بۆچی یاریزانان زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانیان تووشی پێكان ده‌بن؟

نووسینی: بلال ربع             وه‌رگێڕانی: كامه‌ران پاڵانی

وه‌ك ئاشكرایه‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ یاریه‌كانی هه‌فته‌ی فیفا ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌ر له‌ پاڵاوتنی هه‌ڵبژارده‌كان بۆ مۆندیالی 2018 ڕوسیاوه‌ تاكو یاریه‌ دۆستانه‌كان، به‌هۆی تێكه‌ڵبوونی لایه‌نی ئابوری به‌ تۆپی پێ و به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌یاڵی نرخی یاریزانان، كاڵبوونه‌وه‌ی ئینتیمای نیشتیمانی له‌ لایه‌ن یاریزانان و گرنگیدان به‌ یانه‌كان دروست بووه‌، زۆر یانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ بیانووی جۆراوجۆر ئه‌ستیره‌كانیان له‌ یاری هه‌ڵبژارده‌كانیان دووربخه‌نه‌وه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی پێكانه‌ سه‌خته‌كانی یاریزانان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانیان ده‌بێت تاكو یانه‌كانیان، به‌مه‌ش پرسیارێك له‌ لای زۆربه‌ی هه‌وادارانی تۆپی پێ دروست ده‌بێت و ده‌پرسن: بۆچی یاریزانان زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانیان تووشی پێكان ده‌بن؟

لێره‌دا به‌ كورتی هۆكاره‌كانی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌:-

1- فشاری یاریه‌كان: به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی پێكانی یاریزانان هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌هۆی ده‌ستپێكردنی ململانێی خوله‌ ناوخۆیه‌كان و زۆری یاریه‌كان، یاری یانه‌كان ده‌وه‌ستێت له‌پێناو ئه‌نجامدانی یاری هه‌ڵبژارده‌كان، هه‌ربۆیه‌ یاریزان ناچار ده‌بێت له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا (3) یاری ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ش كارێكی حراپه‌ به‌ لای یاریزانه‌كه‌وه‌، چونكه‌ مانای وایه‌ یاریزان زیاد له‌ (270) حوله‌ك یاری ده‌كات، كه‌ مانای زیاتر ماندوبونی جه‌سته‌یی ده‌گه‌یه‌نێت، پێده‌چێت به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كار بكاته‌ سه‌ر ماسولكه‌كان! هه‌ربۆیه‌ له‌م باره‌دا ماسولكه‌كان زیاتر پێویستیان به‌ پشوو هه‌یه‌ نه‌ك مه‌شق و ڕاهێنان.

2- ده‌سته‌ی پزیشكی هه‌ڵبژارده‌: ئه‌مه‌ش به‌ هۆكارێكی تری پێكانی یاریزانان داده‌نرێت، زۆر گرنگه‌ هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌ نێوان ده‌سته‌ی پزیشكی هه‌ڵبژارده‌ و یانه‌دا هه‌بێت، ده‌سته‌ی پزیشكی یانه‌ چه‌ندین راپۆرتی تایبه‌تی یاریزان ده‌نێرن بۆ ده‌سته‌ی پزیشكی هه‌ڵبژارده‌، كه‌ تێیدا چۆنێتی پاراستنی یاریزان له‌ كاتی زیاد بوونی فشاره‌كان له‌سه‌ری ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی هه‌ڵبژارده‌كان ئه‌و كارانه‌ پشت گوێ ده‌خه‌ن، ته‌نها بیر له‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌! ته‌نها یاریزانه‌كه‌ ده‌بێته‌ قوربانی و هه‌موانیش له‌و نێوه‌نده‌دا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.

3- هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و خراپی چیمه‌نی یاریگا: هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ یاریه‌كانی تێدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ژێرخانی وه‌رزشی گونجاویان نی یه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا یاریگاكان. ئه‌مه‌یش به‌هۆی جیاوازی كه‌ش و هه‌وایه‌ یان پاره‌، بۆ نمونه‌: یاریگای (ڤیكتۆر ئاگۆستین ئوگارت)ی وڵاتی پۆلیڤیا (3960)كم له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی له‌م یاریگایه‌دا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵبژارده‌ی پۆلیڤیا ده‌بنه‌وه‌ به‌ ئه‌سته‌میش یه‌كسان بوون به‌ده‌ست ده‌هێنن.

هه‌ندێك وڵات به‌هۆی خه‌رجنه‌كردنی پاره‌ی پێویست له‌ چیمه‌نی یاریگاكه‌ یاخود ده‌ستكاری كردنی چیمه‌نه‌كه‌، ئه‌وا تیپی دژبه‌ر ناچار ده‌كات به‌و شێوازه‌ی خۆی یاری نه‌كات، به‌مه‌یش ناچارده‌بێت پشت به‌ پلانی تر ببه‌ستێت.

4- ته‌كتیكی ڕاهێنه‌ر: یه‌كێكی تره‌ له‌ هۆكاره‌كانی پێكانی یاریزانان، زۆرجار ڕاهێنه‌ری یانه‌ به‌ پلان و فه‌لسه‌فه‌یه‌ك یاری ده‌كات، ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ به‌ پلان و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تر، ئه‌م گۆڕینی شێوازی یاری كردنه‌، كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر یاریزان به‌تایبه‌تی لایه‌نی جه‌سته‌یی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵێك مه‌شق و ڕاهێنانی تایبه‌ت ده‌كات كه‌چی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی به‌ شێوازێكی تر مه‌شق و ڕاهێنان ده‌كات. له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی به‌ پلانی هێرش بردن یاری ده‌كات، كه‌چی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی به‌ پلانی به‌رگری، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

هه‌ربۆیه‌ جێی خۆیه‌تی كه‌ هه‌وادارانی تۆپی پێ، ناوی (هه‌فته‌ی فیفا) بگۆڕن بۆ (ڤایرۆسی فیفا).

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply