لیڤه‌رپوول X مانچێسته‌ر سیتی … ئاماره‌كانی پێش یاریه‌كه‌

یاریگا – ئه‌مڕۆ كاتژمێر (7)ی ئێواره‌ بە كاتی هەرێمی كوردستان، لە گه‌ڕی بیست و سێ یه‌می خولی نایابی ئینگلته‌رادا، یانەی لیڤه‌رپوول لە نێو یاریگای (ئه‌نفێڵد رۆد)ی تایبه‌ت به‌ خۆی، میوانداری یانەی مانچێسته‌ر سیتی دەكات، ئێمەش لە ماڵپەڕی یاریگانێت گرنگترین ئامارەكانی هەردوو تیپه‌كه‌ پێش ڕوبەڕوبونەوەكەیان بڵاودەكەینەوە:-

1- لیڤه‌رپوول له‌ دوایین 14 یاری نێو یاریگای خۆی له‌ به‌رانبه‌ر مانچێسته‌ر سیتی له‌ خولی نایابی ئینگلیزیدا، هیچ یاریه‌كی نه‌دۆراندووه‌، 10 یاری بردۆته‌وه‌ و له‌ 4 یاریشدا یه‌كسان بووه‌.

2- مان سیتی یاری چوونی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ ئه‌نجامی (5-0) له‌ لیڤه‌رپوول برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ (80) ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ هه‌ردوو یاری چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌ك وه‌رز له‌ لیڤه‌رپوول بباته‌وه‌ له‌ خولی ئینگلیزیدا.

3- لیڤه‌رپوول له‌ دوایین 13 یاری نێو یاریگای خۆی له‌ پریمه‌رلیگدا، ته‌نها 3 گۆڵی لێ تۆماركراوه‌، هیچ یاریه‌كیشی نه‌دۆراندووه‌، 7 یاری بردۆته‌وه‌ و له‌ 6 یاریشدا یه‌كسان بووه‌.

4- مان سیتی له‌دوایین 30 یاری له‌ پریمه‌رلیگدا نه‌دۆراوه‌، ته‌نها یانه‌كانی ئارسیناڵ (49) یاری بێ دۆڕان و چێڵسی (40) یاری بێ دۆران، له‌ پێشه‌وه‌ی دێن.

5- لیڤه‌رپوول دوایین 3 یاری ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی بردۆته‌وه‌، به‌ڵام زیاتر له‌ ساڵێكه‌ نه‌یتوانیوه‌ 4 یاری له‌سه‌ریه‌ك له‌ خوله‌كه‌ بباته‌وه‌.

6- مان سیتی خاوه‌نی ژماره‌ی پێوانه‌یی بردنه‌وه‌یه‌ له‌ یاریه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگدا، به‌ ڕێژه‌ی 91% یاریه‌كانی بردۆته‌وه‌.

7- یۆرگن كلۆپ توانیویه‌تی 4 یاری له‌ گواردیۆلا بباته‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌كاندا، كه‌ به‌ یه‌كسانی له‌گه‌ڵ جۆزێ مۆرینهۆ، زۆرترین یاریان له‌ ڕاهینه‌ره‌ ئیسپانیه‌كه‌ بردۆته‌وه‌ به‌ به‌راورد به‌ ڕاهێنه‌ره‌كانی تر.

8- له‌م یاریزانانه‌ی ئێستای مان سیتی، سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ زۆرترین گۆڵی له‌ لیڤه‌رپوول تۆماركردووه‌ له‌ خولی نایابدا، ئه‌ویش به‌ تۆماركردنی 6 گۆڵ له‌ 11 یاریدا.

9- له‌و كاته‌ی یۆرگن كلۆپ بووه‌ به‌ ڕاهێنه‌ری لیڤه‌رپووڵ له‌ مانگی (10)ی ساڵی (2015)، لیڤه‌رپووڵ زۆرترین یاری له‌ 6 یانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی پریمه‌رلیگی برۆدۆته‌وه‌، 39 خاڵی به‌ده‌ست هێناوه‌.

10- موحه‌مه‌د سه‌ڵاح له‌ 22 یاری سه‌ره‌تای له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول له‌ خولی نایابدا، به‌شداری 22 گۆڵی كردووه‌، 17 گۆڵی تۆماركردووه‌ و 5 گۆڵیشی درووست كردووه‌.

11- ئێستا لیڤه‌رپوول به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 44 خاڵ، له‌ پله‌ی چواره‌می ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش موحه‌مه‌د سه‌ڵاحه‌ به‌ تۆماركردنی 17 گۆڵ.

12- ئێستا مان سیتی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 62 خاڵ، له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش ره‌حیم سیترلینگه‌ به‌ تۆماركردنی 14 گۆڵ.

 

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر