پلان و ستراتیژیه‌تی دارایی پاریس سان جێرمان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی یاسای یاری دارایی خاوێن

نووسینی: رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی (رۆین ئوریا) … وه‌رگێڕانی: كامه‌ران پاڵانی

ئه‌گه‌ر بێت و بسه‌لمێنرێت كه‌ پاریس و قه‌ته‌ریه‌كان یاسای یاری دارایی خاوێنیان شكاندووه‌، ئه‌وا تووشی سزای زۆر ده‌بنه‌وه‌، سزای دارایی، ئه‌نجام نه‌دانی مۆركردنی بۆند، ره‌نگه‌ دوورخستنه‌وه‌ له‌ چامپیۆنزلیگ، پێده‌چێته‌ سزاكه‌ بگاته‌ ڕێگه‌نه‌دان به‌ به‌شداریكردن له‌ چامپیۆنزلیگ، كه‌ بڕیارێكی زۆر دوره‌، به‌ڵام ئه‌سته‌م نییه‌!

به‌ ڕای من (رۆبن ئوریا) پاریس سان جێرمان یاسای دارایی خاوێنی نه‌شكاندووه‌ به‌ مۆركردنی بۆند له‌گه‌ڵ نه‌یمار به‌ بڕی (222) ملیۆن یۆرۆ و مباپی به‌ بڕی (180) ملیۆن یۆرۆ، به‌ڵام به‌ ڕای وێفا خه‌رجكردنی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ یه‌ك مێركاتۆدا ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن وڵاتێكه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت، نه‌ك یانه‌یه‌كی ئاسایی وه‌ك یانه‌كانی تری ئه‌وروپا، هه‌ربۆیه‌ یاسای یاری دارایی خاوێن ده‌شكێنێت.

وێفا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاریس سان جێرمان ده‌كات به‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ یاسای یاری دارایی خاوێنیان شكاندووه‌، به‌ڵام یه‌كێتی تۆپی پێی ئیسپانیا شكاتی یانه‌كه‌ ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی پاره‌ی بۆنده‌كان له‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رزشی نادات، به‌ واتای ئه‌وه‌ی داهاته‌كانی پاریس سان جێرمان 100% وه‌رزشی نییه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی گیانی وه‌رزشیه‌، كێبركێی پاكی وه‌رزشیانه‌ی نێوان یانه‌كان ده‌شكێنێت.

وێفا سه‌رجه‌م بۆنده‌كانی یانه‌كه‌ بۆ سێ وه‌رزی (2015-2016) و (2016-2017) و (2017-2018) دیراسه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ربكه‌وێت ئایا یانه‌ فه‌ره‌نسیه‌كه‌ ڕێزی گرتووه‌ له‌ یاسای یاری دارایی خاوێن یاخود نا، پاشان وێفا بڕیارده‌دات ئایا ئازادانه‌ و بێ مه‌رج به‌شداری مێركاتۆی داهاتوو ده‌كه‌ن یان به‌ مه‌رج به‌شداری ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بسه‌لمێنرێت كه‌ پاریسیه‌كان یاسای دارایی خاوێنیان شكاندووه‌ ئه‌وا سڕیان ده‌كه‌ن له‌ بازاڕی گواستنه‌وه‌دا، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن هه‌ردوو بۆندی نه‌یمار و مباپی ره‌ت بكه‌نه‌وه‌.

له‌م وێنه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا داهاتی یانه‌ی پاریس سان جێرمان له‌ ساڵی 2016 ڕوونكراوه‌ته‌وه‌

میزانیه‌ی پاریس سان جێرمان بۆ ساڵی 2016: 520 ملیۆن یۆرۆ.

پله‌ی شه‌شه‌م له‌ ریزبه‌ندی پرداهاترین یانه‌ی ئه‌وروپی

92 ملیۆن یۆرۆ له‌ فرۆشتنی بلیتی یاریه‌كان

123.1 ملیۆن یۆرۆ له‌ مافی گواستنه‌وه‌ی یاریه‌كان

305.3 ملیۆن یۆرۆ له‌ بازاركردن و فرۆشتنی كاڵا وه‌رزشیه‌كانی (درێس، پێڵاو، ملپێچ، … هتد).

هه‌نگاوه‌كانی به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی یانه‌ی پاریس سان جێرمان

1- به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی فرۆشتنی بلیتی یاریه‌كان له‌ 18% بۆ 20%.

2- زبادكردنی بۆندی كۆمپانیای نایك له‌ 25 ملیۆن یۆرۆوه‌ بۆ 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ هه‌ر ساڵێك له‌ 2018.

3- زیادكردنی بۆندی كۆمپانیای (Fly Emirates) سپۆنسه‌ری درێس له‌ 28 ملیۆن یۆرۆی ساڵانه‌وه‌ بۆ 45 ملیۆن یۆرۆی ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی 2018-2019 به‌دواوه‌.

4- فرۆشتنی زیاتری درێسی نه‌یمار و مباپی و به‌ده‌ستخستی 40% له‌ پاره‌ی فرۆشی درێسه‌كانیان.

5- به‌هۆی نه‌یماره‌وه‌ ڕێژه‌ی بینه‌ری یاریه‌كانی خولی فه‌ره‌نسی به‌ گشتی و پاریس سان جێرمان به‌ تایبه‌تی زیادی كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ یانه‌ پاریسیه‌كه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ ئێستادا له‌ گفتوگۆدان له‌گه‌ڵ لایه‌نی گوێزه‌ره‌وه‌ی خولی فه‌ره‌نسی، ده‌یانه‌وێت داهاتی گواستنه‌وه‌ی یاریه‌كان له‌ 123 ملیۆن یۆرۆوه‌ به‌رزبكه‌نه‌وه‌ بۆ 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ هه‌ر ساڵێك.

6- به‌ پشت به‌ستن به‌ ناوبانگی یاریزانانی به‌ چشه‌تی نه‌یمار و مباپی و دیماریا و كاڤانی و ڤێراتی، ده‌یانه‌وێت داهاتی فرۆشتنی شتومه‌كی یاریزانان له‌ 68 ملیۆن یۆرۆ زیاتر بكه‌ن.

7- ده‌ربازبوون له‌ مووچه‌ی به‌رزی یاریزانانی به‌ چه‌شنی (سێرجی ئۆری، بلێس ماتویدی، خیسی، كریچۆڤیاك) به‌ ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ ڕێگه‌ی خواستن یان فرۆشتنی یه‌كجاری له‌ مێركاتۆی هاوینه‌، هه‌روه‌ها پلانی فرۆشتنی (دیماریا و لۆكاس مۆرا) له‌ مێركاتۆی زستانه‌دا، ئه‌م كاره‌ش خه‌رجیه‌كی باش بۆ یانه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

8- بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی به‌رپرسانی وێفا بۆ لای خۆی، پاریس سان جێرمان ده‌یه‌وێت 15 یاریگای جیاواز دروست بكات، له‌گه‌ڵ ئوتێلی گه‌وره‌ و پرۆژه‌ی وه‌رزشی به‌ بڕی 250 ملیۆن یۆرۆ (دروستكردنی یاریگا و ئوتێل و بینای وه‌رزشی له‌سه‌ر خه‌رجی یانه‌ هه‌ژمار ناكرێت) تاكو ساڵی 2020.

هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌ی  چاودێرانی وه‌رزشی وای ده‌بینن كه‌ پاریس سان جێرمان هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ له‌سه‌ر تۆپی پێ،به‌ ڕای من (رۆبن ئوریا) پاریس به‌ ستراتیژیه‌ت كارده‌كات نه‌ك هه‌ره‌مه‌كیانه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبنین ته‌نها سه‌ره‌تایه‌كی پرۆژه‌ گه‌وره‌كه‌ی ناسر خلێفی سه‌رۆكی یانه‌كه‌یه‌.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply