دادگاى نێوبژیوانى وەرزشی (CAS)

ئاماده‌کردنی : م.یونس عوسمان عەلی

cas

دادگاى نێوبژیوانى وەرزشی کەناسراوە بە (CAS) کورتکراوەى COURT OF ARBITRATION FOR SPORT دامەزراوەیەکى سەربەخۆیە کە هەڵدەستێت بە یەکلایکردنەوەى ئەو کێشانەى کە پەیوەندیان بە وەرزش هەیە ئەویش لەڕێگەى ناوبژیوانى یان نێوەندگیرى.

هەروەها هەڵدەستێت بەپێشکەش کردنى ڕاوێژى یاسایی بۆئەو کێشەو بابەتانەى پەیوەندى بەوەرزش هەیە ،وەلەڕووى کارگێرى ودارییەوە لەلایەن ئەنجومەنى نێودەوڵەتى بۆ نێوبژیوانى نێودەوڵەتى سەرپەرشتى دەکرێت کەناسراوە بە (ICAS) ،وە ئەم دادگایە بارەگاکەى لەشارى لۆزان لە سویسرایە و ساڵى 1984 دامەزراوە.

سەبارەت بەویاسایانەى کە جێ بەجێیان دەکات بریتیین لە سیستەمى بنەڕەتى یەکێتى تۆپى پێ ى جیهانى (FIFA)ویاساکانى سویسرى ویاساکانى وڵاتانى ترى جیهان وە سەبارەت بەو کەسانەى مافی بەرزکردنەوەى داواى یاسایان هەیە لەبەردەم ئەم دادگایە ئەوا بریتین لە هەموو ئەو کەسانەى یان دامەزراوانەى کە لێهاتوویی و شایستەى یاسایان هەیە کە ئەمانەش یاریزانەکان و بریکارى یاریزانەکان ویانە وەرزشیەکان ویەکێتیە وەرزشیەکان وئەو لایەنانەى کە هەڵدەستن بە ڕێکخستنى چالاکیە وەرزشیەکان و ئەو کەسانە ولایەنانەى سەرپەرشتیارى چالاکیە وەرزشیەکان دەکەن هەروەها کۆمپانیاکانى تایبەت بەگواستنەوەو پەخشی تەلەفزیۆنى یارییەکان هەروەها کۆمپانیاکانى تایبەت بە بەرهەمهێنانى کاڵاو شتومەکە وەرزشیەکان دەگرێتەوە.بەشێوەیەکى گشتى پەنابردن بۆ ئەم دادگایە ئارەزوومەندانەیەو دەوەستێتە سەر ویستى لایەنەکان بۆیە ناکرێت کێشە وەرزشیەکان ببردرێتە بەردەم ئەم دادگایە ئەگەر هاتوو پێشتر لایەنەکان ڕێکەوتنى ناوبژیوانیان لە نێوانیان نەبێت کە تێدا هاتبێت لەکاتى ڕوودانى کێشە وەرزشیەکان بۆ چارەسەرکردنى پەنا بۆ ئەم دادگایە دەبەن هەروەها وڵاتەکانیش دان بنین بەدەسەڵاتى ئەم دادگایە بەڵام لەڕووى کردارەکیەوە هەموو یەکێتیەکانى ئۆلمپیادى نێودەوڵتى وناوخۆیی دانیان ناوە بەدەسەڵاتى ئەم دادگایە بۆ چارەسەرکردنى کێشە وەرزشیەکان.

بەشێوەیەکى سەرەکى دوو جۆر کێشەو داواى یاسایی لەبەردەم ئەم دادگایە بەرزدەکریتەوە یەکەمیان ئەو کێشە وداوایانەى پەیوەستن بە لایەنى دارایی وەکو جێ بەجێ کردنى گرێبەستى گواستنەوەى یاریزانان لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەکى تر وگرێبەستى سپۆنسەرى بۆ چالاکیە وەرزشیەکان و گرێبەستى فرۆشتنى مافەکانى گواستنەوە وپەخشى تەلەفزیۆنى هەروەها دووەم جۆرى ئەو کێشە وداوایانەى پەیوەستن بە لایەنى ڕێککارى و سزاى ڕێککارى وەکو خواردنەوەى مادەى وزەبەخش لەلایەن وەرزشوانەکان و کارى توندوتیژى وئاژاوەگیرى نێویاریگا وەرزشیەکان.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

سەرنووسەری ماڵپەری یاریگا

Leave A Reply