یانەکانی عێراق یاریکردن لە یاریگاکانی کوردستان ڕەت دەکەنەوە

یاریگا

دوای ئەوەی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاری بەشداری کردنی چوار یانەی هەرێمی کوردستانی لە خولی نایابی عێراقی کرد، بەشێکی زۆر لە یانەکانی بەغدا و یانەکانی باشوور ناڕەزاییان دەربڕی و ڕایان گەیاندوە کە لە یاریگاکانی کوردستان یاری ناکەن.

ماڵپەڕی (کوورە) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە کە دوای ئەوەی فیدڕاسیۆنەکە بڕیاری دا خولی عێراقی بە بەشداری 26 یانە دەست پێ بکات، کە تییدا یانەکانی هەولێر و سلێمانی و گازی باکور و زاخۆی لەخۆەوە گرتوە، چەندین یانەی شارەکانی بەغدا و شارەکانی دیکە ناڕەزاییان لەسەر یاری کردن لە کوردستان دەربڕیوە و بۆ سەلامەتی شاندەکانیان داوای گرێنتی و زەمانەتی ئەمنییان کردوە، ئەویش بەهۆی ئەو ڕووداوانەی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان ڕوویاندا، کاتێک سوپای عیراق و حەشدی شەعبی هیرشێکی فراوانیان بۆ کەرکووک و چەندین ناوچەی دیکەی خاکی کوردستان دەستپێکرد، بۆیە ئەو یانەنانە لە کاردانەوەی نەرێنی هاندەرانی یانەکانی کوردستان دەترسن، کاتێک لە یاریگاکانی کوردستان یاری دەکەن.

لە ڕاپۆرتەکەی کوورە باسی زۆری ژمارەی یانەکانیش کراوە کە دەبێتە دروست کردنی کێشە و دروست نەبوونی خولێکی بەهێز، هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق بەوە تاوانبار کراوە کە دەیەوێت سوود لە دەنگی یانەکان وەربگرێت بۆ ئەوەی لە دەستەی گشتی زۆرترین پالپشتی بۆ خۆی بەدەست بهێنێتەوە.

ئاشکرایە کە خولی عێراقی ناوی وەک درێژترین خولی تۆپی پێی جیهانی ناسراوە، هەروەها خولێکی ناجێگیرە و هەمیشە زۆرترین کێشە تێدا دەکەوێت.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply