گۆڵە تیرۆرکراوەکەی مێسی سیستەمی ڤیدیۆ دەخاتە لیگای ئیسپانیا

یاریگا

کارۆخ ڕواندزی

هەڵەی ناوبژیوانان بەشێکە لە یاری تۆپی پێ، ئەوە لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە بەڵام گەر هەڵەکان بەشێوەیەکی زەق و باوەڕپێنەکراو بن، وەکو هەڵەی ڕەتکردنەوەی ئەو گۆڵەی مێسی بەرانبەر ڤالنەسیا کردی کە بە بڕیارێکی ناوبژیوانی یاریدەدەر تیرۆر کرا، ئەوە کێشەیەکی گەورەیە.

بەڵێ جارێکی دیکە لیگای ئیسپانیا ئابڕووچوونێکی دیکەی لە سەر ئاستی ناوبژیوانان بە خۆیەوە بینی، بەڵام ئەم جارە ئەو ئابڕووچوونە هەرایەکی زیاتری لەوانەی پێشووتر نایەوە، لەبەر ئەوەی یارییەکە کاریگەر بوو، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو یاریزانەی گۆڵەکەی لێ تیرۆر کرا(مێسی ) بوو کە یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان و ئەفسانەی تۆپی پێ یە و هەموو جیهان سەیری یارییەکانی دەکات، کێشەکەش لەوەدا بوو کە ئەو لێدانەی مێسی ئاڕاستەی گۆڵی کرد وەکو جۆردی ئەلبای بەرگریکاری بارسا دەڵێت ئەو لە نزیک ناوەڕاستی یاریگا بینی کە تۆپەکە لە هێڵی گۆڵ پەڕیوەتەوە! ئەی باشە ناوبژیوان و یاریدەدەرەکەی چۆن نەیانبینی کە تۆپەکە نەک بە هەموو دەورو بەری بەڵکو نیو مەتر لە هیڵی گۆڵ تێپەڕی کردبوو، ئەوە هەڵەیەکی زەقی ناوبژیوان بوو، هەرچەندە بەهۆی هەڵەی دیکەش زوڵم لە ڤالەنسایش لەو یارییە کرا بەڵام بەم شێوەیە ڕوون نەبوو.

لێرەدا مەبەستی من داکۆکی کردن نییە لە بارسێلۆنا کە هەر ئەو یانەیەش لە لیگای ئەمساڵ سوودی لە هەڵەیەکی زەقی دیکەی ناوبژیوانێکی دیکە لە بەرانبەر مەلەگە وەرگرت و گۆڵیکی نادروستی بۆ هەژمار کرا، کاتێک دیلیڤیۆ لە تۆپێکی لۆکاس دینی گۆڵێکی نا دروستی تۆمار کرد، هەروەها یانەکانی دیکەش وەک ڕیاڵ مەدرید وەک نموونە وەردەگرین لەسەر هەڵەکانی ناوبژیوانان، کە زۆر جار سوودمەند بووە هەندێک جاریش زیانی بەهۆی بڕیارەکانی ناوبژیوان زیانی گەورەی بەرکەوتوە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، بۆچی سیستەمی ڤیدیۆ لە لیگای ئیسپانیا  لە قۆناغی دووەمی لیگادا پەسند ناکرێت، وەکو لە هەندێک خولی دیکە کە هەر لە سەرەتای ئەم وەرزە پەیڕوەی کراوە، ئەو کات دادپەروەری بەرقەرار دەبێت، بە تایبەتی گەر بزانین کە ڕێژەی هەڵەی ناوبژیوانانی خولی ئیسپانی ماویەکە زۆر لە زیادبووندایە هەندێ لە هەڵەکانیش مایەی گاڵتەجاڕی و سەرسوڕمانن، بەڕای من دەکرێت هیچ نا تەنها بۆ حاڵەتە گوماناوییەکانی وەک ئەوەی لە یاری ڤالەنسیا ڕوویدا یان لە هەندێک حاڵەتی دیکەی قورس ئەو تەکنەلۆژیایە بەکار بێت، پێم وایە ئەو گۆڵە تیرۆرکراوەی مێسی بەرانبەر ڤالەنسیا پەلەی زیاتر لە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە لە لیگای ئیسپانیا دەکات و ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی بە فەرمی هەر لەم وەرزەوە لە بری وەرزی داهاتوو بە باوەڕ و متمانەوە  سیستەمی ڤیدیۆ لە خولی ئیسپانی بەکاربهێنرێت.

facebook- karox rwandzi

 

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر