بۆچى تۆپى پێ له‌نێو يارييه‌ وه‌رزشييه‌كاندا پله‌ى يه‌كه‌مى وه‌رگرتووه‌ ؟

35

نووسینی: بێدار عه‌لی

تۆپى پێ يه‌كێكه‌ له‌و يارييه‌ وه‌رزشييانه‌ى كه‌ ته‌مه‌نى زۆر دێرين نييه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانى به‌م ته‌مه‌نه‌ كورته‌وه‌ هه‌ر زوو جێگاى خۆى بكاته‌وه‌ له‌دڵ و ده‌روونى بينه‌ر و هه‌وادار , له‌قۆناغه‌كانى مێژووى ژيانى مرۆڤايه‌تى يارى تۆپى پێ له‌وانه‌يه‌ به‌شێوازى تر هه‌بووبێت به‌ڵام به‌مشێوه‌يه‌ى كه‌ ئێستا هه‌يه‌ ته‌مه‌نى دوو سه‌ده‌ تێپه‌ر ناكات.

به‌ر له‌م واده‌يه‌ به‌ده‌يان يارى وه‌رزشى تر بوونيان هه‌بووه‌ له‌مێژوودا كه‌وا ته‌مه‌نيان گه‌وره‌تره‌. به‌ڵام تۆپى پێ هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دايك بوونى به‌شێوه‌يى ئێستاى توانى ورده‌ ورده‌ له‌ته‌واوى جيهان بڵاو ببێته‌وه‌ وه‌ك ئێستاش ده‌يبينين كه‌تۆپى پێ پێشه‌نگى هه‌موو يارييه‌ وه‌رزشييه‌كانه‌ له‌ زۆربه‌ى لايه‌نه‌كانه‌وه‌ .بێگومان ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ هه‌ر له‌خۆرا نييه‌ نهێنى و هۆكارى خۆى هه‌يه‌، ئه‌م هۆكارانه‌ش ره‌نگه‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى تر بگۆڕدرێت به‌ڵام له‌وانه‌يه‌ چه‌ند خاڵێك هه‌بن كه‌وا زۆربه‌ى خه‌ڵك له‌سه‌رى هاوڕابن. بۆيه‌ منيش لێره‌ ده‌مه‌وێت هه‌ندێك له‌م خاڵانه‌ بخه‌مه‌ڕوو به‌ديدى خۆم و له‌ڕوانگه‌ى پشت به‌ستن به‌ واقع و مه‌نتق:-

1ـ تۆپى پێ ئه‌گه‌رچى ناوه‌كه‌ى تۆپى پێيه‌ به‌ڵام هه‌موو ئه‌ندامێكى له‌شى ياريزان ده‌توانێت ڕۆل ببينێت ته‌نيا ده‌ست نه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ يارييه‌كانى تر به‌دى ناكرێت . به‌كارهێنانى سه‌ر و سينگ و قاچ و ته‌واوى جه‌سته‌ له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌يستيش به‌كارده‌هێندرێن كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ياريزان زياتر بتوانێت شتى جياواز و نمايشى جوانتر ئه‌نجام بدات.

2ـ فراوانى ياريگاى تۆپى پێ كه‌ هۆكاره‌ بۆ فراوانى ژماره‌ى ياريزانان و له‌ولاشه‌وه‌ ئۆتۆماتيكى ده‌بێته‌ هۆكارى زۆربوونى ژماره‌ى هانده‌ران و ته‌ماشاكه‌ران . جا بوونى ئه‌م هه‌موو ياريزانه‌ و هه‌ر يه‌كێكيان به‌ ستايل و شێوازى و به‌هره‌ و ئه‌زموونى تايبه‌ت خۆى وا ده‌كات هه‌مه‌ ڕه‌نگييه‌ك دروست بكات له‌ نمايش , ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى بينه‌ر توشى بێزارى نه‌بێت . ئه‌م شته‌ كه‌متر له‌يارييه‌كانى تر به‌دى ده‌كرێت.

3ـ تۆپى پێ راسته‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا پشت به‌ به‌رگرى و هێرشبردن ده‌به‌ستێت به‌ڵام ئه‌مه‌ واى نه‌كردووه‌ كه‌ هه‌موو يارييه‌كان ده‌ق گرتووبێت واتا يارييه‌ك له‌يارييه‌كه‌ى تر بچێت , هه‌ر يارييه‌و نمايش و جوله‌ و شێوازى تايبه‌تى خۆى هه‌يه‌ , ره‌نگه‌ له‌يارييه‌كاندا هه‌ندێك شت ڕووبدات كه‌ پێشتر نه‌بينراوه‌ . كه‌ئه‌مه‌ش په‌رۆشى و تامه‌زرۆى لاى بينه‌ر دروست ده‌كات به‌وه‌ى چاوه‌ڕێ شتێك ده‌كات وه‌ك سوپرايز . ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌يارييه‌كانى تر وانه‌بێت له‌يارييه‌كانى تر زۆربه‌ى يارييه‌كان شێوازيان تاڕاده‌يه‌كى زۆر له‌يه‌ك ده‌چێت.

4ـ تۆپى پێ هه‌ميشه‌ له‌ پێشكه‌وتن دايه‌ له‌ ڕووى ئاستى هونه‌رى ياريزانان , ساڵ به‌ساڵ ده‌بينين له‌تۆپى پێ جوله‌ و نمايشى تايبه‌ت له‌لايه‌ن ياريزانانه‌وه‌ ده‌بينن.

5ـ تۆپى پێ له‌ڕووى ته‌كتيكى راهێنه‌رانه‌وه‌ هه‌ميشه‌ له‌ پێشكه‌وتن دايه‌ به‌وه‌ى هه‌ر ڕاهێنه‌رێكى نوێ په‌يدا ده‌بێت كۆمه‌ڵێك تاكتيك و شێوازى نوێ په‌يڕه‌و ده‌كات كه‌ پێشتر بوونيان نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش جياوازبوون دروست ده‌كات ئه‌م جياواز بوونه‌ش په‌رۆشى لاى بينه‌ر دروست ده‌كات.

6ـ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تۆپى پێ زۆربه‌ى به‌ قاچ ده‌كرێت بۆيه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى زه‌حمه‌تى بۆ ياريزان چونكه‌ تۆ ئه‌و شته‌ى كه‌ به‌ده‌ست ده‌ته‌وێت ئه‌نجامى بده‌ى زۆر زۆر سانا تره‌ له‌وه‌ى بته‌وێت به‌قاچ ئه‌نجامى بده‌ى ئه‌م زه‌حمه‌تييه‌ش ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى بينه‌ر يارييه‌كه‌ زياتر به‌جدى وه‌ربگرن, نه‌وه‌ك شته‌كه‌ به‌ئاسان وه‌ربگرن.

7ـ تۆپى پێ هيچ پێوه‌ر و ياسايه‌كى نييه‌ بۆ قه‌باره‌ى جه‌سته‌ى ياريزان. واته‌: درێژى و كورتى له‌باڵا و قه‌ڵه‌وى و‌ لاوازى له‌جه‌سته‌ نابنه‌ ڕێگر، به‌ڵام له‌يارييه‌كانى تردا ئه‌مه‌ جياوازه‌.

8ـ ئه‌نجامدانى تۆپى پێ ئاسانتره‌ به‌راورد به‌يارييه‌كانى تر چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت ته‌نيا به‌تۆپێكى خراپيش بێت له‌كۆڵانيشدا يارى بكات , ئه‌مه‌ش واده‌كات زياتر خه‌ڵك ڕووبكه‌نه‌ ئه‌م يارييه.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply