بە وێنە .. گۆڵپارێزەکەی سەیدسادق پەیامێک بۆ باوکی دەنێرێت

بەوێنە؛باوکێک 95 خولەک بە دیار کوڕەکەیەوە دەبێت 
 یاریگا/ ئاکۆهەولێری
لەگەڕی دووەمی خولی یانەپلەیەکانی کوردستان و لەکۆمەڵەی دووەم یانەی سەیدسادق بەئامادەبونی هەشت هەزارهاندەر دوێنێ ئێوارە میوانداری یانەی دەربەندیخانی کرد و یاریەکەش لەبەرژەوەندی دەربەندیخان بەگۆڵێکی بێ بەرامبەر کۆتایی هات.
ئەوەی جێی سەرنج بوو لەم یاریە ئامادەبوونی باوکی (ئارام حوسێن) ی گۆڵپارێزی یانەی سەیدسادق بوو، کە بەپەرۆشەوە بەدیار یاریەکە وستاوە و چاوەڕێی بردنەوەی یانەی سەیدسادق و پاڵەوان بوونی ڕۆڵەکەیی دەکرد، بەڵام دواساتی یاریەکە کاتێکی کوشندە بوو بۆیان چونکە یانەی دەربەندیخان گۆڵی سەرکەوتنی تێداتۆمارکرد و یارییەکەیان بردەوە، ئارام حوسێن گۆڵپارێزی یانەی سەیدسادق لە لێدوانێکی تایبەت بەیاریگانێت بەم شێوەیە باسی باوکی دەکات و پەیامێکی بۆ دەنێرێت (باوکە گیان هیچ شتێکم نیە بتوانم لەدڵەوە بۆتی دەربکەم،  تا پێناسی تۆی پێبکەم، ویستمان تۆ و هاندەرانیش دڵخۆش بکەین،  بەڵام بەداخەوە دڵتەنگمان کردن، زۆر ئازار دەکێشم کاتێ وا بەدڵتەنگی دەتبینم، تۆ 95 خولەک وەستاوی تاکو ئێمە بەسەرکەوتویی ببینی،  بەڵام لێمان ببوورە کە نەمانتوانی دڵخۆشتان بکەین) ئارام لە درێژەی قسەکانیدا  هاندەرانی لەوە دڵنیا دەکاتەوە کە تا دواساتەکانی خولەکە دەجەنگن لە پێناو سەرکەوتنی یانەی سەیدسادق بۆ ڕیزی یانە پلەنایابەکانی کوردستان، هەرچەندە درکی بەوە کرد کە دەرفەتەکە ئەستەمە و قورسە بەڵام مەحاڵ لە تۆپی پێ نیە و بۆیە هەموو هەوڵی بۆ دەدەن.
یانەی سەیدسادق کە بە پالپشتی هەزاران لە هاندەرانی سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیەوە ڕاکێشاوە، دووەم یاری لەسەریەک دۆڕاند لەخولەکە و تاکو ئێستا بێ خاڵە و ئەمەش هاندەرە سەرسەختەکانی یانەکەی تاڕادەیەک دڵتەنگ کردووە و یاری داهاتوشیان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان دەبێت، کاتێک ڕووبەڕوی یانەی کفری دەبنەوە،  کە کفریەکان لەدوویاری ڕابردوو خاوەنی شەش خاڵن و دوو سەرکەوتنیان تۆمار کردوە.
باوکی گۆڵپارێزەکە .. کاتێک لە سووچێکی  چاودێری یاری کوڕەکەی دەکات

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر