بەبۆنەی ڕاپەڕینی ھەولێر ماراسۆنێکی گەورە بەڕێوە دەچێت

یاریگا

بڕیار وایە سبەی یەکشەممە 11/3/2018، لە یادی راپەڕین و ڕزگارکردنی ھەولێر لە چنگ دیکتاتۆریەتدا، ماراسۆنی (ئاشتیی کوردستان) بەڕێوە بچێت، کە ماراسۆنەکە بە دروشمی (بەرەو ئاشتی) ئەنجام دەدرێت.

ئەو ماراسۆنە بۆ ئاشتی، برایەتی، تەبایی و  ئاشتەوایی نیشتمانی، ھەروەھا بەبۆنەی ساڵیادی ئازادکردنی شاری ھەولێر و ڕاپەڕینی بەھاری 1991، لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت.

لەم بارەیەوە کارۆخ ساڵح، کە لە دەستەی باڵای ماراسۆنەکەیە، بۆ ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: “سبەی یەکشەممە 11/3/2018 بۆ یەکەمجار ماراسۆنی ئاشتیی نێودەوڵەتیی کوردستان ئەنجام دەدەین، لەم ماراسۆنە نێودەوڵەتییەدا، ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە ھەردوو ڕەگەز، ھەروەھا نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی بەشداری دەکەن، لە پێناوی تەبایی و ئاشتی و ھاوژیانی ڕادەکەن، ھەردوو رێکخراوەکەش لە رێگەی وەرزشەوە پەیامی برایەتی و تەبایی و ئاشتی و پێکەوەژیانی بە ھەموو جیھان دەگەیەنن”.

گوتیشی: “جۆری ڕاکردنەکان: 21 کم (نیو ماراسۆن)، 5 کم (ڕاکردنی خێزانی)،  2 کم (بۆ منداڵان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت)، ئەمەش ھەنگاوی یەکەمە لە وەرزی چالاکییەکانی ماراسۆنی ئاشتیی کوردستاندا”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەم ماراسۆنە بەگوێرەی ستانداردی جیھانییە، چونکە نیو ماراسۆنی 21 کم لەخۆ دەگرێت و بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیی گەلی کوردستان بە ھەموو جیھان، ھاووڵاتییان و ھەوادارانی وەرزش و ئاشتی، دەتوانن لە ڕێگەی بەشداریکردن لە یەکێک لەم ڕاکردنانەدا پەیامی خۆیان بگەیەنن.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر