شوێنگرەوەی ڕاهێنەری ئای سی میلان دیاری دەکرێت

یاریگا

ئەنجامە خراپەکانی یانەی ئای سی میلانی ئیتاڵی پێشەنگی هەواڵی ڕۆژنامەکانی ئیتاڵیای داگیر کردوە و هەواڵی نزیکبوونەوەی لادانی مۆنتێلای ڕاهێنەری یانەکەش پشکی شێری لە هەواڵەکانی ئەمڕۆ بەرکەوتوە.

ڕۆژنامەی (لاگازێتا دیلا سپۆرت)ی ئیتاڵیا ئاماژەی کردوە، کە یاری سبەی یەکشەمەی ئای سی میلان بەرانبەر یانەی ساسۆلۆ دەبێتە دوا هەل و دوا چانسی ڕاهێنەر (مۆنتێلا) بۆ ئەوەی کەمێک تیری ڕەخنەکان لە خۆی دوور بخاتەوە و بۆ ماوەیەکی زیاتر لە قۆستەکەی بمێنێتەوە، بە پێی ڕۆژنامەکە (گاتۆزۆ)ی ئەستێرەی پێشووی میلان پاڵێوراوی نمرە یەکی یانەی میلانە بۆ ئەوەی شوێنەکەی مۆنتێلا دوای لادانی پڕ بکاتەوە.

هەر سەبارەت بە یانەی میلان و گۆڕینی ڕاهێنەر، ڕۆژنامەی (کۆرێری دیلا سپۆرت)ی ئیتالیش باسی ئەو بابەتەی کردوە و بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی ” مۆنتێلا .. بردنەوە ..یان مالئاوایی .. گاتۆزیۆ ئامادەیە “، ئەوە واتای ئەوەیە کە گاتۆزۆ کە ئێستا ڕاهێنەری تیپی لاوانی ئای سی میلانە نزیکترین کەسە کە پاڵێوراو بێت بۆ ئەوەی شوێنی مۆنتێلا بگریتەوە.

یانەی ئای سی میلان، لەم وەرزەدا بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە ناوەراستی ڕیزبەندییەکەیە و بەو شێوەیە بڕوات ناتوانێت بۆ وەرزی داهاتوو لە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەوروپا یاری بکات.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply