دیمانه‌ی یاریگا له‌گه‌ڵ سه‌باح شه‌ریعه‌تی ئه‌و کورده‌ی مه‌دالیای له‌ ئۆڵه‌مپیاد برده‌وه‌

سه‌باح شه‌ریعه‌تی

سه‌باح شه‌ریعه‌تی

یاریگا-له‌ میانه‌ی ئۆڵه‌مپیادی ریۆ دا  پێنج کورد له‌ژێر ئاڵای وڵاتانی دیکه‌دا  توانیان مه‌دالیا به‌ده‌ست بهێنن.   له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی  وه‌کو کورد له‌ جیهاندا نه‌ناسێندران به‌ڵام  نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌بوون که‌ ئه‌گه‌ر رۆژێک له‌ رۆژان کورد ببیته‌ ده‌وڵه‌ت  خاوه‌نی وه‌رزشکاری به‌تواناین.

یاریگا توانی دیمانه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ سه‌باح شه‌ریعه‌تی بکات  ئه‌و وه‌رزشکاره‌ی مه‌دالیای برۆنزی له‌ یاری زۆرانبازی برده‌وه‌.  ئه‌و نه‌ک ته‌نیا کورد بوونی خۆی دووپاتکرده‌وه‌ به‌ڵکو به‌ کوردی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی داینه‌وه‌  .  به‌ڵێنی سه‌رکه‌وتنی زیاتر ده‌دات و  مه‌دالیاکه‌شی پێشکه‌ش به‌ سه‌رجه‌م کوردان ده‌کات.

 

+ کاک سه‌باح سه‌ره‌تا خۆتمان پێ بناسێنه‌

– له‌ ساڵی ١٩٨٩ له‌ سنه‌ له‌ دایک بوون . هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌  خه‌ریکی زۆرانبازیم .

+ کێ هاوکار و پاڵپشتت بووه‌ ؟

– راهێنه‌ره‌که‌م کاک جه‌مشید خه‌یرابادی یه‌ که‌ زۆر زه‌حمه‌تی له‌گه‌ڵم کێشاوه‌ و زۆر پاڵپشتم بوو

+ په‌یامت چیه‌ بۆ کوردان له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌کانی جیهان ؟

-ئه‌م مه‌دالیایه‌ پێشکه‌ش ده‌که‌م به‌ ته‌واوی کوردان به‌ تایبه‌ت راهێنه‌ره‌که‌م. ده‌ست خۆشی له‌سه‌رجه‌م کوردان ده‌که‌م  به‌ تایبه‌ت خه‌ڵکی شاره‌که‌م سنه‌ که‌ دۆعای خێریان بۆ کردووم که‌ پاڵپشتم بوون و زۆر خۆشحاڵم توانیم ئه‌م مه‌دالیای به‌ده‌ست بێنم

+ تا چه‌ند ئازه‌ربایجان هاوکارت بوون و سه‌رکه‌وتنه‌که‌تیان به‌رز نرخاند ؟

له‌ ئازه‌ربایجان زۆریان پێ خۆش بوو وه‌ زۆر رێزیان گرتم ، به‌ تایبه‌ت که‌ یه‌که‌مجار بوو مه‌دالیا له‌ کێشی قورس (١٣٠) کیلۆگرامی به‌ده‌ست بێت.

+ ئایا نه‌ده‌کرا  له‌ پاڵ ئاڵای ئازه‌ربایجاندا  ، ئاڵای کوردستانیش هه‌ڵبکه‌یت یاخود کوردبوونی خۆت نیشان بده‌یت ؟

له‌ ئازه‌ربایجان به‌ هه‌مووانم وتووه‌ که‌ کوردم و نیشانم داوه‌. له‌ رۆژنامه‌کانی ئێرانیش سه‌رجه‌میان نوسراوه‌ کوردێک مه‌دالیای بردۆته‌وه‌.

+ چالاکی داهاتووت که‌ی ده‌بێت و پلانت چیه‌ ؟

دوای ئه‌وه‌ی که‌مێک پشوو ده‌ده‌م خۆم بۆ پاڵه‌وانیه‌تی ئه‌ورووپا ئاماده‌ ده‌که‌م. به‌ڵام خه‌ون و پلانم به‌ده‌ست هێنانی مه‌دالیای ئاڵتوونی ئۆڵه‌مپیادی داهاتووه‌ و له‌ ئێستاوه‌  خۆمی بۆ ئاماده‌ ده‌که‌م.

+ ئێمه‌ش هه‌موو شانازیت پێوه‌ ده‌که‌ین ، دوا وته‌ت ؟

سوپاسی دایک و باوکم ده‌که‌م و ده‌ستیان ماچ ده‌که‌م . سوپاسگوزارم که‌ توانیم دڵیان خۆش بکه‌م. سوپاسی که‌ جه‌مشید ده‌که‌م و ئه‌م مه‌دالیای پێش ده‌که‌م به‌و و ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستان.

14124100_626501464181315_2118147806_o sabah shariati . yariga.net

 

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

سەرنووسەری ماڵپەری یاریگا

Leave A Reply