چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی جامی سۆپه‌ری ئیسپانی

13

یاریگا – كاتژمێر (11)ی ئه‌مشه‌و به‌ كاتی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یاری چوونی جامی سۆپه‌ری ئیسپانیدا، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی پاڵه‌وانی جامی شا، له‌ نێو یاریگای (كامپ نو)ی تایبه‌ت به‌ خۆی، میوانداری یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی پاڵه‌وانی لالیگا ده‌كات، له‌م ڕاپۆرته‌دا باسی چۆنێتی سه‌رهه‌ڵدانی جامی سۆپه‌ری ئیسپانی ده‌كه‌ین.

بیرۆكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جامی سۆپه‌ری ئیسپانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1940، له‌ ژێر ناوی (جامی پاڵه‌وانان) له‌ نێوان پاڵه‌وانی خول و جام، له‌ ساڵی 1941 ناوه‌كه‌ی گۆڕدرا بۆ (جامی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی ئیسپانی)، له‌ ساڵی  1945 ناوی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ له‌ ژێر ناوی (جامی ئه‌رجه‌نتینی ئاڵتونی) نوێ كرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌هێزی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی نێوان هه‌ردوو وڵاتی ئیسپانیا و ئه‌رجه‌نتین له‌و كاته‌دا، یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید یه‌كه‌م یانه‌ بوو كه‌ ناسناوه‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا، پاش بردنه‌وه‌ی له‌ یانه‌ی ڤاله‌نسیا له‌ ئه‌نجامی (4 – 0).

له‌ ساڵی 1945 تاكو ساڵی 1953 ناوی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ بۆ ناوی (جامی ئیڤا دوارتی) گۆڕدرا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ڕێزلێنان له‌ سه‌رۆكی تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی ئه‌رجه‌نتین (خوان بیرون) و (ئیڤا بیرۆن)ی خێزانی.

له‌ ساڵی 1982، پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، له‌ یه‌ك یاریه‌وه‌ بوو به‌ دوو یاری، له‌ نێوان پاڵه‌وانی خول و پاڵه‌وانی جام، یاری یه‌كه‌م له‌ نێو یاریگای پاڵه‌وانی جام و یاری دووه‌م له‌ نێو یاریگای پاڵه‌وانی خول. هه‌ر یانه‌یه‌ك پاڵه‌وانی خول و جام بووایه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌بوو به‌ پاڵه‌وانی جامی سۆپه‌ر بێ ئه‌نجامدانی هیچ یاریه‌ك، له‌ ساڵی 1989 گۆڕانكاری به‌ سه‌ردا هات و به‌م شیوه‌یه‌ی ئێستای لێ هات، كه‌ پاڵه‌وانی خول و جام له‌گه‌ڵ دووه‌می جامی شا یاری ده‌كات.

جێی باسه‌، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ زۆرترین جار بۆته‌ پاڵه‌وانی جامی سۆپه‌ری ئیسپانی له‌م شێوه‌ی ئێستایدا، كه‌ 12 ناسناوه‌، یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدیش به‌ 9 ناسناو له‌ پله‌ی دووه‌م دێت، لیۆنێل میسی گۆڵكاری پاڵه‌وانێتیه‌كه‌یه‌ به‌ تۆماركردنی 12 گۆڵ.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply