ئەگەر میسی نەبێت “ئەرجەنتین و بەرشەلۆنە كۆتاییان دێت”

35

نووسینی: هێمن عوسمان

لیۆنێل ئەندرێس میسی كوكسیتینی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی دیاری یانەی بەرشەلۆنە و تۆپی پێی جیهان ، هەركات لە یاریگادا نەبێت ، كێشە و قەیرانەكان روو لەو شوێنە دەكەن، لێرەدا باس لەوەدەكەین ، بۆچی میسی نەبێت هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بەرشەلۆنە كۆتاییان دێت، ئایا بۆچی بە بێ‌ بوونی میسی ، زۆربەی كاتەكان تانگۆی ئەرجەنتین و بەرشەلۆنەی كەتەلۆنی ڕووی راستیان دەركەوێت ، ئاخۆ ئەم یاریزانە لە ئاسمانەوە هاتووە یاخود ئەستێرەیەكە كە قورسایی یانزە یاریزان لەسەر شانی خۆی دەگرێت؟

هەمووان لە ئێستا و ماوەی رابردووشدا بینیومانە، هەركات ئەرجەنتین و بەرشەلۆنە بەبێ‌ میسی یارییان كردبێت ، ئەوا روبەرووی زەحمەت و نەهامەتی بوونەتەوە،  بۆنمونە ئەرجەنتین چەندین یاریزانی بەتوانای هەیە لەوانەش ( ئەگوێرۆ و  هیگواین و دیماریا و ئۆتامێندی و ماسكیرانۆ …هتد)، بەڵام نەیانتوانی لەبەرامبەر هەڵبژاردەی پیرۆ سەركەوتن تۆماربكەن، لە كاتێكدا ئەگەر میسی بەشداری بكردایە ئەوا رەنگە ئەنجامەكە بەم جۆرە نەبوایە ، یاخود ئەگەر تەماشای یانەیەكی گەورەی وەك بەرشەلۆنە بكەین ، لە دوا یارییاندا لەبەرامبەر سێڵتاڤیگۆ دوچاری شكست بوونەوە، بە ئاشكرا دوركەوتنەوەی میسی كاردانەوەی تەواوی لەسەر یاریزانەكان دروستكرد و لە ئەنجامیشدا شكستیان هێنا ، كەواتە دەتوانین بوترێت ئەگەر میسی نەبێت، ئەوا هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی بەرشەلۆنە لەناودەچن” لەناوچوون بەمانای نەمان نا، بەڵكو بەو مانایەی كە روبەرووی كێشەی گەورە و شكستی بەردەوام دەبنەوە”.

میسی ، ئەستێرەیەكی گەورەیە لە جیهانی تۆپی پێ‌ دا و بەبێ‌ ئەم یاریزانە ، خۆشییەكانی تۆپی پێ‌ مانا گەورەكەی خۆی لەدەست دەدات، لیۆنێل ئەندرێس میسی بە بڕبڕەی پشتی قوتابخانەیەكی گەورەی تۆپی پێی وەك بەرشەلۆنە و ئەرجەنتین دادەنرێت، هەربۆیە ئەستۆی سەركەوتنەكان بەردەوام خراوەتە سەرشانی ئەم ئەستێرەیە”. ئەگەر چاوێك بە رابردوودا بگێڕینەوە، دەبینین هەركات میسی لە یاریگادا بووبێت، زۆرترین كاتەكان ئەو یانەیە ، یان هەڵبژاردەیە سەركەوتنی بەدەست هێناوە، بە دوركەوتنەوەشی زۆرێك لەكاتەكان شكست روبەرووی یانەكە یاخود هەڵبژاردەكە بۆتەوە”.

لە ساڵی (2004)وە ، كە میسی هاتۆتە ریزی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە ، زیاتر لە 29 نازناوی گرنگی لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان بەدەستهێناوە، هەرچەندە ئەم ئەستێرەیە نەیتوانیوە سەركەوتوبێت لە بردنەوەی نازناوی گەورەی وەك مۆندیال و كوپا ئەمریكا بۆ هەڵبژاردەكەی، بەڵام ئەمانە مانای خراپی ئاستی ئەم یاریزانە نەبووە، هەمیشە میسی بە گەورە و سەرداری یاریزانەكانی نێو یاریگا دانراوە و هەموو توانای بەكارهێناوە تا هاوكاری سەركەوتنەكانی هەڵبژاردە و یانەكەی بكات”.

ماوەتەوە بوترێت ، بە گەرانەوەی میسی و بەشداریكردنی لە یارییەكانی تانگۆی وڵاتەكەی و بەرشەلۆنەی كە تەلۆنی زۆربەی كێشە و قەیرانەكانیان كۆتایی پێ‌ دێت و گەورەی و ناوبانگیان بۆ دەگەرێتەوە، بە یاری نەكردنیشی، ئەوا دەتوانین بڵێین یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین كۆتاییان پێ‌ دێت”.

کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply