سەرکەوتنەکانی ڤالڤێردی لەناو دەچێت!

نووسینی: سه‌لام عه‌لی (رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی)

بەڕێوەبەری هونەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی (ئەرنیستۆ ڤالڤێردی)، هەرچەند هەوادارانی یانەکە لەڕوی بەخشینی چێژەوە (کە لە قوتابیە کۆچکردوەکەی قوتابخانەی پرتەقاڵیەکانەوە وەک بۆماوەیی بۆ یانە کەتەلۆنیەکە ماوەتەوە) تاڕادەیەکی زۆر بێزاریان پێوە دیارە لە شێواز و فەلسەفەی یارکردنی ڕاهێنەری یانەکەوە، بەهۆی گۆڕینی وێنەی ته‌کتیکی ڕاهێنەرەوە کە لە سیستمی یانەکە لایداوە و بەناچاری پلانە کلاسیکیەکەی لە (٤-۳-۳)ەوە گۆڕیوە بۆ (٤-٤-۲)، پلانی دووەم بەناچاری بووە، بەو پێیەی ڕاهێنەرە ئیسپانیەکە هیچ چارەیەکی تری لەبەر دەست نەبوو بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکەی (عوسمان دێمبلی) و دابەزینی ئاستی (جیراد دولیفۆ)، کە وەک بەدیلی یاریزانە فەڕەنسیەکە تەماشا دەکرا، هێڵی بەرگری و ناوەندی لەسەر حسابی هێڵی هێرشبەری تۆکمەکرد و تاڕادەیەکی باش یانەکە هەنگاوی باشی بڕیوە بەتایبەت لە لالیگادا و بە پلەی یەکەمیش سەرکەوتوە بۆقۆناغی شانزەی خولی یانە پاڵەوانەکان.

بەڵام ئەوەی دەبێتە سەر ئێشە بۆ ڕاهێنەر کڕینی یاریزانە بەڕازیلیەکە (فلیپ کۆتینهۆ)یە، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی دێمبلی، ڕاستە یاریزانەکەی پێشوی لێڤه‌رپووڵ لە چامپیونزلیگدا ناتوانێت یاری بکات، بەڵام هیچ پاساوێک نیە بۆ ڕاهێنەر تا ئەوەی دوو یاریزان لەسەر کورسی یەدەگ بن کەنرخەکەیان نزیکەی (۳۰۰) ملیون یۆرۆیە، بۆیە بە ناچاری ڕاهێنەر دەبێت بگەڕێتەوە سەر هەمان فەلسەفەی یاریکردنی یانە کە (٤-۳-۳)یە، یان باشترین بژاردە بۆ ڕاهێنەر وێنەی ته‌کتیکی (٤-۲-۳-۱)کە، چونکە هێنانی پاولینهۆ پاڵپشتیە بۆ بۆسکێتس و یارمەتی دەرێکی نایابە بۆ ئینیستا کە ئێستا بە تەواوی تەمەنی هەڵکشاوە و توانای یاریکردنی (۹۰) خولەکی نەماوە، بۆیە بە جێگیرکردنی ناوی کۆتینهۆ لە لیستی یاریزانانی یانەکەدا ئەوا ئەم وەرزە لەیاریەکانی گەڕانەوەی لالیگا و خولی یانەپاڵەوانەکان سەنگی مەحەکە بۆ ڤالڤێردی، چاوەڕێی کۆتایی وەرز دەبین بزانین ئەنجام و دەسکەوتی یانە کەتەلۆنیەکە بەکوێ دەگات.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply