پەیامەکەتان گەیشت!!!

screen-shot-2016-12-20-at-11-49-18-am
ئاراس رواندزی
هەفتەی رابردوو یاریگای نەجەف گەورەترین تراژیدیای وەرزشی بەخۆوە بینی، کاتێک یانەکەو جەماوەری ئەو شارە بە قێزەونترین شێوەو گوتنەوەی چەندین دروشمی رەگەزپەرستانە و سەیر پێشوازیان لە تیپە میوانەکەیان کرد، ئامانجی هەولێرییەکان لەم گەشتە سازدانی یارییەکی تۆپی پێ بوو، کەچی دروشمەکان زیاتر مەیدانی جەنگ و شەڕێکی یەکلاکەرەوەیان نیشاندەدا، نەک یاریگایەكی تۆپی پێ! هاندەرانی نەجەفە ئەشرەفەکە بە جنێودان و سوکایەتیکردن بە کوردو پێشمەرگەو هەولێری پایتەخت و گوتنەوەی بەردەوامی (أربیل داعشیە)، پەیامێکی دوژمنکارانەو راشکاوانەیان بە یانە کوردییەکان گەیاندو نوێترین داهێنانیانیشیان لە بواری هاندانی وەرزشی خستە روو،
هەروەها بۆ یەکەمجاریش وێنەی راستەقینەی خۆیان نیشانی ئێمەی کورد دا، لە کاتێکدا پێشووتر وەک دۆستێکی دێرین خۆیان وێنا دەکرد! دیارە مێژوو سەلماندووییەتی ئەوان هەمیشە نمەک حەرام و بێ وەفان، ئەگینا شاری هەولێر بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک مەیدان و یاریگای تیم و هەڵبژاردەکانیان بوو، لە کاتێکدا گەر یاریگاکەی قەڵاو منارە نەبوایە، لە ناوچەی سەوزی بەغداش نە دەوێران نەک خولێک، بگرە یارییەکی دۆستانەش ساز بکەن!

لەو خولە شکستخواردووە بکشێنەوە

لە راستیدا دیدو تێڕوانینی بەشێک لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان زۆر توڕەو نیگەرانی کردووم، باشە پێویستە چەند جاری دیکە سووکایەتی بە سیمبول و پیرۆزییەکانمان بکرێت، تا ئەوان تۆزێک دڵیان نەرم بێت و بە کرداری و بێ پاشگەزبوونەوە لەو خولە شکستخواردووەو تەواوی چاڵاکیەکانی دیکە بکشێنەوە؟ ئایا تەواوی ئەو سووکایەتی و قینە ناوەرزشیە بە پێنج ملیۆن دینار سزا پاک دەبێتەوە؟ ئەی چوار یاری سزادانی نەجەف برینی ئێمە سارێژ دەکات و دەبێتە فاکتەری گەڕانەوەی دوو یانە کوردییەکە؟ یاخود چ گرەنتیەک هەیە دوای گەڕانەوە رووداوی هاوشێوە روونەداتەوە؟ بێگومان هیچ گەرەنتیەک نیەو وەک رووداوەکانی پێشوو سەد بارەش دەبێتەوە، کەوایە با بەرپرسانی وەرزشی و سەرۆک یانەکان چیتر حیکمەت و لایەنە ئەرێنیەکانی ئەو خولە شیرینەمان بۆ باس نەکەن و بەیەکجاری ماڵئاوایی لێبکەن. هەمیشە گوتوومە یانەکانی ئێمە کات بە فیڕۆ دەدەن و پارەشیان دەخەنە گۆمەوە، چونکە ئەو لیگەی دەستپێکی لەگەڵ کۆتایی هەموو خولەکانی جیهانە، هیچ پرەنسیپ و ستانداردێکی جیهانی تێدا نیەو تاکە سوودێکیش بە یاریزانان و وەرزشی هەرێمەکەمان ناگەیەنێت.
دواتر من بە پێویست و باشی نابینم بەشداری رکابەرییەکانی وڵاتێکی عەرەبی داگیرکەر بکەین کە کلتوورو زمان و مێژوو و جواگرافیاو ئایدیای لەگەڵ ئێمە جیاواز بێت و وەک بێگانەو دوژمن لێمان بڕوانێ، بۆیە باشترین ئەلتەرناتیڤ و رێگە چارە بۆ بەردەوامبوون و بەرەپێشچوون، گەڕانەوەیە بۆ لیگە خۆماڵیەکەی کوردستان.

رووەو کوردستان هەنگاو بنێن

بەداخەوە ئێمەی کورد هەمیشە کارو کردەوەکانی بەرامبەر بە گرینگ و ئەوانەی خۆشمان بەکەم و بێ بایەخ دەبینین، ئەگینا بە ویژدانم ئەو پارەیەی یانە کوردییەکان لە یاریزانانی عەرەب و خولی عێراقی سەرف دەکەن، گەر بۆ خولی کوردستانی بە گەڕ بخەن، ئاستی خولە ناوخۆییەکەمان هاوشێوەی لیگە بەهێزەکانی کەنداوی لێدێت، وەلێ تۆزێک کاری دڵسۆزانەو خزمەتی دەوێت. بۆیە من جارێکی دیکە لە رێگەی ئەو نووسینەوە داوا لە بەرپرسانی وەرزشی دەکەم کە پشت لە عێراق و رووەو کوردستان هەنگاو بنێن، با خزمەتی گەنج و لاوانی خۆمان بکەین و تواناکانیان پێشبخەین، چونکە ئاوات و خەونی لە مێژینەمان تەنها بەدەستی ئەوان دێتە دی، نەک بە خولی عێراق ویاریزانانی عەرەب !

رووداوەکەو کلیلی فیفا

لە ئێستادا گرنگترین کار بۆ ئێمەی کورد بەپەلە گەڕان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی یاساییە بۆ چوونە نێو دامەزراوەی فیفا، لێرەدا بە پێویستی دەزانم کۆنفڕانسێکی مەزن لەمبارەوە بە بەشداری یاساناسان و ئەکادیمستان و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندار بە وەرزشی کوردستان سازبکرێت و هەموو رێگاکانی گەیشتن بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیە جیهانیەکە تاوتوێ بکرێت، بە بڕوای من ئەو روداوەی نەجەف و ئەوانی پێشتریش دەکرێ وەک کلیلێک بۆ داواکردنی ئەو مافە بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆو لە رێگەی دۆست و لینکەکانی دەرەوەش پاڵپشتی بۆ ئەم هەنگاوە کۆبکرێتەوە، دڵنیام ئەم هەوڵە ئەنجامی پۆزەتیڤی دەبێت.

خەونەکەیان لەبار چوو

یارینەکردنی یانەکان و هەڵبژاردەکانی عێراق لە یاریگاکانیان و هەڵگرتنی ئەو سزایە، یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی کە بەرپرسانی وەرزشی عێراق زۆرترین کاری بۆ دەکەن، شەقامی وەرزشی عەرەبیش زۆرترین ئومێدیان بەو خەونە هەیە، لە پێشوودا تەنها رێگە بە یاریگای فرانسۆ هەریری درابوو کە یانەی هەولێر رکابەرییەکانی ئاسیای لێیەوە ساز بکات، هەروەها هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقیش چەند یارییەکی فەرمی و دۆستانەی لەم ستادیۆمە ئەنجامدا، بەڵام زۆری نە خایاندو دووبارە سزاکە سەپێنراوەو گشت چاڵاکیە نێودەوڵەتیەکانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات گواسترانەوە. ئەمجارەش فیدراسیۆنی تۆپی پێ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەرزشی بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕوانی هاتنی شاندەکەی فیفا دەکەن، بۆ ئەوەی دەربارەی گەڕانەوەی یارییەکان رازیان بکەن، وەلێ لە واقیعدا هەموو ئەو ئومێدانە تەنها دەچنە چواچێوەی سۆزو خەیاڵ، چونکە دیمەنە قێزەونەکانی یاریگای نەجەف و نیشاندانی لە کەناڵە ئاسمانیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەموو ئومێدەکانی لەناوی برد، ئاشکرایە نەبوونی ئاسایش و رێکخستنێکی رێک و جەماوەرێکی ئاژاوەگێڕو دواکەوتوو، گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم هەڵگرتنی ئەو سزایەن، بەهۆی ژینگەیەکی ناتەندروست و ناحاڵیبوونی جەماوەریش لە وەرزش و پەیامە ئاشتیخوازەکەی، ئەستەمە عێراق بتوانێ چاکسازی و کاری جدی لەسەر ئەو خاڵانەی سەرەوە بکات، کەوابێ ئابلۆقە وەرزشیەکەش بەخۆیان خۆش و هیوادارم شینەکەیان هاوشێوەی حەسەن و حوسێن زۆر قوڵ و درێژ خایەن نەبێت!
کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply