بەراوردی پرێمەرلیگ و لالیگا بۆ؟!

نووسینی: چێنه‌ر عه‌بدولقادر (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

هەر كاتێك یاریەكی بەهێزی پرێمەرلیگ دەبینین، راستەوخۆ هاندەرانی ئەو خولە ئەم قسەیە دەكەن “زۆر لە كلاسیكۆ خۆشتربوو”، یان دەڵێن “یاریەكی پرێمەرلیگ 10 كلاسیكۆ دێنێت”، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبونی گفتوگۆی توندی نێوان هاندەرانی هەردولا، دەپرسین ئایا ئەم بەراوردە بۆ؟ كامیان راستن؟

لەگەڵ رێزم بۆ هاندەرانی هەردولا، بەڵام ئەو بەراوردە وەكو ئەوە وایە بە منداڵی دەمانگوت:- رامبۆ ئازاترە یان جاكی چان؟ یان ئارنۆڵد بە ڤاندام ئەوێرێت؟ تۆپی پێ دنیایەكی زۆر گەورەیە و ناكرێت بەراوردبكرێت، تۆ لە گۆشەیەكەوە سەیری دەكەیت شتێك دەبینیت، منیش لەلای خۆمەوە شتێكی تر.

راستە هاندەرانی خولی ئینگلیزی لەلای خۆیانەوە یاری بەچێژ دەبینن، من زۆترین یاری ئەم خولە دەبینم بۆخۆی دنیایەكی تایبەتی هەیە، لەم وەرزەدا 6 یانەی بەهێز كێبڕكێ دەكەن، یاریەكانی زۆر خێرایە لە ماوەی چەند چركەیەكدا هەموو شتێك دەگۆڕێت، راهێنەرە گەورەكانی جیهان لەوێن، هیچ یانەیەك بڕوای بەوەنیە یاری بكوژێت و بەرگری بكات هەمووی دەیەوێت هێرشبەرێت، ئەمانە هەمووی هاندەرانی دڵخۆشكردوە، بەڵام مانای ئەوەنیە تۆ هێرشبكەیتە سەر خولەكانی تری ئەوروپا و بەتایبەتی ئیسپانیا، چونكە لە گۆشەیەكر ترەوە پرێمەرلیگ زۆر لەدوای لالیگاوەیە.

بیرتان نەچێت بەهێزی یاریەكانی پرێمەرلیگ دیوێكی دراوەكەیە و دیوەكەی تری دەبێت ئەو یانانە لە ئەوروپاش بەهێزبن، لە دواین 5 یاری كۆتایی چامپیۆنس لیگ 10 یانە بەشداربوون هیچ یانەیەكی پرێمەرلیگی تێدا نەبووە! ناكرێت تۆ گاڵتەت بە لالیگا بێت، كە دواین 4 چامپیۆنزلیگی بردۆتەوە، ئەوە باسی تۆپی ئاڵتونی و خەڵاتە تاكیەكان هەر ناكەین.

دیسانەوە وەبیرتان دێنمەوە هەر خولە و تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە، ناكرێت هەموو خولەكانی جیهان وەكو یەكبن، خۆشی تۆپی پێ لەوەدایە كە جیاوازە، لالیگا و پرێمەرلیگ و كاڵچیۆ و بۆندزلیگا، هەریەكە و بە تامی خۆی، چیت پێ خۆشە سەیری بكە بەبێ بەراوردكردن.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر