وتار| راھێنەرو یاریزانە لاوەکان سەلماندیان کە کوڕی رۆژی تەنگانەن

15870750_1229319093818043_854350656_n
بۆتان عومەر

ئەگەر چی قەیرانی دارایی زۆرێک لە کەرت و سێکتەرەکانی ژیانی گرتۆتەوە و کاریگەری لەسەر بژێو و قوتی خەڵکی کوردستان ھەبووە، وەرزشیش بەدەر نەبووە  لەم قەیرانە، بەڵام بەدیوێک خێری بۆ وەرزشوانە لاوەکان ھەبووە کاتێک یانەکانی کوردستان بەھۆی ئەم قەیرانەوە زیاتر پشتیان بە یاریزانی خۆماڵی و لاو بەست و  ئەمەش بەھرەی ھەندێک لە یاریزانەکانی دەرخست و یانەکانیان ناچارکرد بەجۆرێکی دیکە سەیری یاریزانانی خۆماڵی بکەن، تەنانەت ئەم یاریزانانە لە دوایدا ببنە یاریزانی سەرەکی یانەکانیان .

ئەم قەیرانە ئەو دەرفەتەی  بۆ یاریزانە لاوەکان ڕەخساند تا بیسەلمێنن کوری رۆژی تەنگانەن ،ھاوشێوەی ئەو پەندەی دەڵێت “دووچاربوونی ھەندێک کەس بە بەڵا بەخێر بۆ ھەندێکی دیکە تەواو دەبێت” دەکرێت ئەم ئەزموونە بۆ ڕاھێنەرانیش بگوازرێتەوە و واز لە ئالۆگۆری ئەو پۆستانە بھێنین کە چەند ڕاھێنەرێک بەدەووری خولی کوردستان دەخولێنەوە .

بەنمونە ئەگەر ئەمساڵ ڕاھێنەرێک لە یانەیەکی شاری ھەولێربێت ئەوا  سبەی لە یانەیەکی شاری سلێمانیە و کارگێری یانەکانیش تەنھا چاویان ئەو ڕاھێنەرانە دەبینیێت کە سالانێکە پلانەکانیان لە خولی کوردستان ئاشکرابووە و ھیچ گۆڕانکاریەکیشی بەسەر نەھاتووە  ،ھاندەرانیش شارەزاییان لەسەر پلانەکان ھەیە و دەزانن  ئەم ڕاھێنەرانە  بە چ پلانێک یاری دەکەن و شێوای یاریکردنیشیان دەزانن.

ئەمە جگە لەوەی لە یانەیەک شکستی ھێناوە بۆچەند رۆژێکی دواتر لە یانەیکی تر کاری ڕاھێنەرایەتی پێ دەسپێردرێت بێ ئەوەی کارگێری یانەکان بیر لەوە بکەنەوە ئەم ڕاھێنەرە بەھۆی بێ ئەنجامی لەئەرکەکەی دوورخراوەتەوە. پاشان ئایا دەبێت چی بۆ یانەکەی تۆ پێبێت لە کاتێکدا چەندین ڕاھێنەری لاوی بە توانای لە کوردستان بێ یانەیە و بە کۆمەلێک پلان دەخولێنەوە، ھەروەک چەندین ڕاھێنەری ئەزموونداری  زۆرباشیش  ھەن کە دەبێت سوود لە ئەزموونیان ببینین.

دەرفەت دان بەڕاھێنەری لاو لە کوردستان بۆتە سەرکێشی و ژمارەی ئەو یانانەش کەمن کە دەتوانن ئەم بڕیارە بدەن، بەلام لە ئەوروپا ئەگەر سەیر بکەین ریال مەدرید بێ دوودڵی زیدان کردە ڕاھێنەر و ئەنجامەکانیشی  وەک کورد دەڵێت (ھاوشێوەی مانگی چواردەیە و پێویستی بە پەنجەی دەست نیە)، ھەمووان دەزانن پێش یانەی شاھانە یانەی بەرشلۆنە  دەرفەتی بە گواردیۆلادا و  دۆرتمۆندیش  ئەم دەرفەتەی بە یۆرگن کلۆپ بەخشی، لە کوردستانیش چەند نمونەیەکی زیندووی  کەم ھەن ئەوانیش   سەرکەوتووبوون .

لە ئێستادا لەم کوردستانە چەندین ڕاھێنەری لاوی بەتوانا بوونیان ھەیە و بە ئاستی باشیشان دەتوانن گۆڕانکاری بەسەر ئاست و ئەنجامی یانەکان بھێنن و رووێکی دیکەی گەشیش بە تۆپی پێ ی کوردستان ببەخشن، لە ھەمان کاتدا ئەم راھێنەرانە لە رێگایەکی ئەکادیمی دێنە ئەم گۆڕپانە .

ئەوەی سەرمان لێی دەرناچێت ئەوەیە  یانەکان ترسیان لە ڕاھێنەری لاو ھەیە یان بڕیار بەدەستنین، یانیش بەگشتی یانەکان ترسیان لێنیشتوە و ناتوانن ئەم بریارە بدەن پشت بە ڕاھێنەری لاو یاخود ئەکادیمیی ببەستنت ، چونکە ئەوان تەنھا ئەنجامیان دەوێت، باکیان بە پێشکەوتنی وەرزش نییە.

بڕواشمان وایە زۆربەی ڕاھێنەرە لاوەکان لەو ڕاھێنەرانە باشترن کە لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەکی تر بە کۆمەڵێک شکستەوە ئالوگۆریان پێدەکرێت، نازانم ئەوانە گۆچانی سیحریان لە لایە بۆ ئەوەی بتوانن  بە چاوتروکانێک یانەکانی دیکە لە ئەنجامە خراپەکان رزگار بکەن لە کاتێکدا خۆیان لە خراپی کۆتایی بە ئەرکەکانیان ھێندراوە .

ئیتر با ئەم ڕاھێنەرانەش بیرێک بکەنەوە کە لەسەردەمی بێ ڕاھێنەری ئەوان پاڵەوان بوون ،بەلام ئێستا کۆمەلێک لاوی بەتوانا  دەیانەوێت بە زانستەکەیان خزمەتێک بە یانەکان و یاریزانانی کوردستان بکەن .

با ئەم پەندە کوردیەمان لەسەر جێ بەجێ نەبێت کەدەلێت :” کوێر تا ئەمرێ بەتامای دوو چاوی ساغە ” ئێمەش تاکو کۆتایی چاومان لەوڕاھێنەرانە بێت .

کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply