یانەی هەولێر بە فەرمی لە خولی عێراق دەکشێتەوە

15774954_10154311480201676_1665971164101156199_o
یاریگا
دوای ئەوەی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی داواکارییەکەی یانەی هەولێری سەبارەت بە دواخستنی یارییەکانی یانەکە بۆ تەواوی قۆناغی یەکەم ڕت کردەوە، یانەی هەولێر لەسەر زاری سەرۆکی یانەکە کشانەوەی لە خولی عێراقی بۆ تۆپی پێ ڕاگەیاند.

لەم بارەیەوە، دکتۆر.عەبدوڵڵا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێر ڕایگەیاند کە یانەکە بە فەرمی لە خولەکە دەکشێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوە بۆ بەرژەوەندی هەمووان باشترە و ئەوان ناتوانن هەستی ناڕەزایی و تووڕەبوونی جەماوەر بەرانبەر بە یانە میوانەکان کۆنڕۆڵ بکەن، دوای ئەو ڕووداوانەی چەند جارێک لە یاریگاکانی بەغدا و نەجف و چەند شوێنێکی دیکە بەرانبەر بە یانەی هەولێر و زاخۆ ڕوویان دا، هەروەها فیدڕاسۆنی تۆپی پێی عێراقیش هاوکار نەبوو بۆ ئەوەی یارییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر دوا بخات، تا کێشەکان چارەسەر بکرێت.

دوا بەدوای کشانەوەی یانەی هەولێر، فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەسەر زاری مەلا عەبدولخالیق مەسعوود ڕایگەیاند کە بەهۆی کشانەوەی یانەی هەولێر یانەکە ڕووبەڕووی سزایەکی قورس دەبێتەوە، ئەویش دابەزاندنی یانەکەیە بۆ خولی پلە یەکەکان بە پێی ئەو پەیڕەو پڕۆگرامەی لە یاساکانی فیدڕاسیۆنەکە هاتووە.

ئاشکرایە کە مانگی ڕابردوو بەهۆی سووکایەتی پێ کردن بە یانەی هەولێر و کورد و کودرستان لە یاری هەولێر و نەجەف لە شاری نەجەف هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆ کشانەوەیان لە خولی عێراقی ڕاگەیاند بەڵام لە چەند رۆژی ڕابردوو یانەی زاخۆ گەڕانەوەی فەرمی خۆی بۆ خولەکە ڕاگەیاند و لە دوایین یارییدا بەرانبەر بە حدود تووشی شکستێکی دیکە هات.

کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply