ڕێگە بە مارادۆنا نادرێت بچێتە وڵاتی ئەمەریکا

یاریگانێت- دیگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی تۆپی پێی جیهان و ئەرژەنتینی پاڵەوانی جامی جیهانیی مۆندیالی ۱۹۸٦، لەسەر هێرش کردنە سەر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڤیزای چوونە ئەو وڵاتەی پێ نادرێت.

مارادۆنا کە پێویست بوو بۆ کەیسی پەیوەست بە هاوسەری پێشووتری، کلاودیۆ ڤیلافانێ، ئامادەی دادگای ویلایەتی میامی بێت، چوونە ئەو وڵاتەی لێ قەدەغە کرا.

هۆکاری ڕێگری لێکردنەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر مارادۆنا لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی کەناڵی (تێلەسور)ی ڤەنزەوێلیدا، سەرۆکەکەی ئەمریکای بە “بووکەشووشە” ناوزەد کردبوو.

“بووکەشووشە” زاراویەکی باوە لە زمانی بازاڕیی وڵاتی ئەرژەنتین و کیشوەری ئەمەریکای باشوورە، وەک سووکایەتییەک بەو کەسانە  دەوترێت کە چەشنی بووکەشووشە لە ژێر فەرمانی ئەم و ئەودابێت.

مارادۆنا کە لە ئێستادا ڕاهێنەری یانەی ئەل-فوجەیرەی ئیماراتییە، پێشتریش ڕێگری لێکراوە بۆ سەردانی کردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان. بۆ کەیسی ئەمجارەش، ماتیاس مۆرلا-ی پارێزەری دەچێتە بەردەم دادگا و لەبری مارادۆنا وتەکانی لێ وەردەگیردرێت.

لە مۆندیالی ۱۹۹٤ی وڵاتی ئەمەریکا، بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەرمانی یاساغەوە، مارادۆنا لەو وڵاتە و لە مۆندیالیش دەرکرا و سڕ کرا.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر