داهاتی یانە لە فرۆشتنی درێسی یاریزان

31

ئاماده‌كردنی : كـــامـــه‌ران پــــاڵانی تایبه‌ت به‌ یاریگا

یه‌كێك له‌ سەرچاوەی سه‌ره‌كی داهاتی یانەكان بریتیه‌ له‌ سپۆنسەری یانەكان، كە هەردوولا لەسەر چەند مەرج و خاڵێك ڕێك دەكەون, یەكێك لە خاڵەكانی ئەو ڕێكەوتنە پەیوەندی هەیە بە فرۆشتنی كاڵا وەرزشیەكانی یانەكە, گرنگترین كاڵای وەرزشیش درێسی یاریزانەكانە, پەیوەندی هەیە بە پشكی یانەكە و سپۆنسەرەكە لە فرۆشتنی پارەی درێسی یاریزانەكان.
هه‌موو وه‌رزێك پاش په‌یوه‌ندی كردنی یاریزانێكی سۆپه‌ر ستار به‌ یانه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌، ئه‌م دوو پرسیاره‌مان له‌ لادا دروست ده‌بێت:-
1- ئەو بڕە پارەیەی یانەكان دەستیان دەكەوێت لە فرۆشتنی درێسی یاریزانەكانیان هەر هەمووی بۆ خودی یانەكانە؟
2- باشە ئەگەر هەمووی بۆ یانەكان نییە ئەی چەندی بۆ یانەكانە و چەندی بۆ كۆمپانیاكانی سپۆنسەری یانەكانە؟
ئه‌م وه‌رزه‌ش پاش په‌یوه‌ندی كردنی نیمار داسێڵڤای به‌رازیلی له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانییه‌وه‌ بۆ یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ره‌نسی، ئه‌و دوو پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌ دووباره‌ بۆته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی رۆنامه‌نووسانی وه‌رزشیش به‌ هه‌ڵه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و زانیاری ناڕاست به‌ خوێنه‌ری كورد ده‌ده‌ن. لێره‌دا بۆنده‌كه‌ی نه‌یمار به‌ نموونه‌ وه‌رناگرین، چونكه‌ ئه‌م نیوه‌ڕۆیه‌ یاریزانه‌ به‌رازیلیه‌كه‌ به‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ناسرا، هه‌ربۆیه‌ بۆندی مان یونایتد له‌گه‌ڵ ئیبراهیمۆڤیچ به‌ نمونه‌ وه‌رده‌گرین.
وه‌رزی ڕابردوو یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد به‌خۆڕایی بۆندی له‌گه‌ڵ زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ مۆركرد، واباوه‌ كه‌ بایی (50) ملیۆن یۆرۆ درێسی زلاتان فرۆشراوه‌، چه‌ند پرسیارێك درووست ده‌بێت: ئایا ئه‌م هه‌واڵه‌ ڕاسته‌؟ ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ ئەو (50) ملیۆن یۆرۆیە چەندێكی بۆ مان یونایتد و چەندێكی بۆ كۆمپانیای (ئه‌دیداس)ه‌ كە سپۆنسەری یانەی مانچێسته‌ره‌؟ ئایا ڕاسته‌ به‌ پاره‌ی درێسه‌كانی ئیبراهیمۆڤیچ مان یونایتد بۆندی له‌گه‌ڵ پۆگبا مۆر كرد؟
پشكی یانە لە فرۆشتنی درێسی یاریزانان:
نرخی فرۆشتنی درێسێكی یانە گەورەكان لە نێوان (50 -80) یۆرۆیە, بەپێی دان پێدانەكانی هەندێك لە كۆمپانیاكانی درووست كردنی درێسی یاریزانان, بڕی تێچوونی درووستكردنی درێسێك لە (5 – 10) یۆرۆیە, بۆ ئەم مەبەستەش كۆمپانیاكان سوود لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەردەگرن, كە بە پارەیەكی كەم دروستی دەكەن, بە تایبەتی وڵاتی ئەندەنوسیا , بۆ دروست كردن و هێنانەوەی درێسەكان لە (10 – 20) یۆرۆ دەبێت.
كۆمپانیەكان بۆ بەدەست هێنانەوەی ئەو بڕە پارەیە دەیدەین بە یانەكان, پشت بە قازانجی درێسەكان دەبەستن, هەر بۆیە پشكی زۆریان بەر دەكەوێت لە پارەی فرۆشتنی درێسی یاریزانەكان, بۆ نمونە : له‌ 14 / 7 / 2014 كۆمپانیای ئه‌دیداس به‌ بڕی (750) ملیۆن جونه‌یهی ئیسته‌رلینی له‌گه‌ڵ یانه‌ی مان یونایتد بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ بۆندی مۆر كرد، به‌م شێوه‌یه‌ش كۆمپانیای ئه‌دیداس ساڵانه‌ بڕی (75) ملیۆن یۆرۆ ده‌دات به‌ شه‌یتانه‌ سوره‌كان و له‌ به‌رامبه‌ردا بڕی (85%) بۆ (90%) پاره‌ی فرۆشی درێسی یاریزانان وه‌رده‌گرێت.
له‌ وه‌رزی (2015-2016) یانه‌ی مان یونایتد زۆرترین درێسی فرۆشتووه‌ كه‌ ده‌كاته‌ (2،850،000) دوو ملیۆن و هه‌شت سه‌د و په‌نجا هه‌زار درێس، لای خواره‌وه‌ش ڕیزبه‌ندی ئه‌و یانانه‌ی كه‌ زۆرترین درێسیان فرۆشتووه‌.
30
یانەی مان یونایتد له‌ وه‌رزی (2015-2016) ( (2،850،000)) دوو ملیۆن و هه‌شت سه‌د و په‌نجا هه‌زار درێسی فرۆشت, ئەم ژمارەیەش بریتیە لە درێسی منداڵان و گەورەكان، ئەگەر نرخی فرۆشتنی درێسێكی یانەی مانچێسته‌ر بە (70) یۆرۆ دابنێین و نرخی دروست كردنی هەر درێسێك بە (15) یۆرۆ دابنێین, ئەوا هەر درێسێك (55) یۆرۆ قازانجی لێ دەكرێت, كەواتە یانەی مان يونايتد وه‌رزی ڕابردوو بڕی (154) ملیۆن یۆرۆ درێسی یاریزانەكانی فرۆشتووه‌، به‌گشتی بڕی ئەو بەشە پارەیەی یانه‌یه‌ك وەری دەگرێت لە فرۆشتنی هەر درێسێك ئاشكرا ناكرێـت، بەڵام بە پێی ڕێكه‌وتنی نێوان ئه‌دیداس و مانچێسته‌ر، مان یونایتد بڕی (10%) بۆ (15%) ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وەردەگرێـت و بڕه‌كه‌ش زیاد و كەم دەكات بە گوێرەی :-
1- شوێنی فرۆشتنەكە : ئەگەر درێسەكە لە كۆگای مانچێسته‌ر یان سایتی فەرمی بفرۆشرێت، ئەوا بڕی پارەی مان یونایتد زیاد دەكات.
2- ژمارەی درێسە فرۆشراوەكان : ئەگەر ژمارەكە لەو ژمارەیە كە پێشتر دانرابوو زۆرتر بێت، ئەوا یانەكە برە پارەكەی زیاتر دەبێت , بەڵام ئەگەر لە ژمارە دیاریكراوە كەم تر بێت، بە هۆی ئەنجامی خراپ و بەدەست نەهێنانی نازناو، ئەوا بڕی پارەی یانەكە كەمتر دەبێت .
3- قەبارەی درێسەكە : درێسی قەبارە گەورە گرانترە لە لە درێسی قەبارە بچووك, هەروەها ئەو درێسەی كە ناوی یاریزانی لەسەر نووسراوبێت گرانترە لەو درێسەی ناوی لێ نەنووسراوبێت.
لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كه‌ پارەی فرۆشتنی درێسی یاریزانان، هەمووی بۆ یانەكان نییە، بەڵكو كۆمپانیاكانیش بەشی خۆیان دەبەن، بۆ نموونە :به‌پێی سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان مان یونایتد (300) هه‌زار درێسی زلاتانی فرۆشتووه‌، نرخی هه‌ر درێسێك به‌ نزیكه‌ی (70) یۆرۆ داده‌نرێت و ده‌كاته‌ (21) ملیۆن یۆرۆ، له‌و بڕه‌یه‌ش مان یونایتد ته‌نها (15%) پاره‌كه‌ی وه‌رگرت كه‌ ده‌كاته‌ (3) ملیۆن یۆرۆ.
هه‌روه‌ها لە كاتی بۆند مۆركردنی ریاڵ مەدرید لە گەڵ خامیس رۆدریگز، تاكو یەكەم یاری ئه‌و وه‌رزه‌ی خولی ئیسپانی، یانەی ریاڵ مەدرید نزیكەی (50) هەزار درێسی ئەو یاریزانەی فرۆشت و بۆ هەر درێسێك (12) یۆرۆی بەركەوت, كەواتە یانەی ریاڵ مەدرید بری (6) ملیۆن یۆری دەست كەوت لە داهاتی فرۆشتنی درێسی خامیس رۆدریگز نه‌ك كۆی پاره‌ی بۆنده‌كه‌ی. به‌مشێوه‌یه‌ش یانەكان تەنها پارەی مووچەی ساڵانەی یاریزانەكان بە فرۆشتنی درێسەكانیان پەیدا دەكەن، نەك نرخی گرێبەستەكانیان.
کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply