پلانی کاتیناچۆ چی یە؟

 

ئامادەکردنی:- شاکار خدر عبدالله

پلانی کاتیناچۆ یەکێکە لە پلانەکانی تاکتیکی تۆپی پێ کە بریتییە لە داخستنی ھێڵی بەرگری لە دژی تیپی بەرامبەر و بەکارھێنانی ھێرشی ھەڵگەڕاوەیە بۆ تۆمار کردنی گۆڵ.

مێژووی کاتیناچۆ:-

ئەم پلانە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1930 کاتێک کە ڕاھێنەری نەمسایی کاڕڵ ڕاپێن بۆ یەکەم جار ئەم پلانەی بەکار ھێنا،کاتێک کە ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی سویسڕا بوو،ئەم ڕاھێنەرە بە چوار بەرگریکار یاری دەکرد کە یەکێکیان ڕۆڵی بەرگریکاری سوویپەڕ یان لیبێرۆی دەبینی. دواتر لە ساڵی 1947 بۆ یەکەم جار ئەم پلانە لە ئیتاڵیا بەکار ھات لە لایەن یانەی ترێستیناوە. کە سەرکەوتوو بوو و توانیان پلەی دووەمی خوولی ئیتاڵی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن. دەستپێکردنی ئەم پلانە لە ئیتاڵیا ھۆکاری سەرکەوتنی بەکار ھێنانی بەرگریکاری سوویپەڕ یان لیبێرۆ بوو،بەرگریکاری سوویپەڕ یان لیبێرۆ ئەم بەرگریکارەیە کە لە پشت سێ بەرگریکارەکەی تر یاری دەکات و کاری ئەم بەرگریکارە ڕاست کردنەوەی ھەڵەی سێ بەرگریکارەکەی ترە و وە لە کاتی ھێرش بردن دا دەبێت بە یاریزانی ھێڵی ناوەڕاستی ئیڕتیکاز و پاسی درێژ بۆ ھێڵی پێشەوە ئاڕاستە دەکات. کە ئەم جۆرە بەرگریکارە تەواو دەتوانێت پلانی کاتیناچۆ جێ بە جێ بکات. وە یاریزانێکی ھێرشبەریشیان لە پێش ھێڵی ناوەڕاستەوە دادەنا بۆ ئاڕاستە کردنی پاسی درێژ. بەم شێوەیە کاتیناچۆ تەواو شکڵێکی ئیتاڵیانەی وەرگرت. دواتر لە ساڵی 1960 ڕاھێنەری ئەرجەنتینی ھێلینیۆ ھێرێرا کە بوو بە ڕاھێنەری یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی توانی پلانی کاتیناچۆ جێ بە جێ بکات،کە تەواو سەرکەوتوو بوو بەڵام زۆربەی یارییەکانی 1-0 یان 2-1 دەبردەوە و توانی دوو جار نازناوی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ ئینتەر میلان بە دەست بھێنێت.

شکستی کاتیناچۆ:-

لە مۆندیالی ساڵی 1970 لە یاری کۆتایی دا کاتێک ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە ڕاھێنەرایەتی فێلووچیۆ ڤالکارێچی کە بە پلانی کاتیناچۆ یاریان دەکرد ڕووبەڕووی ھەڵبژاردەی بەڕازیل بوویەوە کە بە ڕاھێنەرایەتی ماریۆ زاگالۆ تەواو بە پلانی ھێرشبەری یاریان دەکرد لەم یارییەدا ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا شکستی ھێنا ھەر ئەم کاتەش ڕاھێنەری ئەرجەنتینی ھێلینیۆ ھێرێرا کە ئەندامی دەستەی ڕاھێنەرانی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو گووتی ئیتر کاتیناچۆ کۆتایی پێھات..

دووبارە درووستکردنەوەی کاتیناچۆ:-

لە مۆندیالی ساڵی 1982 ڕاھێنەری ئیتاڵی ئینزۆ بیارزۆت کاتێک ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو توانی دووبارە پلانی کاتیناچۆ درووست بکاتەوە کە بە شێوەیەکی نوێ پلانەکەی جێ بە جێ کردوو و توانی لە قۆناغی پێش کۆتایی لە بەھێزترین ھەڵبژاردە بباتەوە کە ھەڵبژاردەی بەڕازیل بوو و کە بە تیکی تاکا یاریان دەکرد بەم شێوەیەش کاتیناچۆ بەسەر تیکی تاکا دا سەرکەوت و توانی نازناوی مۆندیال بۆ ئیتاڵیا بەدەس بھێنێت.

کاتیناچۆی مۆدێرن:-

کاتیناچۆی مۆدێرن لە ئەریگۆ ساکی ئیتاڵیەوە دەست پێ دەکات کە ڕاھێنەری یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی بوو. کە توانی پلانی کاتیناچۆ جێ بە جێ بکات و سەرکەوتوو بوو و توانی زۆرترین نازناو بۆ ئەیسی میلان بە دەست بھێنێت،دواتر ئەریگۆ ساکی لە مۆندیالی ساڵی 1994 بوو بە راھێنەری ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و توانی پلەی دووەم لە مۆندیال دا بە دەست بھێنێت. دواتر ئەم پلانە لە ھەموو یانە ئیتاڵیەکان بەکار دەھات. خۆسێ مۆرینھۆ کاتێک کە ڕاھێنەری یانەی پۆرتۆی پۆرتووگالی بوو توانی بە بەکار ھێنانی پلانی کاتیناچۆ خوولی یانە پاڵەوانەکانی ساڵی 2003-2004 بۆ یانەی پۆرتۆی پۆرتووگالی بە دەست بھێنێ. ھەڵبژاردەی یۆنانیش توانی یۆرۆی ساڵی 2004 بەم پلانە بە دەست بھێنێت بەڵام زۆربەی یارییەکانی 1-0 یان 2-1 دبردەوە. ھەڵبژاردەی ئیتاڵیاش توانی مۆندیالی ساڵی 2006 بەم پلانە بە دەست بھێنێت. ئێستاش ئەم پلانە لە لایەن یانە ئیتاڵییەکانەوە بەکار دەھێنرێت.

شێوازی کاتیناچۆ:-

کاتیناچۆ پشت بە بەرگییەکی چڕ دەبەستێت کە لەم پلانە دا کەمترین ھێرش بەر دەبیندرێت. شێوازی مان توو مان واتە یاریزان بۆ یاریزان یان سوویپەڕ یان لیبێرۆ جێ بە جێ دەکرێت. لە پلانی کاتیناچۆ دا پاسی درێژ بەکار دەھێندرێت و یاریزانێک لە ھێڵی ناوەڕاست تایبەت دەبێت بە خاو کردنەوەی ڕیتمی یارییەکە و پشت بە باڵەکانی بەرگری و ھێرش بەری باڵەکان دەبەسترێت.

سوودەکانی کاتیناچۆ:-

پلانی کاتیناچۆ چوونکە بەرگرییەکی چڕە وا دەکات کەمترین گۆڵ تۆمار بکات و تیپی بەرامبەر زۆر ماندوو دەکات و ھێرش بەرانی تیپی بەرامبەر تووشی کێشەی ڕووبەری یاری کردن دەکات و کەمترین ڕووبەری یاریکردنیان بۆ دەھێڵێتەوە.

زیانەکانی کاتیناچۆ:-

پلانی کاتیناچۆ پلانێکی بەرگری چڕە ھەر بۆیە وا دەکات کە ھەردوو تیپەکە کەمترین گۆڵ تۆمار بکەن و ئەنجامی گەورەی تێ دا تۆمار ناکرێت یان ئەنجامی گەورەی بە دەگمەن تێ دا تۆمار دەکرێت. پلانی کاتیناچۆ کەم ترین چێژ بە بینەر دەبەخشێت چوونکە بە پاسی درێژ یاری دەکەن و ڕیتمی یاری خاو دەکەنەوە.

نەخشە پلانی کاتیناچۆ:-

دەکرێت ھەموو نەخشە پلانەکان یان زۆربەی نەخشە پلانەکان لەگەڵ پلانی کاتیناچۆ دا بەکار بھێندرێت بەڵام لە کاتیناچۆی مۆدێرن دا زحربای کاتەکان نەخشە پلانی 5-3-2 و 3-5-2 بەکار دەھێندرێت بۆ ئەوەی بە ئاشانی بتوانن بەرگرییەکی چڕ بکەن و ھێرشی ھەڵگەڕاوە و پاسی درێژ ئەنجام بدەن و ڕیتمی یاری خاو بکەنەوە.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر