ئەمشەو 8 یاری دیکەی گەڕی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەڕێوە دەچێت

یاریگا

دوێنێ شەو بە 8 یاری یەکەمین گەڕی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەچوو، بڕیارە ئەمڕۆش هەشت یاری گرنگی دیکە لە میانەی ئەو پاڵەوانێتییەدا ئەنجام بدرێت.

لە مەدرید یانەی ریاڵ مەدرید پاڵەوانی دوایین پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ لە ئەرکێکی ئاساندا رووبەڕووی یانەی ئەبویل نیقوسیای قوبرسی دەبێتەوە، لەم یارییە کریستیانۆ ڕۆنالدۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە هێڵی هێرشبردنی یانەکە لەبەر ئەوەی سزاکەی سەری تەنها یارییەکانی لیگا دەگرێتەوە، هەروەها دەنگوباسی ئەوە هەیە کە ئاسنیسیۆ لەم یارییە بەشداری نەکات، بە شێوەیەکی گشتی ئەو یارییە بۆ ڕیاڵ بە پێی پێشبینییەکان ئاسان دەبێت و ڕیاڵ یەکەمین 3 خاڵ بەدەست دەهێنێت.

لە ئۆکرانیا لە یارییەکی قورسدا یانەی ناپۆلی ئیتاڵی دەبێتە میوانی شاختار دۆنتسیکی ئۆکرانی، یارییەکە قورسە بۆ هەردوو لا و پێشبینی کردن بە ئەنجامەکەی ئەستەمە، هەر چەندە یانەی ناپۆلی لەم وەزە بەهێز دەردەکەوێت و پێکهاتەکەی تا رادەیەک جێگیرە.

سێیەم یارییەکانی ئەمڕۆ نێوان بڕوسیا دۆڕتمۆند و تۆتنهامی لەندەنی دەبێت، یارییەکە لە یاریگای تۆتنهام دەبێت و یەکێکە لە بەهێزترین رووبەرووبوونەوەکانی ئەمرۆ، لەبەر ئەوەی ئاستی هەردوو یانەکە لە یەک نزیکە، لە یارییەکی دیکەشدا ڕیدبۆڵ لایبزیکی ئەڵمانی میوانداری مۆناکۆی فەرەنسی دەکات، ئەو یارییەش قورسە بۆ هەردوو لاو هەردوو یانەکە لە ئاست لە یەک نزیکن، یانە ئەڵمانییەکەش کە میوانێکی تازەی چامپیۆنزلیگە دەیەوێت لە بەردەم هاندەرانی ئەنجامێکی باش تۆمار بکات.

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بە سەرپەرشتی پیپ گواردیۆلا، لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە هۆڵەندا ڕووبەڕووی یانەی فاینۆرد دەبێتەوە، گواردیۆلا کە یانەکەی چامپیۆنزلیگیان کردوەتە ئامانج هەوڵی تۆمارکردنی یەکەمین بردنەوە دەدات لە دەستپێکی یارییەکاندا، یانەی فاینۆردیش کە پێشەنگی خولی هۆڵەندییە دەیەوێت ڕکابەری یانەی سیتی بکات.

لە یارییەکی دیکەی لووتکەدا یانەی لیڤەرپول لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی سڤیلیای ئیسپانی دەکات، چاوەڕێ دەکرێ ئەو دوو یانەیە یارییەکی بە چێژ و گەرم گوڕ ئەنجام بدەن، لەبەر ئەوەی هەردوو یانەکە پشت بە پلانی هێرشبردن دەبەستن.

جگە لەو یارییانە یانەی پۆرتۆ لەسەر یاریگای خۆی میوانداری بێشکتاشی تورکی دەکات، هەروەها ماریبۆری سلۆڤاکی لە نێو یاریگای خۆی و بەردەم هاندەرانی بەرانبەر سپارتاک مۆسکۆی ڕووسی یاری دەکات.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply