دیمانه‌ی یاریگا له‌گه‌ڵ پێشڕه‌و عزیزی کاپتنی یانه‌ی داڵکورد

پێشره‌و عه‌زیزی (پاشا)

پێشره‌و عه‌زیزی (پاشا)

یاریگا-له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی  کۆچی کوردان بۆ هانده‌ران له‌ ٣٠ ساڵی رابردوودا  ، چه‌ندین جار یانه‌ی کوردی له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌کانی ئه‌ورووپا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌. به‌ڵام له‌ نێویاندا  یانه‌یه‌ک  مێژووی نوسییه‌وه‌ و سه‌رکه‌وتنه‌کانی گه‌شتنه‌ لوتکه‌. ئه‌ویش یانه‌ی داڵکورده‌ له‌ سوید.  داڵکورد ئێستا له‌ خولی پله‌ یه‌کی ئه‌و وڵاته‌دایه‌ و چانسی گه‌یشتنی هه‌یه‌ به‌ خولی پله‌ نایابی سوید ئه‌وه‌ش درگایه‌ک ده‌بێت بۆ به‌شداریکردن له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ ئه‌ورووپییه‌کان.

یاریگا  دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ پێشڕه‌و عه‌زیزی کاپتنی ئه‌و یانه‌یه‌ ئه‌نجامدا که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ شۆرشه‌که‌ی ئه‌و یانه‌یه‌.

+  سڵاو کاک پێشڕه‌و ، سه‌ره‌تا خۆتمان پێ بناسێنه‌ له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیکردنت به‌ داڵکورد

– سڵاو ! پێشڕه‌و عه‌زیزی ناسراو به‌ پاشا  خه‌ڵکی شاری بانه‌م له‌ رۆژهه‌ڵات. له‌ دایکبووی شاری سلێمانی . له‌ ساڵی ٢٠٠٠ چووینه‌ هه‌ولێر و پاش چه‌ند ساڵێک ماڵمان چووه‌ سوید. له‌ سوید ده‌ستم کرد به‌ یاری بۆ تیپێکی بچووک.  پاشان له‌ ١٤ ساڵیدا  بانگکرام بۆ تیپی سیرانسکا . له‌وێ دوو ساڵ له‌گه‌ڵ تیپی گه‌نجان یاریم کرد و له‌ ١٦ ساڵیدا   گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ  تیپی گه‌ورانی سریانسکا نوسی. ئه‌وکات سریانسکا له‌ خولی پله‌ ٤ی سوید بوو. هه‌ر چوار خوله‌که‌مان برده‌وه‌ و گه‌شتینه‌ خولی نایابی سوید ناسراو به‌ ئاڵسڤێنسکان.  له‌ ساڵی ٢٠١٠ دا بۆ تاقیکردنه‌وه‌ چووم بۆ ئیسپانیا بۆ یاریکردن. له‌وێ تووشی پێکان هاتم و گه‌ڕامه‌وه‌ سوید بۆ نه‌شته‌رگه‌ری ، دوای ماوه‌یه‌ک که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ یاری له‌گه‌ڵ داڵکورد ده‌ستم پێکرده‌وه‌ که‌ چه‌ند ساڵێک بوو ئاگام لێیان بوو وه‌ ئه‌چوشم بۆ یارییه‌کانیان. پاشان گرێبه‌ستێکم له‌گه‌ڵ کردن ، بۆ من شتێکی زۆر گه‌وره‌ بوو له‌ داڵکورد که‌ یانه‌یه‌کی کوردی و به‌ ئاڵای کوردستانه‌وه‌ یاری ده‌کات له‌ سوید.  دوای سێ ساڵ له‌ داڵکورد بووم به‌ کاپتنی یانه‌که‌ و ئیستاش له‌ داڵکوردم.

+  هانده‌ری چ یانه‌یه‌کی جیهانیش له‌ یانه‌ کوردییه‌کانی کوردستان کامیانت له‌ په‌سه‌نده‌ ؟

هه‌میشه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ هانده‌ری مانچسته‌ر یونایتد بووم . من پارساڵ بۆ سێ مانگ یاریم بۆ زێره‌ڤانی له‌ کوردستان . ئه‌و یانه‌یه‌ نزیکی دڵی منه‌ . له‌وێ هاوڕێی زۆرم هه‌ن و ئه‌وان زۆر یارمه‌تی منیان دا بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ له‌ کوردستان. یه‌که‌م یاریش که‌ من به‌ منداڵی بینیم یاری هه‌ولێر بوو. ئه‌و یارییه‌شم قه‌ت بیرناچێت.

+ داڵکورد بۆتۆ چی ده‌گه‌ینێت و چ مانایه‌کی هه‌یه‌ ؟

-داڵکورد بۆ من زۆر گه‌وره‌یه‌ ، له‌ لایه‌ن داڵکورده‌وه‌ ئه‌توانم هه‌ست و بیری کوردایه‌تی به‌ هه‌موو سوید نیشان بده‌م . بۆ من که‌ له‌ سویدم ، ئه‌توانم له‌لایه‌ن داڵکورده‌وه‌ کورد به‌ دنیا بناسێنم، ئاڵای کوردستان به‌ هه‌موو خه‌ڵکانی سوید نیشان بده‌م. وه‌کو کوردێک له‌ داڵکورد هه‌میشه‌ به‌  یاریچییه‌کان ده‌ڵێم ئه‌م تیمه‌ تیمی هه‌موو کوردستانه‌ ، بۆ  من خۆشییه‌ که‌ هه‌موو هاوتیمه‌کانم له‌و وڵاته‌ جیاوازانه‌ بۆ کورد یاری ده‌که‌ن.

+ چی هۆکاری سه‌رکه‌وتنه‌کانی داڵکورده‌ ؟

– گه‌وره‌ترین هۆکار ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی لێره‌ یاری ده‌که‌ن ئه‌زانن که‌ ئه‌م تیپه‌ بۆ هه‌موو کوردستان یاری ده‌کات، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێ که‌ ئێمه‌ به‌ دڵێکی گه‌وره‌وه‌ یاری ده‌که‌ین. ئه‌وێرین به‌ شێوازی جیاواز یاری بکه‌ین.

+ پێتان وایه‌ ئه‌مساڵ ده‌گه‌نه‌ خولی ئاڵسڤێنسکان (پله‌ نایابی سوید) ؟

– ئاستی تیپه‌که‌مان زۆر به‌رزه‌ ئه‌مساڵ ، یاریچییه‌کانمان هه‌موومان بڕوامان به‌ خۆمانه‌ که‌ بتوانین بچین بۆ ئاڵسڤێنسکان. ئه‌گه‌ر هه‌موو یارییه‌کان وه‌کو فایناڵ یاری بکه‌ین ده‌توانین له‌ هه‌موو یانه‌کانی ئه‌م خوله‌ ببه‌ینه‌وه‌.

+ وه‌ک ئاگاداربیت ، باری دارایی یانه‌که‌تان چۆنه‌ ؟ ئه‌گه‌ر بکه‌نه‌ ئاڵسڤێنسکان  ، یانه‌که‌تان توانای هه‌یه‌ یاریزانی باش بهێنێت ؟

-یانه‌که‌مان باری دارایی باشه‌ به‌ڵام بمانه‌وێت بگه‌ینه‌ به‌ ئاڵسڤێنسکان و بگه‌ین به‌ ئه‌ورووپا ده‌بێت باری داراییمان باشتر بێت. ئه‌مساڵ که‌ یانه‌که‌م له‌ له‌لایه‌ن کاک کاوه‌ و کاک سه‌رکه‌وت ٤٩% کڕدرا  هاوکارییه‌کی گه‌وره‌ بوو بۆ داڵکورد. له‌گه‌ڵ ئه‌وان ئه‌توانین یاریزانی باش بێت بۆ داڵکورد و ئه‌شتوانین به‌شێوه‌یه‌کی باش خۆمان ئاماده‌بکه‌ین و رکابه‌ری هه‌موو تیمه‌کانی سوید بکه‌ین. ئیناشالله‌ ده‌شتوانین یاریزان له‌ کوردستانه‌وه‌ بهێنین بۆ داڵکورد.

+هۆکاری ئه‌وه‌ چیه‌  پێشڕه‌و عه‌زیزی ئه‌مساڵ به‌ که‌می له‌ یارییه‌کانی داڵکورد ده‌بینرێت ؟ ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام بێت له‌ یانه‌که‌ ده‌مێنیته‌وه‌؟

-من پارێکه‌ توشی پێکانێکی گه‌وره‌ بووم. ئه‌وه‌ وای لێکردم ئه‌مساڵ که‌ ده‌ستمان پێکرد بۆ ده‌وره‌ی ٤ مانگ له‌ مه‌شق و یاری داببڕێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌متوانیوه‌ خۆم به‌شێوه‌یه‌کی باش ئاماده‌ بکه‌م. به‌س ئێستا ئینشالله‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م بێمه‌وه‌ ناو یارییه‌کانمان. تا ئێستا هیچ کێشه‌یه‌کم نه‌بوه‌ و هه‌ر هه‌وڵی خۆم زۆر به‌ باشی داوه‌ بۆ داڵکورد. ئه‌م یانه‌یه‌ بۆ من زۆر نزیکی دڵمه‌  ،به‌هۆی ئه‌م یانه‌وه‌ من ئه‌توانم هه‌وڵی خۆم بده‌م بۆ کورد و کوردستان.

+ دواین وته‌ت ؟

-هیوادارم تۆپی پێی کوردستان  به‌ره‌و پێش بچێت و ببێته‌ ئه‌ندام له‌ فیفا . بۆ ئێمه‌ی کورد گرنگه‌ له‌ کێبڕكێ جیهانییه‌کان به‌ ئاڵای کوردستان به‌شداربین. سوپاس بۆ ئێوه‌ ، سه‌رکه‌وتووبن.

 
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

سەرنووسەری ماڵپەری یاریگا

Leave A Reply