كۆتینهۆ له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ كوێدا یاریی ده‌كات؟

نووسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)
كۆتینهۆ له‌ هه‌مووان جیاوازتره‌، به‌ تایبه‌تی یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی گلدانه‌وه‌ی تۆپی زۆره‌، یاخود به‌هره‌داره‌ به‌وه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌كات، چ به‌ پاسی كورت، یاخود هاویشتنی تۆپی درێژ به‌ شێوه‌ی ته‌وقیتكراو، كۆتینهۆ تواناداره‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی تاكی له‌ هه‌موو جێگاكانی یاریگا ڕاهێنه‌ر ده‌توانێت یاریی پێبكات، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌وه‌ ناسراوه‌ به‌ درێژایی ماوه‌ی یاریكردنی گوشار له‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كانی دروست ده‌كات.
دیاره‌ دوای هاتنی ناوبراو بۆ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ زۆرێك پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئایه‌ ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ر جارێكی دیكه‌ وێنه‌ی پلانه‌كانی چۆن داده‌ڕێژێته‌وه‌، یان شوینی یاریزانه‌ تازه‌كه‌ له‌ كوێدا داده‌نێت و كێی بۆ ده‌كاته‌ قوربانی؟ جا منیش به‌ باشم زانی به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌زانم وه‌لامی ئه‌و چه‌ند پرسیاره‌ ساده‌یه‌ بده‌مه‌وه‌، كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت بیزانن.
كۆتینهۆ جێگای ئینێستا ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند وه‌رزێكی درێژ، چونكه‌ ئه‌و له‌ چوار شوێنی یاریگا یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها جوڵه‌كانی ئه‌و ستاره‌ به‌جۆرێكه‌ هه‌م له‌ ناوه‌وه‌ی سه‌نته‌ر و هه‌میش له‌ هه‌ردوو ڕاڕه‌وی لاباڵه‌كان به‌هۆی تێژڕه‌وی و گۆڕینه‌وه‌كانی ده‌توانێت جێگای خۆی بكاته‌وه‌.
ڤالڤێردی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ پلانی (4-3-3) به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌لكاسێر یاریی ده‌كرد، كه‌ ده‌توانم بڵێم زۆر سه‌ركه‌وتنی ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، بۆیه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شێوه‌ یاریی كلاسیكی (2-4-4) و سوارێزیشی ده‌خسته‌ ڕاستی یاریگا، میسیش هێرشبه‌ری خه‌یاڵی بوو، به‌ڵام دوای هاتنی كۆتینهۆ وێنه‌ی ته‌كتیكی یانه‌كه‌ گۆڕانی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌ تایبه‌تی ڕاهێنه‌ر زیاد له‌ جارێك ده‌توانێت پشت به‌ پلانه‌كانی ببه‌ستێت، ئه‌گه‌ری یاریكردنی ئه‌ستێره‌ تازه‌كه‌ شوێنی ئه‌ندرێس ئنێستایه‌، كه‌ به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نه‌وه‌ پێگه‌كه‌ی خراپ بووه‌. له‌و كاته‌دا عوسمان دیمبلی ده‌چێته‌ پاڵ میسی و سوارێز له‌ چه‌پی یاریگا.
له‌كاتی یاریكردنی ئینێستا پێم وایه‌ ڕاهێنه‌ر دیمبلی یه‌ده‌گ ده‌كات و كۆتینهۆ ده‌خاته‌ چه‌پی یاریگا، تا شوێنی نیمار پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پلانی (2-4-4) بینرا ئه‌وه‌ بێگومان كۆتینهۆ ده‌چێته‌ ناوه‌ڕاستی یاریگا لای چه‌پ، هه‌ردوو یاریزان دیمبلی و سوارێز ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌ و میسی له‌ پشتیانه‌وه‌ ڕاده‌وه‌ستێت، هه‌روه‌ها هه‌ردوو یاریزان ڕاكیتچ و بۆسكێتس ده‌بنه‌ دووانه‌ی میحوه‌ری له‌ نیوه‌ یاریگا، له‌ ئه‌گه‌ری شێوه‌ یاریی (4-2-3-1)دا ڕاهێنه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی به‌مشێوازه‌ ده‌بێت، سه‌ره‌تا ڕاهێنه‌ر قوربانی به‌ پاولینهۆ نادات به‌ڵكو له‌پاڵ بۆسكێتس ده‌یهێلێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆتینهۆ ده‌خاته‌ لای چه‌پ و دیمیلی دێنێته‌ ڕاست و میسی ده‌خاته‌ پشتی ئه‌و دووانه‌ و سوارێزیش بۆ سه‌ری نووك، له‌ ئه‌گه‌ری دووه‌مدا كۆتینهۆ ده‌خاته‌ قوڵایی یاریگا و میسی بۆ جێگای سوارێز، هه‌روه‌ها ئێنێستا بۆ ڕاست و دیمبلی بۆ چه‌پی هێرش، له‌وكاته‌یشدا سوارێز یه‌ده‌گ ده‌كرێت.
له‌ كۆتایدا ڕاهێنه‌ری بلوگرانه‌ هه‌ر چۆنێك بێت، ده‌بێته‌ خاوه‌نی پێنج یاریزانی نموونه‌ی: (میسی، سوارێز، ئینێستا، دیمبلی، كۆتینهۆ) كه‌ دواجار ده‌بێت یه‌كێكیان یه‌ده‌گنشین بكات، جگه‌ له‌مانه‌ ئه‌گه‌ری كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌ڕووی ڕاهێنه‌ری ناوبراودا ده‌كرێته‌وه‌، تا به‌ چه‌ندین پلانی جیاواز یاریی بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ یانه‌كه‌دا وه‌كو په‌ڵه‌ و نه‌نگی ته‌ماشا ده‌كرێت، ونكردنی تۆپ و ته‌وازنی هێڵی به‌رگرییه‌، به‌ڵام له‌كاتی دانیشانی ڕاكیتیچ و بوونی كۆتینهۆ له‌وێدا، ئێنیستا ده‌چێته‌وه‌ شوێنی سروشتی یاریكردنی خۆی، كه‌ ئه‌وه‌ش واده‌كات به‌هۆی هێزی پێشه‌وه‌ گوشار و كه‌موكوڕییه‌كانی به‌رگری دیار نه‌مێنێت.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر