زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر سپۆنسه‌ری درێسی یانه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگ

6سپۆنسه‌ری سه‌ر درێسی یانه‌كانی وه‌رزی نوێی پریمه‌رلیگ

یاریگا –  ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می یاریه‌كانی وه‌رزی نوێی خولی نایابی ئینگلیزی ده‌ستی پێ كرد، چێلسی پاڵه‌وانی وه‌رزی ڕابردوو له‌ نێو یاریگای خۆی شكستی هێنا، هه‌ر چوار یانه‌ی (ئارسیناڵ، مان سیتی، مان یونایتد، تۆتێنهام) سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا و یانه‌ی لیڤه‌رپوولیش تووشی یه‌كسان بوون هاتن.

له‌ ماڵپه‌ڕی یاریگا، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ باسكردنی لایه‌نێكی شاراوه‌ی تۆپی پێ، ئه‌ویش لایه‌نی ئابوریه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌مان زانیاریه‌كی ئه‌وتۆمان له‌سه‌ری نییه‌، ئه‌گه‌ریش هه‌مان بێت، ڕاست نییه‌ و كۆپی په‌یستی خورافاته‌كانی په‌یجه‌ عه‌ره‌بیه‌كانه‌، كه‌ ده‌ڵێن: مان یونایتد به‌ پاره‌ی فرۆشتنی درێسه‌كانی ئیبراهیمۆڤیچ، پۆل پۆگبای كڕیوه‌، یاخود پاریس سان جێرمان به‌ فرۆشتنی درێسه‌كانی نه‌یمار، بڕی پاره‌ی بۆندی یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌كه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌!

پاش باسكردنی (سه‌رچاوه‌ی داهاتی یانه‌كان، داهاتی یانه‌ له‌ فرۆشتنی درێسی یاریزانان و … هتد)، ئه‌م جاره‌یان باسی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بوونه‌ته‌ سپۆنسه‌ری یانه‌كانی وه‌رزی نوێی پریمه‌رلیگ، زانیاری له‌سه‌ر بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌یده‌ن به‌ یانه‌كان و ناسنامه‌ و جۆری كاركردنیان.

به‌پێی ڕاپۆرتێك كه‌ ماڵپه‌ڕی (سپۆرتینگ ئینتلیجینس) ئاماده‌ی كردووه‌: ره‌نگه‌ له‌ حه‌وت ساڵی داهاتوودا، داهاتی سپۆنسه‌ری درێسی یانه‌كانی پریمه‌رلیگ سێ هێنده‌ی ئێستا زیاد بكات، داهاتی سپۆنسه‌ری درێسی یانه‌كانی پریمه‌رلیگی وه‌رزی 2010-2011 بڕی (100) ملیۆن پاوند بوو، له‌ كاتێكدا داهاتی سپۆنسه‌ری درێسی یانه‌كانی پریمه‌رلیگی وه‌رزی ڕابردوو بریتی بوو له‌ (226) ملیۆن پاوند، به‌ واتای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی شه‌ش وه‌رزدا، 126 ملیۆن پاوند داهاتی سپۆنسه‌ری درێسی یانه‌كانی پریمه‌رلیگ زیادی كردووه‌، پێشبینش ده‌كرێت له‌م وه‌رزه‌دا (2017-2018) بگات به‌ (281) ملیۆن پاوند، كه‌ (55) ملیۆن پاوندی له‌ وه‌رزی ڕابردوو زیاترێكه‌.

5ڕاپۆرته‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی (سپۆرتینگ ئینتلیجینس)

هه‌ر له‌و تێبینیانه‌ی كه‌ ماڵپه‌ڕی ناوبراو  ئاماژه‌ی پێ كردووه‌، 16 یانه‌ له‌ كۆی 20 یانه‌ به‌شداربووه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگ، كۆمپانیاكانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا سپۆنسه‌ری درێسه‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌ پێك دێن له‌ كۆمپانیای وڵاتانی (ئه‌مه‌ریكا، چین، یابان، تایله‌ند، ئیمارات، فلیپین، كینیا، ماڵته‌، جه‌به‌ل تارق).

به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی جۆری كۆمپانیاكان، 9 كۆمپانیایان له‌ جۆری گره‌و و قوماركردنن، كه‌ زۆرترینن، بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ مێژووی پریمه‌رلیگدا، هیچ جۆره‌ كۆمپانیایه‌كی دروست كردنی بیره‌ له‌سه‌ر درێسی یانه‌كان نابینرێت كه‌ سپۆنسه‌ریان بكات.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply