نووسراوەکەی بەردەم وەزیر!

Screen Shot 2017-01-15 at 11.51.32 AM
ئاراس ڕواندزی
بە بڕوای من جەماوەری هیچ شوێنێک بەقەد سەید سادقیەکان شایستەی یاریگایەکی گەورەو سەردەمیانە نین، ئەوان بەدەر لەوەی لە رووی ژمارەوە بێ رکابەرن، لە شێوازی هاندان و پاراستنی گیانی وەرزشیش یەکەمن، دیمەنەکانی یاری کۆتایی خولی یانە پلە دووەکانیش گەواهیدەری ئەو راستیەن کە وێنەکانی زیاتر لە تابلۆی هونەری دەچوون، نەک مەیدانێکی تۆپی پێ! هەموو ئەوانەی سەرەوە وایکرد سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان سەردانی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بکات و داواکاری دوو ستادیۆمی شایستە بە سەید سادق و کفری بخاتە بەردەمی، دیارە داواکەی کانەبی جگە لە دڵسۆزی و پەیامی خزمەتکردن، هیچ مانایەکی دیکە هەڵناگرێت، بۆیە من نامەوێ باس لەو لایەنە بکەم، بگرە ئەوەی باری سەرنج و جێگەی نیگەرانی منەو گەرەکمە تیشکی بخەمە سەر، بێ ئاگایی جەنابی وەزیرە لە کۆی رووداوە وەرزشیەکانی هەرێمەکەی! راستی من نازانم ئەو بەڕێزە تا چەند درک بە گرنگی رۆڵی وەرزش و پەیامە کاریگەرەکەی دەکات، چونکە ماوەی سێ ساڵە وەزیرە، کەچی تا ئێستا نەک شارێکی وەرزشی، بگرە یاریگایەکی بچووکیشی بنیاد نەناوە، لە کاتێکدا ژێرخانی وەرزشی باشوور وێرانەو تا ئێستاش پایتەختەکەی چاوەڕوانی هۆڵێکی وەرزشی داخراوە!
ئاخر من چۆن رەشبین نەبم، لە ماوەی تەمەنی دەستبەکاربوونی لە هەڤپەیڤین و چاڵاکیە جۆراو جۆرەکانیش نەمبیستووە ناوی وەرزش بێنێت، ئێستاش ماوەی دەسەڵاتی بەرەو کۆتایی دەچێت، کەچی تا ئێستا نەخشە رێگایەک یاخود پلانێکی بۆ پێشخستنی ئەم بوارە نەخستۆتە روو، دەترسم بڵێ دانانی میکانیزم و پلانیش پارەی دەوێ!!! کەوابێ ئەو وەزارەتەی وەرزشی پێ سپێردراوە، تەنها رووکەشەو هیچی لە هەگبەدا نیە! بۆیە من نیگەرانم لەوەی کە ئاواتی ئەو دوو تیپەی تازە پلیتی سەرکەوتنیان بۆ لیگی پلە یەک بەدەستهێناوە، لەسەر دەستی ئەو وەزیرەی ئێستا نایەتەدی، وەک چۆن لە ساڵانی پێشووتریش بە پارەو بودجەیەکی خەیاڵی هیچ یەکێک لە خەونە وەرزشیەکان نەهاتنەدی، کەوابێ ئەم نووسراوەش وەک ئەوانی پێشووتر تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەزو یادگارییەکی تاڵ دەمێنێتەوە. لەدوماهیدا جارێکی دیکە دووپاتی ئەو بۆچوونەم دەکەمەوەو پێموایە تاکە دەرچە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە، کردنەوەی دەرگای سەرمایەگوزاری وەرزشیە، ئەمەش بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت دەبێ کە رێگە بە بازرگانان و کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەکان بدات کە خاوەندارێتی یانەکان بکەن، رەنگە بڕیارێکی لەوشێوەیە سەرەتا ئاریشە بنێتەوە، وەلێ دوای چەند ساڵێکی کەم دەرهاوێشتە ئەرێنیەکان و لایەنە گەشەکانی ئەم هەنگاوە دەردەکەون، ئەوسا یاریگای نوێ و ژێرخانێکی باشترو لیگێکی بەهێزتریش دەبینین. Aras_rwandzi@yahoo.com
کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply