كەی دەمووچاوەکان دەگۆڕێن؟!

14088743_1281450705223005_709746083_n

یاریگا
ئاراس رواندزی
بە بڕوای من کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان زیاتر لە شانۆگەرییەکی کۆمێدی دەچوو، نەک کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی پرسێکی گرنگی وەرزشی، بە شێوەیەک سیناریست زیرەکانە تەقڵەی بە هەموو کارەکتەرەکان لێدا! ئاخر تو ویژدانتان لە کوێی جیهاندا بینیوتانەو بیستوتانە داواکاری دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە دەسەڵاتی خوارتر بکرێت؟ خۆ بە هەموو پرەنسیپ و یاسایەک پێویستە داواکاری لەو چەشنە بەرزبکرێتەوە، نەک نزم، وەلێ بە دەستووری فەنتەڵۆزستان سەرۆک داوای لە جێگرو ئەندامانی خوار خۆی کرد وازهێنانەکەی قەبوڵ بکەن! هەرچەندە داواکارییەکە بۆ سەروو بوایە یا خواروو، بۆ لای راستبووایە یان چەپ، ئەنجامەکەی بۆ من چاوەڕوانکراو بوو.
رەتکردنەوەی داواکارییەکە لە لایەن ئەندامانی یەکێتیەکە، منی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە ئەو دەمووچاوانەی ۱٠ ساڵ زیاترە وەرزشی کوردستان بەڕێوەدەبەن، هەرگیز واز لە پۆستەکانیان ناهێنن و رێگە بۆ کەسانی پسپۆڕو خاوەن بیرۆکە چۆڵناکەن، بۆیەش من هەمیشە دژایەتی خۆم بۆ ئەو بۆچوونانە رادەگەیەنم کە دەڵێن “ئەگەر فلان کەس نەبێ، وەرزشی کوردستان ئیفلیج دەبێت”!!! من پێموایە ئەوانەی خاوەنی ئەو تێزەن زۆر حزبیانەو نالۆژیکیانە بیر دەکەنەوەو نایانەوێ وەرزشی هەرێمەکەمان گەشە بکات، ئەگەرنا کوردستان پڕاو پڕە لە کەسانی پسپۆڕو شایستە بەو شوێنانە کە دڵنیام دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، باشتر لەوانەی ئێستا ئیدارەی دەدەن.
دیارە کۆی ئەو قسانەم ئاماژە بۆ کەسێکی دیاریکراو یا بەرپرسێکی وەرزشی نیە، چونکە گەر لێرەدا مەبەستم سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بووایە، ئەوە دەبوو بە ویژدانەوە لە هەمان کات خزمەت و دەسکەوتەکانیشی باس بکەین، بەڵام من گەرەکمە ئاماژە بە کلتورو نمونەیەکی ناشارستانی و نادیموکراسی کۆی بەرپرسە وەرزشیەکان بکەم کە بە پشتبەستن بە تەوافوقی حزبی کە بەبڕوای من کارەساتە، بۆ ماوەیەکی دوور مەودا کورسی و پۆستەکان داگیر دەکەن، وەک ئەوەی لە تاپۆ بە شێوەیەکی یاسایی لەسەر خۆیان تاپۆ کردبێت!
بە دیدی من بۆ ئەوەی وەرزشی کوردستان لەم چەقبەستووە دەربازی بێت و تەکانێک بدات، پێویستە بوار بۆ ئەکادیمیستان و وەرزشکارە دێرینەکانی دیکە برەخسێنرێت، ئینجا چاکسازی و گۆڕانکاریش لە تەواوی جومگە وەرزشیەکان بکرێت، سەرەتا لە لیژنەی ئۆلۆمپی و یەکێتی تۆپی پێ، دواتر تەواوی پۆستە وەرزشیەکانی دیکە بگرێتەوە، وەلێ بەو مەرجەی پۆستەکان لەسەر بنەمای شیاوی و لێهاتوویی پڕ بکرێنەوە، نەک حزبایەتی و خزم خزمێنەو شارچێتی، ئەگینا دڵنیام تا دە ساڵی دیکەش وەرزش لەو بازنە داخراوەی ئێستا دەخولێتەوە، ئەوسا بەڕێوەچوونی چالاکیەکان بۆ هەمیشە دەبنە گەورەترین دەسکەوت و موزایەدەی بەرپرسان!!!

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply