نهێنییەکانی کۆبوونەوەی خلێفی لەگەڵ نێیمار و باوکی ئاشکرا دەکرێت

یاریگا

دوای ئەوەی ناسڕ خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ بینینی نێیمار سەردانی بەڕازیلی کرد و لەگەڵ یاریزانەکە و باوکی کۆبووەوە، ڕۆژنامەیەکی ئیسپانی ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانی ئاشکرا کرد.

ڕۆژنامەی (ماڕکا)ی مەدریدی بڵاویکردوەتەوە کە خلێفی بە یاوەری (ئەنتیرۆ هەنریکی)بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی پاریس سان جێرمان و جیم ماریسال بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یانەکە چوونە بۆ ماڵەکەی نێیمار لە بەڕازیل و دانیشتنێکی تایبەتیان ئەنجام داوە، کە تێیدا بابەتی پێکانی یاریزانەکە و داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ پاریس قسە و باسی هەرە زۆری دانیشتنەکە بووە، بە پێی ڕۆژنامەکە،  نێیمار ڕایگەیاندوە کە هیچ کێشەیەک لەگەڵ پاریس سان جیرمان نییە و بۆ وەرزی داهاتووش یاریزانەکە لەپڕۆژەکەی پاریس بەردەوام دەبێت و هیچ شتێکیش لەسەر دەنگۆی ڕۆیشتنی ئەو بۆ ریاڵ مەدرید نییە، هەروەها نێیمار بە سەرۆکی یانەکەی گوتوە کە گەشبینە بەوەی بتوانێت زوو لە پێکانەکەی چاک ببێتەوە و بۆ یاریگاکان بگەڕێتەوە.

هەروەها لە هەواڵەکەدا هاتوە کە خلێفی خوانی ئێوارەی لەگەڵ نێیمار و باوکی خواردوە و دانیشتنەکان ئەرێنی بوون، بۆیە خلێفی بە دڵخۆشی و ئاسوودەیی دوای ئەو دانیشتنە دەرکەوتوە.

ئاشکرایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بە تایبەتی دوای چوونە دەرەوەی پاریس سان جێرمان لە چامپیۆنزلیگ، دەنگۆی ڕۆیشتنی نێیمار لە پاریس و گەڕانەوەی بۆ لیگای ئیسپانیا بوو بە باس و خواسی میدیا جیهانییەکان، هەر ئەوەش سەرۆکی پاریس سان جێرمانی ناچار کرد کە گەشتی بەڕازیل بکات و ڕاستی ئەو دەنگۆیانە دەربخات.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر