مـانـچـێـسته‌ر یونایتد X مـانـچـێـسته‌ر سیتی … ئاماره‌كانی پێش یاریه‌كه‌

0

یاریگا – ئه‌مڕۆ كاتژمێر (7:30)  خوله‌كی شه‌و بە كاتی هەرێمی كوردستان، لە گه‌ڕی شازده‌یه‌می خولی نایابی ئینگلته‌رادا، یانەی مانچێسته‌ر یونایتد لە نێو یاریگای (ئۆڵد ترافۆرد)ی تایبه‌ت به‌ خۆی، میوانداری یانەی مانچێسته‌ر سیتی دەكات، ئێمەش لە ماڵپەڕی یاریگانێت گرنگترین ئامارەكانی هەردوو تیپه‌كه‌ پێش ڕوبەڕوبونەوەكەی ئەمشه‌ویان بڵاودەكەینەوە:-

1- مان یونایتد خاوه‌نی به‌هێزترین هێڵی به‌رگریه‌ له‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگدا، كه‌ 9 گۆڵی لێ تۆماركراوه‌، مان سیتیش خاوه‌نی دووه‌م به‌هێزترین هێڵی به‌رگریه‌، كه‌ 10 گۆڵی لێ تۆماركراوه‌.

2- دوایین 12 ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوانیان له‌ خولی نایابدا، مان سیتی 7 بردنه‌وه‌، مان یونایتد 3 بردنه‌وه‌، له‌ 2 یاریشدا یه‌كسان بوون.

3- مان سیتی دوایین 13 یاری له‌سه‌ر یه‌كی ئه‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگی بردۆته‌وه‌، به‌مه‌ش ژماره‌كه‌ی چێڵسی وه‌رزی (2016-2017) و ئارسیناڵی وه‌رزی (2001-2002)ی یه‌كسان كرده‌وه‌.

4- له‌ ئێستادا جۆزێ مۆرینهۆ خاوه‌نی درێژترین زنجیره‌ی نه‌دۆڕاندنی نێو یاریگای خۆیه‌تی له‌ نێو ڕاهێنه‌رانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابدا، 14 یاری بردۆته‌وه‌ و له‌ 10 یاریشدا یه‌كسان بووه‌.

5- جۆزێ مۆرینهۆ و پیپ گواردیۆلا وه‌ك ڕاهێنه‌ر له‌ 19 یاریدا ڕوبه‌ڕوی یه‌كدی بونه‌ته‌وه‌، مۆرینهۆ 4 بردنه‌وه‌، گواردیۆلا 8 بردنه‌وه‌، له‌ 7 یاریشدا یه‌كسان بوون.

6- گابرێل جیسۆسی به‌رازیلی له‌ دوایین 24 یاری له‌گه‌ڵ مان سیتی له‌ پریمه‌رلیگدا، به‌شداری 21 گۆڵی كردووه‌، 15 گۆڵی تۆماركردووه‌ و 6 گۆڵیشی دروست كردووه‌.

7- رۆمیلۆ لۆكاكۆی هێرشبه‌ری ئێستای مان یونایتد، له‌گه‌ڵ یانه‌ پێشووه‌كه‌ی (ئیڤه‌رتۆن) 2 گۆڵی له‌ مان سیتی پیپ گواردیۆلا تۆماركردووه‌.

8- ئیدێرسۆنی گۆڵپارێزی مان سیتی توانیویه‌تی له‌ 6 یاریدا پارێزگاری له‌ خاوێنی تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا دی خیای گۆڵپارێزی مان یونایتد توانیویه‌تی له‌ 9 یاریدا پارێزگاری له‌ خاوێنی تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی بكات.

9- ئێستا مان یونایتد به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 35 خاڵ، له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش رۆمیلۆ لۆكاكۆیه‌ به‌ تۆماركردنی 8 گۆڵ.

10- ئێستا مان سیتی به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 43 خاڵ، له‌ پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگدایه‌، گۆڵكاری تیپه‌كه‌ش سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ و ره‌حیم ستیرلینگن، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و 9 گۆڵی تۆماركردووه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی www.arabic.sport360.com

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Share.

Leave A Reply