بەراوردكردنی نێوان یاریزانان تەنها لە ڕووی ژمارەوە .. درۆیەكی تازەیە لە تۆپی پێی سەردەمدا

31

نووسینی: ئەحمەد موختار … وەرگێڕانی: كامەران پاڵانی     (به‌شی یه‌كه‌م)

بیرۆكەی ئامارەكان لەم چەند ساڵەی دواییدا زۆر بە بەهێزی بڵاوبۆتەوە, زمانی ژمارەكان بۆتە سەرچاوەی سەرەكی هەواداران و هەندێك لە شیكەرەوەكان, بەشێوەیەك تیپەكان پشتیان بەستۆتە كۆمپانیا تایبەتەكانی ئەم بوارە, لەپێناو هەماهەنگی بەردەوام لەبۆ زانینی ئاستی یاریزانان لە نێو یاریگادا, هەربۆیە ئەم ماددەیە بۆتە سەرچاوەی سەرەكی هەواداران و هەندێك لە شیكەرەوەكان لە بەراوردكاریەكانیان كە لە ڕێگەی هەردوو تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و تویتەر ئەنجامی دەدەن.

نیوەی جامەكە: ئەم یاریزانە باشترینی جیهانە, چونكە 100 گۆڵی تۆماركردووە و 70 گۆڵیشی دروست كردووە, لە كاتێكدا ڕكابەرەكەی شایەنی پلەی دووەمە پاش ئەوەی 90 گۆڵی تۆماركردووە و 65 گۆڵیشی دروست كردووە, ئا بەم شێوەیە بوو بڕیاردان لەسەر تۆپی ئاڵتوونی لەم چەند ساڵەی دواییدا, خاوەنی زۆرترین (گۆڵ یان پاڵەوانێتی) وەك ژمارە شایستەیە, ئیتر برەودان و بازاڕگەرم كردن بەم بیرۆكەیە دەست پێ دەكات تاكو كاتی ئاهەنگی تۆپی زێڕین.

ئەم كارە تەنها پەیوەست بە باڵۆن دۆڕ و پاڵەوانێتیەكانی فیفاوە نییە, بەڵكو بڕیاردانی تەواو لەسەر ئاستی یاریزانێكی دیاری كراو لە ڕێگەی ئەو ژمارە و ڕیكۆردانەی تۆماری كردووە دەگرێتەوە, بە مانای ئەوەی ناوەندسازێك 150 پاسی دروستی لە یاریەكدا هەبێت, ئەوا ئەوباشترین پاسدەری یاریەكە, بێ گوێدانە دیاری كردنی گرنگی پاسەكان, ئایا پاسی درێژن یان كورت؟ تیپی دژبەر چۆن یاری دەكات؟ ڕەنگە بە شێوازی بەرگری دواوە یاری بكات و ناوەندسازەكە مەودایەكی فراوانی دەست بكەوێت كە سەربەستانە یاری بكات.

تەنانەت (شووت)ەكانیش لەم یاسایەدا بەدەرنەبوون, یاریزانێك هەیە باشترین شووتلێدەرە, چونكە ڕێژەیەكی زۆر شووتی ئاراستەی گۆڵی دژبەر كردووە, سەرەڕای ئەوەی دیقەتی شووتەكانی نەگەیشتۆتە 40%. هەروەها یاریزانێكی تر دیقەتی شووتەكانی دەگاتە 75%, ئەوا بە باشترین شووتلێدەر هەژماری دەكەن, بەڵام كە تەماشای ژمارەی شووتەكانی دەكەیت, دەبینیت تەنها 4 شووتی ئاراستەی گۆڵ كردووە.

لەسەر ئاستی دریب كردنەكان (المراوغات), محمود داهودی یاریزانی بروسیا مونشن گلادباخ لە یاریەكەی بەرامبەر بەرشەلۆنە 4 دریبی ئەنجام دا, بە باشترین دریبكاری یاریەكە هەڵبژێردرا, سەرەڕای ئەوەی تیپەكەی ئاستێكی وای پێشكەش نەكرد كە شایەنی باس كردن بێت و بە ئەنجامی 4-0 دۆڕان, بە گەڕانەوە بۆ كاریگەری دریبەكانی, دەبینین دریبەكانی هیچ كاریگەریان نەبووە و دووربوون لە شوێنی ترسناك, بەڵام كەس توانای پەڵپ گرتنی نییە, لەبەرئەوەی ژمارەكان وەردەگرین و بێ ووردبوونەوە و دیراسەكردنی بڵاویان دەكەینەوە.

ستەمی ژمارەكان: ستیفان رینارتز یاریزانێكی نەناسراوی ئەڵمانی, ماوەیەك وەك ئیرتیكازی بەرگری یاری بۆ بایەرن لیڤەركۆزن كرد, پاشان پەیوەندی بە یانەی فرانكفۆرتەوە كرد, بەڵام تووشی پێكانێكی قورس بوو, بەو هۆیەوە نزیكەی ساڵێك پێش ئێستا بە یەكجاری وازی لە یاری كردن هێنا, ڕووی كردە كاری تەكتیكی بەڵام بەشێوەیەكی جیاواز. ڕینارتز هەوڵی نەدا ببێت بە ڕاهێنەر یان ناوبژیوان, بەڵام بڕیاری دا جیهانی ئامارەكان بەرەو پێشەوە ببات لە سۆنگەی بڕوابوونی بەو ستەمە دیارەی كە دەرهەقی چەندین یاریزان دەكرێت لە ئەنجامی پێوەری هەڵەی ئەم ڕوونكردنەوانەوە.

رینارتز لە گفتوگۆیەكی ڕابردووی لەگەڵ ماڵپەڕی (Espn) دەڵێت:- هەستم كرد ژمارەكانی (هێشتنەوەی تۆپ, پاس, دریب) ئەنجامی تەواوی ئاستی یاریزان دەرناخەن, هەربۆیە لەگەڵ یانس هیگلەری هاوكارم – پێكەوە لە یانەی بایەر لیڤەركۆزن یاریان كردووە – بڕیارماندا هەردووانمان تەركیزمان بخەینە سەر بەرەو پێش بردنی دوایین سەرنج لەسەر پاس و دیقەتەكەی.

لە ماوەی 18 مانگ كاركردنی بەردەوامدا, ستیفان و یانس سەركەوتوو بوون لە دەرهێنانی بیرۆكەیەكی نوێ كە بە      (Packing + Impact) ناودەبرێت, لە ڕێگەی هەژماركردنی ژمارەی ئەو یاریزانانەی كە پاسێك یان دریبێك بۆتە هۆی بڕینیان لە نێو یاریگادا. بە واتای ئەوەی ئەم پاسە كاتێك جوانە كە سەربكەوێت لە بڕینی بەربەستێكی سەختی یاریزانان, نەك تەنها هەر پاسێكی ئاسایی بێت لە یاریزانێكەوە بۆ هاوڕێكەی لە هەمان هێڵدا.پاش تێبینی كردنی ئەمە, پاكتاوكردنەكە بە شێوەیەكی وردتر ئەنجام دەدرێت ئەمەش لە ڕێگەی دیاری كردنی ژمارەی ئەو بەرگریكارانەی كە پاسەكە یان دریبەكە تێی پەڕاندوون, لەبەرئەوەی كاری ئەمان زۆر گرانترە لە هاوڕێ هێرشبەرەكانیان كە بە ئاشكرا هاتوهاواریانە و داوای تۆپ دەكەن.

32

نموونەیەك بۆ ڕوونكردنەوە, لە یاریەكی كۆنی نێوان بەرشەلۆنە ومەلەگادا, پاسێكی جاڤی هێڵەكانی بڕی و بە یەكجار 8 یاریزانی مەلەگای تێپەڕاند, دانی ئەلڤێز پاسەكەی وەری گرت و دای بە میسی, میسیش گۆڵی پێ تۆمار كرد. لێرەدا چاڤی 8 خاڵ وەردەگرێت, ئەلڤێز هەمان خاڵ یان خاڵێك كەمتر وەردەگرێت, بەهۆی جوڵە و بڕینی هەموو هێڵی بەرگری, هەربۆیە ئەم نموونەیە پاڵپشتییەكی تەواو دەبێت بۆ ئەو یاریزانانەی كە بە پاسەكانیان هێڵەكان دەبڕن.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply