دیسان مێسی !

16507029_1425261477505976_499114839_n
یاریگا
هێمن کاکە ڕەش
ناونیشانی بابەتەکەم قسەیەکە هەمیشە نەک تەنها بەم دواییە بەڵکو ماوەیەکە لە دوای زۆربەی یارییەکانی بارسێلۆنا لە لایەن هاندەران و بگرە هەتا نەیاران و دوژمنە سەرسەختەکانی یانە کەتەلۆنییەکە و یاریزانە سەرسوڕهێنەرەکە بە بەردەوامی دەگوترێتەوە، بۆچی نا ئەوە بۆ چەندین یارییە مێسی بە گۆلە جوانەکانی و ئاسیستە ناوازەکانی بردنەوە بۆ بارسا زامن دەکات یان بارسا لە دۆڕاندن ڕزگار دەکات، بەڕاستی ئەو یاریزانە بووەتە پێورێک بۆ ئەنجامەکانی بارسێلۆنا لە ماوەی ڕابردوودا، گەر مێسی لە لووتکە بوو یان لە ئاستی خۆی بوو، ئەوا بارسا بارودۆخی باش دەبێت، بە پێچەوانەش گەر ئەو یاریزانە بێ حەلە، بەهۆی پێکان یاری نەکات یان لە رۆژی خۆی نەبێت، ئەوا نە نێیمار و نەسوارێز دەتوانن تیپەکە ڕزگار بکەن نە لویس ئێنرکی ڕاهێنەریش دەتوانێت شتێک بکات، لەبەر ئەوەی پلانەکانی ئەو ڕاهێنەرە هەمووی لەسەر درەوشانەوەی مێسی دەوەستێت و تواناکانی دیاری کراون.

ئەوەی لەو ساتەدا بارسێلۆنا پێی دا تیپەڕدەبێت، پێم وانییە مایەی خۆشحاڵی هەوادارانی بارسێلۆنا بێت، چۆن دەکرێت ئەو یانەیەی کە لە ڕووی یاریکردنی بەکۆمەڵ باشترین یانەی جیهانە، بەم شێوەیە تەنها لەسەر توناکانی یاریزانێک یان دوو سێ یاریزان بوەستێت! ڕاستە هاندەرانی بارسا شانازی بە ئاستە بەرزەکەی مێسی دەکەن و هەمیشە لە هەموو کەوتنە خوارەوە و هەتا سووکە پێکانێکی ئەو یاریزانە دەستیان دەخەنە سەر دڵیان، نەوەکا ئەستیرەی نمرە یەکی یانەکە لە یاری کردن دوور بکەوێتەوە، ئەوان نایانەوێت بۆ ماویەکی کەمیش لە چێژی گۆڵە ئەفسووناوییەکان و ئاسیست و تۆپە جوانەکانی ئەو یاریزانە بێ بەش بن، بەڵام لە هەمان کاتدا لایان ڕوون و ئاشکرایە کە یانەکە پێویستی بە راهێنەرێکی بە توانا و بەئەزموون هەیە و هەروەها بە چەندین یاریزانی دیکە هەیە، بە تایبەتی لە هیڵی ناوەڕاست و بەرگریدا، لە هێڵی ناوەراست ئینێستا کە بەلانسی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیە تەمەنی گەورەیە و ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، هەروەها دابەزینی ئاستی سێرجیۆ بۆسکێتس و ماسکیرانۆ و ئاست نزمی (ئاندرێ گۆمێژ)ی یاریزانە پورتوگالییە تازەکەی کە ئاستی هەرگیز شیاوی یانەیەکی وەک بارسا نییە و یاریزانێکی زۆر ئاساییە، دەیسەلمێنن کە ئەو هێڵی کەم و کوڕی هەیە، هەروەها لە هێڵی بەرگریش بارسێلۆنا پێشتر بۆ چەندین وەرز هیڵی بەرگری شان بە شانی هیڵی هێرش بردنی هەمیشە بەهێزترینی لیگا بوو، بەڵام بەم دواییە ئاتلەتیکۆ مەدرید و ڤیاڕیاڵ بە بەهێزی بەرگرییان دەرکەوتن، بەهێزی هێڵی بەرگری یانەکە وەکو جاران نەما، لەکاتێکدا لەم وەرزە و لە وەرزی رابردووش بارسا هێڵی بەرگری باش نییە و کێشەی زۆرە و گۆڵی زۆری لەسەر تۆمار دەکرێت، بەمەش لە ئەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت کە بارسێلۆنای ئەو ساتە زیاتر بە ئاستی مێسی و درەوشانەوەی msn وەک گروپ بەندە، ئەوەی هاندەرانی یانەکەشی شۆک کردووە، ئەوەیە کە کارگێڕی یانەکە تازەکردنەوەی گرێبەستی مێسییان نەکردووەتە کارە سەرەکیەکەی یانەکە و زۆر بەساردو سڕی مامەڵە لەگەل بابەتەکە دەکەن، بێ ئەوەی ترسی چەند یانەیەکی گەورەی وەک مانچێستەر سیتی و پاریس سان جێرمان یان هەبێت کە چاوەڕیی هەلی گونجاون بۆ ئەوەی ئەفسانەکە لەگەل بارسا ڕێک نەکەوێت تا بە گرێبەستی خەیاڵی ڕازی بکەن !

لە کۆتاییدا، ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە تا کەی بارسێلۆنا بە هۆی ئاستە سەرسوڕهێنەرەکەی لیۆنێل مێسی ئەنجامی باش تۆمار بکات، تاکەی ئەو یاریزانە بارسێلۆنا ڕزگار دەکات و هەڵە کوشندەکانی لویس ئێنرکی ڕاهێنەر بەگۆڵە جوانەکان و ئاسیستەکان دەشارێتەوە، باشە گەر مێسی تووشی پێکانی مەترسدار هات، یانەکە چی بەسەر دێت ! ئەوانە هەمووی پرسیارن پێویستیان بە وەڵامە، جگە لەوەش بەرپرسانی بارسێلۆنا پێویستە بایەخ بە تۆکمە کردنی زیاتری یانەکە بدەن، بەتایبەتی لەو ساتەدا یانەکە بەدەست نەبوونی یەدەگی بەهێز کە شوێنی یاریزانە سەرەکییەکە بگرێتەوە کێشەی زۆری هەیە، ئایا دەکرێ لەگەڵ ئەو ڕاهێنەرە بارسێۆنایەکی بەهیزتر لە ئێستا و کامل ئەوساف ببینین یان دەبیت جارێکی دیکە دوای هەموو یارییەکی بارسێلۆنا قسەکەمان دووبارە و سێ بارە بکەینەوە و بڵێنەوە (دیسان مێسی ) !.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply