گواردیۆلا چۆن بیرۆكه‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت؟

نووسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

دیڤید ماكدۆنیل له‌ ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی میرۆری به‌ریتانی، ڕه‌خنه‌ی تووند له‌ جۆزییه‌ مۆرینهۆ ده‌گرێت و ده‌ڵێت: ” ئه‌و هیچ خێرێكی بۆ یاریی تۆپی پێ‌ نییه‌، چونكه‌ شێوه‌ یاریی تۆپی پێی نوێ‌، پێویستی به‌ داهێنان و گۆڕانكاری گه‌وره‌ هه‌یه‌، هاوشێوه‌ی پیپ گواردیۆلا”.

یاریی دوای یاریی پیپ گواردیۆلا شێوه‌ پلانی خۆی زیاتر له‌ یانه‌كه‌ی ده‌چه‌سپێنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ چه‌ند ڕێگایه‌كی ئاسان و به‌ چه‌ند یاریزانێكی كه‌م، به‌رهه‌مێكی زۆری بۆ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی هه‌یه‌، كه‌واته‌ پیپ ئێستا ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كرۆیف ده‌ڵێت: “ڕاهێنه‌ر ده‌بێت به‌ سانایی و ساكاری پلانه‌كانی خۆی به‌سه‌ر تیپی ڕكابه‌ردا به‌ر جه‌سته‌ بكات”. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ گواردیۆلا چۆن توانییه‌تی ئه‌مكاره‌ ئه‌نجام بدات؟ كه‌ من لێره‌دا به‌شێكی كورتی نه‌خشه‌ ڕێگای سه‌ركه‌وتنی مانچسته‌ر سیتیتان بۆ شه‌نو كه‌و ده‌كه‌م.

ڕه‌گه‌زی سه‌ركه‌وتن لای گواردیۆلا جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی چۆن وێنه‌ی ته‌كتیكی تیپه‌كه‌ت زاڵ ده‌كه‌یت به‌سه‌ر تیپی به‌رامبه‌ردا، له‌ كاتێكدا تۆ تۆپیشت لانه‌بێت، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌یه‌ك ڕێگاوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، یاریكردن له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌یدانی یاریگا، به‌ تایبه‌تی پشت به‌ستن به‌ هه‌ردوو یاریزان (دی برۆین و داڤید سلڤا) كه‌ هه‌موو سه‌ر خوله‌كێك هه‌ڕه‌شه‌ و گوشار بۆ به‌رامبه‌ر دروست ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی ئیسپانییه‌كه‌ كۆدی سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ی له‌به‌ر پێی ناوه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ سه‌ركردایه‌تی تیپه‌كه‌ی ده‌كات بۆ دروستكردنی هێرشه‌كان و ڕاگرتنی ئاستی شێوه‌ یاریی یانه‌ی مان سیتی, هه‌روه‌ها به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر هێڵه‌كان و شوێنه‌ بۆشه‌كان ده‌بینرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌، به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ تۆپدا به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری له‌ گۆڵی تیپی دژدا بگیرسێنێته‌وه‌.

له‌ شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ی پیپدا گۆڵكردن له‌دوای به‌ ده‌ست خه‌ستن و گلدانه‌وه‌ی تۆپه‌، چونكه‌ ئه‌و پێی وایه‌ نابێت یاریزانه‌كانی ئه‌گه‌ر تۆپیشیان چنگخست، ڕاسته‌خۆ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی خاڵی لێدان و شوێنی گۆڵه‌كه‌ دیاری بكه‌ن، تۆپه‌كان ئاڕاسته‌ بكه‌ن، بۆیه‌ كاتێك سیتی یاریی ده‌ست پێده‌كات زۆر به‌كه‌می ده‌چنه‌ سه‌ر گۆڵی به‌رامبه‌ر، به‌ڵكو ئه‌وان ده‌بێت دوای دۆزینه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌ و به‌ده‌ست هێنانی گۆڵه‌كه‌ ئه‌وسا تۆپه‌كان بخه‌نه‌ ناوچه‌ی (18) یارده‌ی تیپی ڕكابه‌ره‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ یانه‌ی مانچسته‌ر ڕێژه‌ی گلدانه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕی تۆپیان له‌ یارییه‌كاندا بگات به‌ (831) پاس، هه‌روه‌ها تا ئێستا ڕۆڵی هیچ یاریزانێك به‌ڕه‌های له‌ یانه‌كه‌دا له‌وی دیكه‌ گه‌وره‌تر نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو له‌سه‌ر پارچه‌ قوماشه‌ سه‌وزه‌كه‌ وه‌ك یه‌كوان، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان نموونه‌ی جێری به‌ به‌رده‌وامی تۆم ڕاویان بنێت، تا هێنده‌ هیلاكبن له‌ گێمی دووه‌م لایه‌نی جه‌سته‌ی و ده‌روونیان ماندووبێت، كه‌ هه‌موو یاریزانێك بتوانێت له‌ چركه‌ ساته‌كانی یارییه‌كه‌دا ئامانج بپێكێت.

ڕاستی یاریی به‌ كۆمه‌ڵ و كلیلی نهێنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی پیپ، بۆ به‌ ئاستی و دیاری ستاره‌كانی ناگه‌ڕێته‌وه‌، نه‌خێر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ یاریی به‌ كۆمه‌ڵ پێش ئه‌وه‌ی بچیته‌ یاریگاوه‌، ده‌بێت ڕاهێنه‌ر كار له‌سه‌ر لایه‌نی جه‌سته‌ی و بیر و هۆشی یاریزان و شوێنی یاریكردنی به‌ شێوه‌یه‌كی تاكتیكی به‌رز بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ش فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ركه‌وتنی یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی تیپه‌كه‌ له‌ هه‌موو كاته‌كاندا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یاریی بكه‌ن، واته‌ نابێت هیچ كات به‌ ژماره‌یه‌كی كه‌می یاریزان بچنه‌ سه‌ر یانه‌ی به‌رامبه‌ر و ڕووبه‌ره‌كان بۆ ئه‌وان بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ گواردیۆلا به‌بێ‌ ستارێكی مه‌زنی وه‌كو میسی بیرۆكه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply