ئەمڕۆ لەپاڵەوانێتی ئاسیا ئۆلۆمپی عێراق یارییەکی قورس ئەنجام دەدات

یاریگا

لە میانی یارییەکانی پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ هەڵبژاردە ئۆلۆمپییەکان، هەڵبژاردەی عێراق لە دووەمین یاریدا بە هیوای بردنەوە و بەدەست هێنانی 3 خاڵی یارییەکە بەرانبەر سعوودیە یاری دەکات.

بڕیارە کاتژمێر 2,30 بە کاتی هەولێر هەڵبژاردەی ئۆلۆمپی عێڕاق ڕووبەڕووی ئۆلۆمپی سعوودیە ببێتەوە، ئەو یارییە گرنگی زۆری بۆ هەڵبژاردەی عێراق هەیە کە لە یاری یەکەم 4-1 لە مالیزیای بردەوە، ئەمڕۆ عێراق بە بردنەوە بلیتی قۆناغی داهاتوو دەبڕێت، لە بەرانبەردا دوای یەکسانبوونی هەردوو هەڵبژاردەی سعوودیە و ئوردن بە ئەنجامی 2-2 چانسی سعوودیەکان بە دۆڕاندن و یەکسانبوونیش قورس دەبێت، بۆیە ئەوانیش بۆبردنەوە یاری دەکەن.

سەبارەت بە یارییەکە عەبدولغەنی شەهد ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئۆلۆمپی عێڕاق ڕایگەیاند کە تیپەکەی ئامادەیە و بۆ بردنەوە یاری دەکەن هەر چەندە یارییەکەش زۆر قورس دەبێت، هەروەها گوتیشی بەهۆی ئەوەی هەردوو هەڵبژاردەکە پێشتر لە پاڵاوتنەکان لە یەک گروپ یارییان کردوە، باش شارەزای یاری یەک بوون و لای یەک باش ناسراون.

پاڵەوانێتی ئاسیا بۆ هەڵبژاردەکانی خوار تەمەن 23 ساڵ لە چین بەڕێوە دەچێت و 16 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن کە بەسەر چوار گروپ دابەش کراون و لە هەر گروپێکیش 2 تیپ بۆ قۆناغی هەشت سەردەکەون.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر