پیلانەکەیان سەری گرت

Screen Shot 2017-01-12 at 2.10.27 PM
یاریگا

لوقمان عەلی
هەموو شتێک یەکلایی بۆوە، لەلایەک کشانەوەی هەولێر بووە فەرمی، لەلایەکی دیکە، کۆچی یاریزانانی هەولێر بۆ یانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمەیش لەوەی یەکەم ئەستەمترە، گەیشتن بە دۆخی ئێستەیش لە ماوەی رابردوو پیلانێکی داڕێژراوو بوو، لە ساڵی رابردووەوە ئامادەکاری بۆ کراوە، ئەو پیلانەیش ئەمڕۆ سەری گرت و ئامانج لێی لاوازکردنی زیاتری پێگەی وەرزشە لە کوردستان، کەواتە ئەوەی ئەوان کاریان بۆ کرد هاتە دی و لەچەندان لایەوە لێی سوودمەندبوون و، لەم خاڵانەی خوارەوە زیاتر روونی دەکەمەوە:
۱ـ هەوڵدان بۆ لاواز کردنی پێگەو سەنگی یانەی هەولێر بەقۆستنەوەی داڕمانی باری دارایی یانەکە و سوود وەرگرتن لە نالەباری پەیوەندییەکان نێوان هەرێم و بەغدا.
۲ـ بەهۆی بوونی پارەیەکی زۆر، یانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەڵسان بە پەڵکێشکردنی یاریزانانی یانەکە، ئەمەیش لە وەرزی رابردووەوە کاری پێکرا، نموونەیش، هەردی سیامەند و کۆسرەت بایز و میران خەسرۆ.
۳ـ لەکاتی یارییەکانی یانەی هەولێر لە بەغداد و شارەکانی دیکە، یانەکە بەبەردەوامی هەڕەشەی لێکراوە و بەڵکوو یاریزانان بەبەردەوامی مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە.
٤ـ لەم وەرزەدا، بارودۆخی یانەی هەولێر وێرانتر بوو، نە یاریزانی سوپەر و پیشەگەری راستەقینە، نە راهێنەری بەئەزموون، ، نە بارودۆخێکی دارایی گونجاوو، ئەمانە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر یانەکە کرد و بەو رۆژەی ئێستای گەیاند.
٥ـ رووداوەکانی یارییەکەی نەجەف و هەولێر و درووشمەکانی هاندەرانی نەجەف دژی کورد وکوردستان، خاڵی وەچەرخانی ڕووداوەکان بوو و ئاراستەکانی بەرەو کشانەوەی یانەی قەڵاو منارە برد، بەمەیش ئامانجی ناحەزانی یانەکەی پێکاند.
٦ـ هەموو ئەمانەی سەرەوە، دەرئەنجام هەولێر کشانەوەی خۆی لە خولەکە راگەیاند، کە ئەمەیان ئامانجێکی تری ئەوان بوو.
۷ـ سیاسەتی پەڵکێشکردنی یاریزانانی یانەکە لەلایەن یانەکانی عێراقەوە پەرەی سەند وهەر دوای بڕیاری کشانەوەی هەولێر، چوار یاریزانی یانه‌کە په‌یوه‌ندییان به‌یانه‌ی نه‌وتی ناوه‌راست كرد و چەند یاریزانێکی دیکەیش لە جێهێشتی یانەکە نزیکن.
٨ـ (گولەی بەزەیی) ئەوەیە، کە یانەی هەولێر بەهۆی کشانەوەی لە خولی نایابی عێراق، بەپێی یاسای لێژنەی پێشبرکێکان لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق یانەکە بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی عێراق دادەبەزێندرێت، بەمەیش یانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە نەهاتنیان بۆ یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری دڵخۆش دەبن،لەهەمانکاتدا،رکابەریکردنی یانەیەکی وەک هەولێریان لەکۆڵ دەبێتەوە.

لەهەموو ئەوانە کارەساتتر، بەرهەمی خولی نایابی کوردستان بە فیڕۆدەچێت و ئەو یاریزانانەی کە دەرچووی ئەم خولەن، سوودەکەی بۆ یانەکانی دیکەی عێراق دەبێت و ئەوەی ئیدارەی یانەکەیش کە پێشووتر دەستیخستبوو، کورد گۆتەنی (ئاو ئاو چوو ).
کەواتە، یانەیەک خاوەنی مێژووێکی پڕشنگدار بێت، چوار ناسناوی خولەکەی هەبێت، دوو جاریش پلەی دووەمی جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیای دەستخستبێت و لەسەر ئاستی ئاسیاش خاوەن پێگەیەکی بەهێز بێت، ئەمە حاڵییەتی، وەرزی داهاتوو دوور لە گەورەکان و لەخولی یانە پلە یەکەکان یاری دەکات لە ئەگەری بڕیاری دابەزاندنی لە لایەن یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بەمەیش ناونیشانی ( حاڵم بەحاڵت نەبێت هەولێر ) باشترین پێناسەیە بۆ ئەو یانەیەی تا چەند ساڵێک لەمەو بەر لەسەر ئاستی عیراق، نمووونەی یانەیەکی پڕۆفیشناڵ بوو.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply