بەرپرسی شکستەکان تەنها زێدان نیە

نوسینی: توانا سیوەیلی (رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی)

یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی کە یەکێکە لە یانە گەورە و زلهێزەکانی ئیسپانیا و جیهان، لە م وەرزەدا نەیتوانیوە ئاستێکی وەها نمایش بکات، کە دڵی هاندەرانی یانەکەی خۆش بکات ، یانەکە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی ناجێگیردایە، کە ئاستی وەک پێویست نیە لە خولی تۆپی پێی ئیسپانیا ناسراو بە لالیگا، ئەنجامەکانی زۆر خراپن بە تایبەت لەم سێ یارییەی دواییدا لە 9 خاڵ 8 خاڵی لەدەست داوە و لە کلاسیکۆ دۆڕا لەناو یاریگا و هاندەرانی خۆی، لە یاری شەوی ڕابردووشدا لە ناو سانیاگۆ بێرنابیۆ 3خاڵی تری لە دەستدا بەرامبەر ڤیاڕیاڵ.

لە ئێستادا یانەی ڕاڵ مەدرید پلەی چوارەمی ڕیزبەندی لالیگای گرتووە و بە جیاوازی 19 خاڵ لە دوای بەرشەلۆنەی ڕکابەری هەمیشەیەوەیەتی، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاش بە پلەی دووەم سەرکەوت بۆ قۆناغی شانزە .

زۆر لە شارەزایان و ڕۆژنامەنوسان و میدیکارانی وەرزشی پێیان وایە بەرپرسی سەرەکی ئەم ئاستە خراپەی ئێستای ڕیاڵ مەدرید زەینەدین زێدانی ڕاهێنەر لێی بەرپرسە، بەڵام بە کورتی لە سەرەتای وەرزەوە باسی باروودۆحی ڕیاڵ مەدرید دەکەم، کە ناکرێت تەنها زێدان بە بەرپرس لەو ئەنجامانە دابنێین، ڕاستە ئێستا کە وەرزی گواستنەوەی زستانەی یاریزانانە یانەی ڕیاڵ مەدرید هیچ یاریزانێکی نەکڕیوە، ئەمەش لە سەر داوای زێدانی ڕاهێنەرە کە دەڵێت یاریزانەکانی زۆر باشن لە ئێستادا پێویستی بە یاریزانی تر نیە .

هۆکاری ئاست خراپی ئەمساڵی ڕیاڵ مەدرید من دەڵیێم تەنها زێدان نیه و ناشبێت ئەوەمان لە بیربچێت کە زێدان لە دوو ساڵدا چەندین نازناوی گرنگی بۆ ڕیاڵ مەدرید بۆدەست هێنا و خەرمانی نارناوەکانی ڕیاڵ مەدریدی ‌زیاتر کرد ، بۆ دەبێت ئەنجامە خراپەکانی ئەمساڵ هەمووی لە ئەستۆی زیزۆ بێت ، لە سەرەتای وەرز ڕۆناڵدۆ بۆ 5 یاری ڕاگیرا و سێرجۆ ڕامۆس 2 جار بەهۆی کارتی سوور سزا درا، کە کاریگەرییان کردە سەر ئاستی یانەکە، کەریم بنزیمەی هێرشبەر ئاستی زۆر دابەزیبوو ، پێکانی دورو و درێژی گاریس بەیڵ کە یەکێکی تربوو لە هۆکارەکان، مارسیلۆ و کارفاخاڵ ئاستیان وەک ساڵی پار نیە و ڕۆڵیان نەماوە لە دروستکردنی گۆڵ لە باڵەکانەوە، مۆدریچ و کروس وەک پێویست نین، ئیسکۆ زیاتر بۆ خوی یاری دەکات کە خەریکە بە تەواوەتی کوتلەبازی دەکات، هەموو یاریزانان بەرپرسن نەک تەنها زێدانی ڕاهێنەر .

ئیدارەی یانەکە و فلۆرینتۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەش بەشێکن لە هۆکارەکان، چونکە وا چەند ڕۆژێک بەسەر گواستنەوەی زستانە تێ پەڕیوە هیج یاریزانێکیان نەکڕیوە کە جێی ئومێد بێت و هیوا بۆ هاندەران بگەڕێننەوە، چونکە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە هۆی هەڵکشانی تەمەنی پێویسته بیر لە بەدیلی ئەو یاریزانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی شکۆ بۆ مێرنگی و قەڵای سپی بگەڕێتەوە .

شتێکی تر کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم دوورخستنەوەی زێدان لە ئێستادا لە ڕاهێنەرایەتی هیچ چارەسەرێک نیە، بەڵکو زیاتر برینەکانی یانەکە قووڵتر دەکاتەوە .

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر