خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵه‌كانی زێدان بۆ یارییه‌كانی ڕیاڵ

 

نووسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

هه‌ركاتێك ڕۆناڵدۆ یاریی نه‌كات تیپی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید ده‌كه‌وێته‌ نێو هه‌ڵه‌ی ته‌كتیكی و له‌ ده‌ستدانی هۆش و سوود وه‌رنه‌گرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌كات، هه‌روه‌ها به‌رگری و هێرشبه‌ره‌كان خاو یاریی ده‌كه‌ن له‌ گه‌یاندنی تۆپه‌كان به‌ یه‌كتری، كه‌ ئه‌مه‌ش شه‌وی پێشوو له‌ یاریی ئیسپانیۆل به‌ڕوونی به‌دیده‌كرا، له‌ هه‌مانكاتدا زێدانی ڕاهێنه‌ر یاریی به‌ (كاسمیرۆ و كارڤاخال) نه‌كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سیانه‌ (مارسیلۆ و كرۆس و مۆدریج) به‌هۆی پێكانه‌وه‌ ناوه‌ڕاستی تیپه‌كه‌یان چۆڵكردبوو، به‌م بڕیاره‌ی زیزۆ نا هاوسه‌نگی و لێكترازانێكی هونه‌ری گه‌وره‌ی له‌ تیپه‌كه‌یدا دروستكرد، ڕیاڵێكی گه‌وره‌ی به‌ هه‌یبه‌تی هێنابووه‌ هاوشانی كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیا، وه‌ك بڵێی لالیگای به‌ ته‌واوی بۆ یانه‌ی بلوگرانه‌ چۆڵكرد، سه‌ره‌تای یارییه‌كه‌ نه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی یاریگا دروستكار و نه‌ له‌ لاكانه‌وه‌ كه‌سێكی نه‌بوو گه‌مارۆ و گوشار بخاته‌ سه‌ر هه‌ڵگری تۆپه‌كان و یاریی دروست بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا ڕاهێنه‌ری ئیسپانیۆل (سانچێز فلۆریس) له‌ ماوه‌ی (90) خوله‌ك له‌ ڕێگای خستنه‌ ناوه‌وه‌ی (باستیبان گرانیرۆ) توانی زیاتر تۆپه‌كان لای خۆیان بهێڵنه‌وه‌ و پاساتی پێوه‌ بكه‌ن، یان به‌ به‌رده‌وامی ڕووبه‌رێكی زۆری یاریگایان هه‌بوو تێدا یاریی بكه‌ن و تۆپ بخه‌نه‌ پشتی به‌رگری ڕیاڵه‌وه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی زێدان ته‌نیا ستارێكی هه‌بێت مامه‌ڵه‌ بكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵگری تۆپه‌كانی یانه‌ی ڕكابه‌ر.

بڕیاره‌كه‌ی زَیدان بۆ دوورخسته‌وه‌ی پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تیپه‌كه‌ی به‌ بیانووی پاراستنی گیانی هه‌ندێكیانه‌ بۆ یارییه‌كه‌ی پاریس، به‌ڵام بوونی بنزیما له‌ ناوچه‌ی هونه‌ری ده‌ریده‌خات ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ به‌كه‌م ده‌یڕوانیه‌ ئاستی تیپی به‌رامبه‌ر، له‌ كاتێكدا كه‌ریم له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی پێشوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئاستی جارانی و یارییه‌كی به‌ كۆمه‌ڵی باش ده‌كات، هه‌روه‌ها بێڵ دوای ئه‌وه‌ی زیزۆ شوێنی یاریكردنی گۆڕی ئاستی خراپ بوو، به‌ڵام به‌م دواییه‌ له‌ ڕاستی یاریگا گواستییه‌وه‌ بۆ چه‌پ، زۆرێك له‌ گوشار و بینای هێرشه‌كانی بۆ ڕۆناڵدۆ و هاوڕێكانی دروست ده‌كرد، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ژێر چاودێری تیپی ڕكابه‌ره‌وه‌، به‌ڵام شه‌وی پێشووتر به‌ بوونی (ئه‌سێنسۆ، فاسكێز، ئیسكۆ) تیپی مه‌له‌كی به‌هۆی گه‌مارۆدان و گوشار دروستكردن و بچووككردنه‌وه‌ی ڕووبه‌ری یاریگاكه‌ لێیان، بۆ ته‌نیا جارێك ترسیان نه‌خسته‌ دڵی گۆڵپارێزی ئیسپانیۆله‌وه‌، كه‌ پێشتر زێدان پێی وابوو ئه‌م سیانه‌ هه‌موو یارییه‌ مام ناوه‌نده‌كان وه‌كو یارمه‌تی بۆ یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌توانن سه‌ركه‌وتن ده‌ستبه‌ربكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ بژارده‌كه‌ی هه‌ڵه‌بوو، كه‌چی دوای ده‌ركردنی ئیسكۆ له‌ یارییه‌كه‌ زیاتر پانتایی ناوه‌ڕاستی مه‌یدانی دایه‌ تیپی دژبه‌ر، یان یانه‌ی مه‌له‌كی به‌بێ‌ دروستكاری یاریی ڕاسته‌قینه‌ ماوه‌یه‌وه‌، به‌وه‌ش تارمایی دۆڕاندنی مێره‌نگی ده‌ركه‌وت، چونكه‌ هێرشه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و خێره‌كانی ڕكابه‌ر وایكرد بۆشاییه‌كی زۆر به‌بێ‌ چادوێری له‌لایه‌ن (حه‌كیمی و ناچۆ و ڕامۆسه‌)وه‌ دروست بێتـ، له‌ كۆتایدا ئیسپانیۆل له‌ ڕێگای یاریزان (جێرارد مۆرینۆ)وه‌ بزماری خۆی له‌سه‌ری زێدان كوتی، به‌وه‌ش ده‌ركه‌وت خوێندنه‌وه‌كانی زێدان تا ئێستا هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه‌ به‌ تایبه‌تی له‌كاتی نه‌بوونی كاسمیرۆ به‌رگری تیپه‌كه‌ی حاڵێكی یه‌كجار شڕ و لاوازیان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و ستاره‌ به‌ڕازیلییه‌ لێهاتووانه‌ ده‌توانێت قورسایی تیپی به‌رامبه‌ر له‌ قوڵایی یاریگادا دابخات، به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆڤاسیجه‌وه‌، هه‌روه‌ها كاسمیرۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شوێنی یاریكردنی سنوورداره‌، به‌ڵام زۆربه‌ی هێرشه‌كانی ڕیاڵ ئاماده‌گی هه‌یه‌ بۆسه‌ر تیپی دژ، وه‌كو ده‌ڵێن: “یاریزانی بۆكسه‌ بۆناو بۆكس”.

به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆڤاسیچه‌وه‌، كه‌ زیاتر ڕۆڵی ڕێكخستنی یاریی ده‌بینێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ش وایكردووه‌ ڕاهێنه‌ری ناوبراو خوێندنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی باشی نه‌بێت بۆ پاراستنی پلانی یاریكردن و ده‌ستنیشانكردنی پێكهاته‌ی بنه‌ڕه‌تی و یه‌ده‌گه‌كان، تا وایلێهات بۆ جاری یه‌كه‌م له‌دوای ساڵی (2005) ڕیاڵ گۆڵ له‌ ئیسپانیۆل نه‌كات و شوێنی زۆر یاریزانیش به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر