یارا مینا ده‌ناسن، یان ده‌زانن بۆچی به‌رشه‌ كڕیویه‌تی؟

0

نووسینی:- هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

پێم وایه‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ هێنانی به‌رگریكار مینای كۆڵۆمبی هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌، كاتێك ته‌ماشای گرێبه‌سته‌كه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ (23) ساڵه‌ ده‌كه‌یت، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت هێنانی ئه‌م ستاره‌ لاتینییه‌ بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ و نیو له‌ یانه‌ی پالمێراسی به‌ڕازیلییه‌وه‌ خۆی له‌ خۆیدا په‌رده‌ پۆشكردنی جێگاكه‌ی ماسكرانۆ و خوێنی تازه‌یه‌ بۆ به‌رگی بلوگرانه‌.

یارا مینا تاكه‌ ئه‌ستێره‌ی كیشوه‌ری لاتینه‌ كه‌ زۆر به‌وردی به‌شداری له‌ تۆپه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی به‌رگری ده‌كات، هه‌روه‌ها باڵای (1،95) سم كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ لێدانی گۆڵكردن به‌سه‌ر به‌هره‌ی زۆر هه‌یه‌. مینا نایابه‌ كه‌ لایه‌نی بیر و هۆشی به‌رزه‌ له‌ یاریگادا، بێجگه‌ له‌وه‌ توانایه‌كی ته‌كنیكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ ڕێگا به‌ ڕه‌كه‌به‌ره‌كانی نادات بێنه‌ سه‌ر گۆڵچی تیپه‌كه‌ی، یان به‌خێری به‌رپه‌رچیانده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌یانی له‌ وڵاتی به‌رازیل به‌ سه‌ركه‌وتووی تێیپه‌ڕاند. مینا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی هێشتا بچوكه‌ و كامڵ نییه‌ به‌ ته‌نیا به‌رگری له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ بكات، به‌ڵام كاتێك ته‌ماشای یارییه‌كانی ده‌كه‌یته‌وه‌، هه‌ست ناكه‌ی ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ به‌و كه‌می ته‌مه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ لێهاتووبێت به‌رامبه‌ر به‌ هێرشبه‌ران، یاخود به‌لاته‌وه‌ سه‌یره‌ ئه‌م ستاره‌ چه‌نده‌ لێوه‌شاوانه‌ ئه‌و تۆپه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ر گۆڵی تیپه‌كه‌ی به‌ ئاستی ده‌یخاته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا.

هه‌ندێك به‌رگریكار ناو بانگی باش و یانه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه‌، كه‌ تێدا یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی جار به‌هۆی هه‌ڵچوون و په‌ستانی یارییه‌كان تووشی چه‌ندین گرفتی هونه‌ری ده‌بن، به‌ڵام له‌ هه‌مووی خراپتر ته‌رككردن و ده‌ركردنیانه‌ له‌ یارییه‌كاندا، نموونه‌ی : (ڕامۆس و پیپی)…هتد، كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یارا مینا له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی پێشووی یاریكردنیدا ته‌نیا یه‌ك كارتی سووری وه‌رگرتووه‌، كه‌ به‌ بۆچوونی من: “ئه‌وه‌ش بۆ دڵ فراوانی و لێبورده‌ی ئه‌و یاریزانه‌ له‌كاتی یارییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یاخود سه‌لیقه‌ی یاریكردنی له‌گه‌ڵ هێرشبه‌ره‌كان به‌جۆرێكه‌ ته‌نیا ده‌یه‌وێت له‌و گۆشه‌یه‌دا تۆپه‌كه‌ ده‌ستبخات، نه‌ك هه‌وڵی ئه‌وه‌بدات ژماره‌ی زیان و په‌ستانه‌كان له‌سه‌ر تیپه‌كی زیاد بكات”.

به‌وه‌ش ده‌توانم بڵێم: “ئێستا یانه‌ی بلوگرانه‌ بۆته‌ خاوه‌نی ستارێك، كه‌ له‌گه‌ڵ ساتیلی یاریكردنی تیپه‌كه‌دا گونجاوه‌، چونكه‌ ئه‌وان كه‌سێكیان ده‌وێت له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ به‌رگریدا هه‌بێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی فۆكسی زۆر بخرێته‌ سه‌ر”.

مینا سه‌ره‌تا وه‌كو گۆڵپارێز ده‌ستی به‌ یاریكردنكرد، كه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی گۆڵچی بوونه‌، به‌ڵام ئه‌و نه‌ریتی خێزانه‌كه‌ی شكاندو هێڵی به‌رگری هه‌ڵبژارد، كه‌بووه‌ یاریزانی دڵی به‌رگری و چه‌ند مه‌ترێك له‌ گۆڵه‌كه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و ئێستا دوای گه‌یشتنی بۆ ئیسپانیا، بووه‌ ده‌یه‌م یاریزانی كۆڵۆمبی یاریی له‌ خولی ئیسپانی بكات نموونه‌ی: ( باكا، خوانیتۆ، مۆریل،  تۆرێس، جیفرسۆن، جیسۆن موریۆ) له‌گه‌ڵ سیانه‌ی یانه‌ی جیرۆنا (مۆییكا،مۆرینۆ،ئه‌سبینۆزا).

تێبینی: ئه‌م یاریزانه‌ له‌ مانگی ده‌ی ساڵی (2016)ه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی كۆڵۆمبیاوه‌ كردووه‌.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Share.

Comments are closed.