کشانەوە لە نێوان هەڵوێست و پەردە پۆشکردنی شکستدا!!!

screen-shot-2017-01-09-at-3-57-54-pm

یاریگا

ئاراس رواندزی
پێدەچێت یاریگای نەجەف بۆ یانەکەی قەڵاو منارە دوا ستادیۆمی وەرزشی بێ کە یاریزانەکانی بۆ رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی عێراق یاری لەسەر ئەنجامبدەن، دوای ئەوەی بە بیانووی گوتنەوەی دروشمی رەگەزپەرستانەو دوژمنکارانە دژ بە پێشمەرگەو هەولێرو کوردستان، یانەکە بەفەرمی کشانەوەی لە لیگەکە ڕاگەیاند.

لەم نووسینەدا مەبەستمە باسی هۆکارەکانی پاشەکشە کردن و راست و دروستی ئەو بڕیارەو کاردانەوەی شەقامی وەرزشی بکەم، لەگەڵ ئەوانەشدا گەرەکمە پلان و بەرنامەی دوای ئەو کشانەوەیە بزانم، راستی من یەکێک بووم لەوانەی کە پشتیوانی ئەم هەنگاوەم کرد، وەلێ بە مەرجێ میکانیزم و ئالیەتی گونجاوتر بۆ قۆناغی دوای کشانەوە هەبێت. ئێستا بڕیارەکە دەرچوو، بەشێکی شەقام و هەواداری وەرزشی بەئەرێنی و لایەکەی دیکەش بە نەرێنی دەزانن و بە تووندی دژی وەستاون، تا نووکەش کەس نازانێ هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت و تۆپی پێی ئەو شارە بە کوێ دەگات؟ بە بڕوای من بەر لە هەر شتێک پێویستبوو بەرپرسانی یانەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکبخەن، تا میدیاو جەماوەریش بە دروستی فاکتەرەکانی پشت ئەم بڕیارە بزانن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام بەداخەوە سازنەدانی تا ئێستا ناڕوونیەک دەردەخات و گومان دەخاتە سەر نیازو نەواخنی بڕیارەکە کەمن بەشبەحاڵی خۆم خوازیارم هۆکارەکەی کاردانەوەی رووداوەکانی یارییەکەی نەجەف بێت، نەک پەردە پۆشکرنی شکستیان لە دروستکرنی تیپێکی تۆکمەو بەدەستنەهێنانی ئەنجامی باش و نیشاندانی رووێکی سپی لای ئەو ئاشقانەی کە بەسەرماو گەرما دروشمی هەولێرە هەولێرەیان دەگوتەوە، چونکە گەر هەڵوێست وەرگرتنەکە لەسەر سوکایەتی کردن بەسیمبول و هێما نیشتیمانیەکان بوایە، ئەی بۆچی زاخۆش لەگەڵ ئێوە پاشەکشەی نەکرد، باشە ئەوانیش هاوبەشی ئەم خاک و پیرۆزیانە نین؟! بیانوێکی دیکەی ئەم کشانەوەیە سەلامەتی یاریزانەکان بوو، کەچی ئێستا یاریزانەکان بە لێشاو کۆچیان بۆ تیپەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستپێکردووە کە لەماوەی کەمی رابردوودا بە شوێنی مەترسیدار وێنا دەکرا! بۆیە ئەو پرسیارو گومانانە وەڵامی دروست و باوەڕپێکراوی لە زاری بەرپرسانەوە دەوێت.
ئێستاش پێویستە یانەکە باشترین ئەلتەرناتیڤ و بژاردە بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵبژێرێت، لە نووسینەکانی پێشووم ئاماژەم بە خولی کوردستان و لە دەرگادانی فیفا کردبوو، ئەوە کارێکە پێویستە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان تەواوی وزەو لینک و لۆبیەکانیان بەگەڕ بخەن، پێمباشە ( حوسێن سەعید) سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق راسپێردرێت و بکرێتە بەرپرسی ئەو کەیسە، ئەمەش بەهۆی نزیکی لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان و ئاشنایەتی و پەیوەندی لە مێژینەی لەگەڵ ئەندامانی یەکێتیە وەرزشیە جیهانیەکە، هەروەها بەهۆی زیاتر لە 20 ساڵ جێگرایەتی و سەرۆکایەتی یەکێتیە عێراقیەکەش، ئاشنایەتیەکی باشی لەگەڵ لێپرسراوانی وەرزشی زۆربەی وڵاتان هەیە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتیەکی بەهێزو ئەرێنی، گرنگیشە هاوتا لەگەڵ ئەو کەرەستانە پارێزەرێکی یاسایی بەئەزموون و شارەزا لەم بوارە هەبێت، ئەوکات دڵنیام خەونە لە مێژینەکەمان دێتە دی و یانەکانی کوردستان و هەولێرە تۆقێنەرەکەی جارانیش لەسەر ئاستی ئاسیا دەبینینەوە، وەلێ ئەمجارە بە ئاڵا گەشاوەکەی کوردان، نەک عێراق.
Aras_rwandzi@yahoo.com

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply