‌رفه‌ت كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ نزیكی و هه‌ماهه‌نگی (پاولینهۆ و گومێز) پێم وایه‌ ڕیتمی یاریی بلوز تا ئه‌ندازیه‌ك له‌ خێرایی په‌كده‌خه‌ن، له‌ كاتێكدا ئیدین هازارد له‌وێدا بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ یاریی پێشوو كۆنتی وه‌كو یاریزانی ئازاد و هێرشبه‌ر پشتی پێده‌به‌ست، ئه‌میش له‌گه‌ڵ ویللیان ده‌بنه‌ دووانه‌یه‌ك پێوسته‌ ناوه‌ڕاستكار و به‌رده‌مه‌كانی به‌رشه‌لۆنه‌ به‌ ئاسانی تێیان نه‌ڕوانن، به‌ تایبه‌تی به‌ڕازیلیه‌كه‌ خاوه‌نی گۆڵێك و دوو تۆپه‌ به‌ ستوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها بوونی میسی ده‌توانێت له‌پاڵ سوارێز جیاوازییه‌كان بگۆڕێت بۆ گۆڵكردن، یان دروستكردنی نیوه‌ هێرش و فیریوودانی به‌رگریكرانی ڕكابه‌ر، كه‌ له‌ یاریی پێشوو ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌ ڕاگرتنی خزمه‌ته‌كانی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ به‌ هاوڕێكانی، تا ئێستایش به‌بێ‌ چاره‌سه‌ری ته‌كتیكی ئه‌و بابه‌ته‌ ماوه‌ته‌وه‌.

كۆنتی بۆ ئه‌وه‌ی باڵانسی یاریی له‌ گێمی دووه‌م ڕابگرێت، یاخود ئاستی تیپه‌كه‌ی له‌ گرفتی جه‌سته‌یی بپارێزێت پێویسته‌ له‌ گۆڕانگاری (بدل) نه‌ترسێت، كه‌ له‌ یاریی پێشوو زۆر دره‌نگ یارمه‌تی تیپه‌كه‌یدا له‌و باره‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌گه‌ری یه‌كسان بوون و درێژبوونه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ بۆ گێمی زیادكراو، نوخته‌ی هێزی چێڵسی زیاتره‌، چونكه‌ هه‌م یه‌ده‌گنشینی باشی هه‌یه‌، هه‌م یاریزانه‌كانی له‌ خاڵی لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان به‌هێزترن، كه‌ ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌رشه‌ له‌ 33%بووه‌ له‌ پێشوودا.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر