بۆ تازەکردنەوەی گرێبەستی ئۆمتیتی بارسێلۆنا ڕووبەڕووی دوو تەگەرە دەبێتەوە

یاریگا

کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا بۆ تازەکردنەوەی گرێبەستی (ساموێل ئۆم تیتی) بەرگریکاری یانەکە تووشی کێشە دەبێت و لە لەدەستدانی بەرگریکارە فەرەنسییەکەی دەترسێت.

ڕۆژنامەی (سپۆرت)ی کەتەلۆنی لەم بارەیەوە بڵاویکردوەتەوە، کە بەرگریکارە بە ئەسڵ کامیرۆنییەکە کە ڕەگەزنامەی فەرەنسی هەیە و بۆ هەڵبژاردەی کەڵەبابەکان یاری دەکات، مەرجی شکاندنی گرێبەستەکەی بە بەراورد بە نرخەکانی ئەمڕۆ کەمە و تەنها 60 ملیۆن یۆرۆیە، بۆیە بردنی لە لایەن یانە گەورەکانی ئەوروپا بە شکاندنی گرێبەستەکەی کارێکی ئاسان دەبێت، لە هەمان کاتدا دەستپێکی مۆندیالی روسیا لە هاوینی داهاتوو لەگەڵ ئەگەری درەوشانەوەی ئۆم تیتی بارسای لەوە نیگەران کردوە یاریزانەکە لە لایەن یانەی زیاتر داوا بکرێت و داواکارییەکانی زیاد بکات.

بە پێی ڕۆژنامەکە یانەکە قسەی لەگەڵ بریکاری ئۆمتیتی کردوە و ئەویش داوای کردوە مووچەی ساڵانەی یاریزانەکە بۆ 6 ملیۆن یۆرۆ بەرز بکرێتەوە، ئەوەش تەگەرەیەکی دیکەیە بۆ بارسێلۆنا کە هەوڵ دەدات بە زوترین کات بەرگریکارەکەی لە تەماعکاری یانە زلهێزەکانی دیکەی ئەوروپا بپارێزێت و گرێبەستێکی تازە لەگەڵ ئۆمتیتی واژۆ بکات کە تا ساڵی 2024 یاریزانەکە لە کامب نو بهێڵێتەوە.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر