ئەو ۱٠ گرێبەستە سەیرەی کە نزیكبوون لە سەركەوتن

یاریگا – دیگۆ مارادۆنا بۆ شیفیڵد یۆنایتد، زێدان بۆ بلاکبێرن، پیلێ بۆ مانچستەر، ئەو ۱٠ گرێبەستە سەیرەی کە نزیكبوون لە سەركەوت.

1- پیلێ لە ناوەڕاستی شەستەکان نزیکبوو لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید و مان یۆنایتد و یۆڤانتوس. بەڵام لە کۆتاییدا ڕەتیکردەوە سانتۆس جێبهێڵێت.

۲ـ لە ساڵی ۱۹۷۸ مارادۆنا نزیکبوو لە چوونی بۆ یانەی شیفیڵد یۆنایتد. هاری هاسلامی ڕاهێنەری یانەکە لە گەشتێکی بۆ ووڵاتی ئەرژەنتین چاوی بە یاری مەرەدۆنا کەوت، ئەو کات تەمەنی ۱۷ ساڵ بوو. ڕاهێنەرەکە ئامادەکاری تەواوی کرد بۆ ئەوەی بەرامبەر بە ۲٠٠ هەزار پاوەند بیهێنێتە یانەکە. بەڵام دەستەی کارگێڕی یانەکە رەتیانکردەوە ئەو بڕە پارەیە بە هەرزەکارێك بدەن، لەجیاتی ئەوە هەڵسان بەرامبەر بە ۱٦٠ هەزار ئەلێکس سابێلایان کڕی. بۆ وەرزی دواتر شیفیڵد یۆنایتد لە خولی پیشەگەری ئینگلیزی دابەزی.

۳ـ رۆد گۆلێت و پاول گاسکۆنی لە یانەی ئیسپویج نزیکبوون. دوو لە بەهرەمەندترین یاریزانی هەشتاکان نزیکبوون لەوەی لە تەک یەکەوە بۆ یانەی ئیسپویج یاریبکەن. بەڵام بیرکردنەوە هەڵەکەی سیر بۆبی رۆبسۆن وایکرد هیچ کام لەم گرێبەستانە سەرنەگرن. ڕاهێنەرە ئینگلیزیەکە رەفتاری گۆلێتی بە دڵ نەبوو، هەروەها پێیوابوو گاسکۆنی کێشی زیادە.

٤ـ گاسکۆنی لە ۱۹۹۸ زۆر لە یانەی مان یۆنایتد نزیکبوو. دوای ئەوەی نیوکاسڵی جێهێشت، بەڵێنی بە فیرگسۆن دا پەیوەندی بە مان یۆنایتد بکات. ئەو کات فێرگسۆن بۆ گەشتکردن چووبووە ووڵاتی ماڵتا، هەر لەوێ هەواڵی بۆ هات کە ناوبراو چووەتە تۆتنهام.

٥ـ ئیریک کانتونا و شیفیڵد وێدنیسدەی. کانتونا لە سەرەتای ژیانی وەرزشی یاری بۆ یانەی نیمس دەکرد. لە یاریەکدا بە ئەنقەست تۆپێکی لە ناوبژیوان دا، لەسەر ئەو هەڵسوکەوتەی سزادرا، دوای ئەو سزادانە بڕیاریدا بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت. بەڵام میشێل پلاتینی ئامۆژگاریکرد تا بەردەوامبێت، هەروەها تریڤۆر فرانسیزی ڕاهێنەری شیفیڵد وێدنسدەی قایلکرد کە بۆ تێستکردن بانگی ئەو یاریزانە بکات. لە یەکەم ڕۆژی تێستەکەدا کەشوهەوا زۆر نالەبار بوو، بۆیە فرانسیز داوایکرد جارێکی تر چاوی پێبکەوێت. ئەمەش کاتنونای تووڕەکردو چوو پەیوەندی بە لیدز یۆنایتد کرد.

٦ـ سەرۆکی بلاکبێرن ڕەتیکردەوە لە ۱۹۹٥ پارە بە زێدان بدات. ئەو کات کیلی داگلیش ڕاهێنەری یانەکە بوو و داوایکرد زێدانی بۆ بکڕن. جاک وۆلکەری سەرۆکی یانەکە پێی گووت “بۆچی پارە بە زێدان بدەین لە کاتێکدا تیم شیروودمان هەیە”. سێ ساڵ دوای ئەوە زێدان مۆندیالی بەدەستهێنا و بووە باشترین یاریزانی جیهان.

۷ـ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە ۲٠٠۳ لە لیڤەرپول و ئەڕسینال نزیکبوو. دوای ئەوەی کریستیانۆ بۆ هەڵسەنگاندن چووە یانەی ئەرسینال گووتی ئاشقی ئەو یانەیە بووم. بەڵام ڤینگەر سەرکەتوو نەبوو لە گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ یانەی سپۆرتینگ لیشبۆن. هەر لەو کاتدا لیڤەرپول ٥.۷ ملیۆن پاوەندی بەو لاوە دا و کریستیانۆش بەپەرۆش بوو بۆ لیڤەرپول، ئەو کات لە چاوپێکەوتنێکدا گووتی “لیڤەرپول یانەیەکی مەزنە، هەموو یاریزانێك خەون دەبینێت بەوەی لە یانەیەکی ئاوادا یاری بکات، هیوادارم گرێبەستێکی ئاوا پێشکەشبکەن بۆ من و یانەکەم باش بێت.” کەچی دواتر بەرامبەر بە ۱۲.٥ ملیۆن پاوەند ڕووی لە مان یۆنایتد کرد.

۸ ـ لە ۲٠٠٤ ڕیڤاڵدۆ لە بۆڵتۆن نزیکبوو. ئەوکات ڕیڤاڵدۆ زۆر نزیکبوو لەوەی پەیوەندی بە یانە ئینگلیزیەکە بکات. ڕیڤاڵدۆ گووتی “هەر یانەیەك پارەی زیاترم پێبدات، دەرفەتی زیاترە. بۆڵتۆن یانەیەکی بەهێزە، خاوەن یاریگایەکی خۆشن.” بەڵام ئەو کات سام ئەلەردایس ڕەتیکردەوە ئەو بڕە پارەیەی ئەستێرە بەڕازیلیەکە داوایدەکات پێیبدات. بۆیە ناوبراو پەیوەندی بە خولی قەتەری کرد.

۹ـ کاڤانی و فاڵکاو لە ۲٠٠۹ لە ئەستۆن ڤیلا نزیکبوون. کاڤانی پالێرمۆ و فاڵکاوی ڕیڤەرپلێت بە پەرۆش بوون بۆ خولی ئینگلیزی و مەمنونی ئەستۆن ڤیلا بوون بیانبات. ئەو کات نرخی کاڤانی ۱۲.۸ ملیۆن پاوەند بوو، یانە ئیتاڵیکە بە کەمتریش دەیدا. نرخی فاڵکاویش هەر ٥ ملیۆنێك بوو. کەچی مارتن ئۆنێلی ڕاهێنەر پێی باش بوو هێرشبەرێك بکڕێت ئەزموونی لە پرێمەر لیگ هەبێت، بۆیە ئیمێل هێسکی تەمەن ۳٠ ساڵی هەڵبژارد.

۱٠ـ لیڤاندۆڤسکی و بلاکبێرن. لە ساڵی ۲٠۱٠ یانەی بلاکبێرن گرێبەستێکیان بە بڕی ٤.۲ ملیۆن پاوەند پێشکەش بە یانەی لیک پۆزنان کرد بۆ دەستبەرداربوونی لیڤاندۆڤسکی . هەموو لایەك ڕازیبوون، بەس مابوو لیڤا بچێتە ئینگڵتەڕا و گرێبەستەکە واژووبکات، لەبەر خراپی کەشوهەوا هێرشبەرەکە نەیتوانی گەشتەکە ئەنجامبدات و بەئیمزاکە ڕابگات.ئەلەردایس لە ساڵی ۲٠۱۳ ووتی “هەر جارێك کە دەیبینم ئەو ڕۆژەم بیردێتەوە.

ئا: موحه‌مه‌د ئه‌حمه‌د (رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی).

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر