زیانه‌كانی دوای نه‌گه‌یشتنی ئیتاڵیا به‌ مۆندیال؟

نوسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا دوای نیو سه‌ده‌ نه‌گه‌یشته‌ دوا یارییه‌كانی جامی جیهانی ڕوسیای (2018)، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ بۆ بینه‌رێكی ئاسایی بابه‌تێكی ساده‌ بێت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا بۆ هه‌ردوو یه‌كێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا و فیفا شتێكی ئاسایی نییه‌و بگره‌ له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ زیانیان پێده‌گات، كه‌ مه‌به‌ستی بابه‌ته‌كه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌یه‌، كه‌ به‌وردی تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ری.

سه‌ره‌تا بوفۆنی گۆڵچی ئازووری ئه‌گه‌ر به‌شداری مۆندیالی بكردایه‌، ژماره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ لۆته‌ر ماتیۆسی ئه‌ڵمانی یه‌كسان ده‌كرده‌وه‌، كه‌ تاكه‌ یاریزانه‌ شه‌ش جار به‌شداری جامی جیهانی كردووه‌. له‌سه‌ر بۆرده‌كانی فیفا، هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا دوای نه‌گه‌یشتنی به‌ مۆندیال، له‌ ڕیزبه‌ندی حه‌ڤده‌یه‌م چووه‌ پله‌ی سی یه‌م، كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ تپێكی خاوه‌ن چوار جامی زێڕ نه‌ك شۆك، به‌ڵكو مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌، هه‌روه‌ها ئێستا هانده‌رانی ئه‌و وڵاته‌ یاریگای سانسیرۆی هه‌ردوو یانه‌ی میلان و ئه‌نته‌ر به‌ شووم ده‌زانن بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌یان.

هه‌میشه‌ له‌ مۆندیاله‌كان كاروانی چه‌ندین یاریزانی لاو ده‌ست پێده‌كات، به‌ تایبه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا له‌مكاته‌دا خاوه‌نی چه‌ندین یاریزانی لاوه‌، به‌ڵام كاتێك ئه‌و تیپه‌ نایه‌ته‌ نێو یارییه‌كانی جامی جیهانی، ئه‌و یاریزانانه‌یش ناتوانن متمانه‌ی یانه‌ گه‌وره‌كان به‌ده‌ست بێنن، وه‌ك چۆن له‌ جامی جیهانی پێشوودا یاریزانێكی وه‌كو خامیس ڕۆدریگز بووه‌ جێگای سه‌ره‌نجی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید.

جیامیرۆ ڤینتۆرای ڕاهێنه‌ری ئازووری به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌می نه‌گه‌یشتنی تیپه‌كه‌ی به‌ مۆندیال ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ی زۆری هه‌بوو له‌ شێوه‌ یاریكردن و ده‌ست نیشانكردنی یاریزانه‌كان و گۆڕانكاری پێیان، هه‌روه‌ها تافیكۆی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌و كه‌سانه‌ی بۆندی ڕاهێنه‌ره‌كه‌ی نوێكرده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی تافیكۆ خۆی ته‌مه‌نی (70) ساڵه‌، كه‌چی وه‌كو كه‌سێكی خافڵاو له‌ یه‌كێك له‌ پیرترین یه‌كێتییه‌ وه‌رزشییه‌كانی جیهاندا ڕۆڵی هه‌یه‌، كه‌چی له‌ ئێستای جیهانی نوێی تۆپی پێدا لاوه‌كان زیاتر ده‌توانن ڕوخساری تۆپی پێی وڵاته‌كان بگۆڕن، نموونه‌ی ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را.

نه‌بوونی ئیتاڵیا له‌ مۆندیال به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ زیانی بۆ كه‌ناڵه‌ جیهانییه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێكی زۆری بینه‌رانیان هانده‌ری ئیتاڵیا و ئه‌و تیپه‌ن، هه‌روه‌ها به‌هۆی زۆری دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌میشه‌ بینه‌ری مۆندیاله‌كان زیادبووه‌، به‌ڵام كاتێك ئه‌و تیپه‌ له‌ ڕووسیا نابێت، چی دیكه‌ خه‌ڵكی وڵاتی ڕۆمای دێرین ته‌ماشای هه‌موو ڕووداوه‌كانی جامی جیهانی ناكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ زیان و گرێبه‌ستی كه‌ناڵه‌كان ده‌شكێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئابووری ئه‌و وڵاته‌یش بكه‌ین، ده‌بینین به‌و هۆیه‌وه‌ له‌ مانگی شه‌شی ساڵی ئاینده‌، گه‌شته‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و هۆتێل و بازاڕ و گازینۆ و چێشتخانه‌كان هتد… جوڵه‌یان نابێت به‌ره‌و ڕوسیا، جگه‌ له‌مانه‌ درێس و گرێبه‌ستی كۆمپانیاكانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا به‌ به‌ستراوی و بێ‌ بازاڕ ده‌مێنێته‌وه‌.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply