بۆچی ئه‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگ جیاوازتر ده‌بێت!

15رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی: كامه‌ران پاڵانی

نووسینی: كامه‌ران پاڵانی

كاتژمێر (2:30) خوله‌كی پاش نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ، به‌ یاری نێوان (هال سیتی & لیسته‌ر سیتی) وه‌رزی نوێی خولی ئینگلیزی ده‌ستی پێ كرد، لای هه‌موانیش ئاشكرایه‌ پریمه‌رلیگ به‌هێزترین خولی ناوخۆیی جیهانه‌، كه‌ تێیدا 7 بۆ 8 یانه‌ كێبركێی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ ده‌كه‌ن، خولی ئینگلیزی هه‌میشه‌ جیاوازه‌ به‌وه‌ی نه‌ك پێشبینی كردنی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ كارێكی ئه‌سته‌م ده‌بێت، به‌ڵكو پێشبینی كردنی بردنه‌وه‌ی یاریه‌كیش كارێكی دژوار و ئه‌سته‌م ده‌بێت، ئه‌م وه‌رزه‌ جیاوازتر له‌ وه‌رزه‌ جیاوازه‌كانی تری پریمه‌رلیگ ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی هاتنی چه‌ند ڕاهێنه‌رێكی ته‌كتیكی و ناوازه‌ بۆ خوله‌كه‌ و هه‌روه‌ها گۆرانكاری له‌ ریزی یانه‌كاندا، … هتد، لێره‌دا چه‌ند هۆكاریك له‌و هۆكاره‌ باس ده‌كه‌ین كه‌وا ده‌كات ئه‌م وه‌رزه‌ی پریمه‌رلیگ جیاوازتر بێت:-

یه‌كه‌م: به‌گژداچوونی قوتابخانه‌كانی تۆپی پێ

ده‌توانین بڵێین به‌ هاتنی گواردیۆلا بۆ مان سیتی و كۆنتی بۆ چێڵسی، سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی تۆپی پێ له‌ خولی ئینگلیزدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی بیروبۆچوونه‌كانی خۆیان: گواردیۆلا هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی كرۆیف (تیكی تاكا)، مۆرینیۆی هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی هێرێرا (كاتیناچۆ)، كۆنتی هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی ئیتاڵیا (به‌رگری و ئینێرجی به‌رده‌وام)، یۆرگن كلۆپ هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی (counter pressing و gigging pressing)، ڤینگه‌ر هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی یاری جوان، پۆكیتینۆ هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی ئه‌رجه‌نتینی، رانێری هه‌ڵگری قوتابخانه‌ی كلاسكی. هه‌ربۆیه‌ به‌ده‌ر له‌ شه‌ڕی یانه‌ و یاریزانان، شه‌ری ڕاهێنه‌ر و قوتابخانه‌كانی تۆپی پێش ئه‌نجام ده‌درێت، به‌جۆرێك هه‌ر ڕاهێنه‌رێك ده‌یه‌وه‌ێت باڵاده‌ستی قوتابخانه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا بچه‌سپێنێت.

دووه‌م: تۆكمه‌كردنی ریزه‌كان نه‌ك ته‌نها پاره‌ خه‌رج كردن

جیاوازتر له‌ وه‌رزه‌كانی تر كه‌ یانه‌كان پلانی ڕوونیان نه‌بوو له‌ كرێنی یاریزانان به‌پێی پێویستی شوێنی یاری كردنیان نه‌ك ناوه‌كانیان، ئه‌م وه‌رزه‌ یانه‌كانی پریمه‌رلیگ به‌پێی پێویستی شوێنی یاری كردن یاریزانیان كڕیوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك یاریزانی وا هه‌یه‌ ده‌توانێت له‌ چه‌ند شوێنێكی یاری كردنی یاری بكات.

لیسته‌ر سیتی پاڵه‌وانی وه‌رزی پێشوو، جیاواز له‌ یانه‌ مامناوه‌نده‌كانی تر، لیسته‌ر سیتی پارێزگاری له‌ زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌كانی كرد جگه‌ له‌ فرۆشتنی نگۆلۆ كانتی نه‌بێت ئه‌ویش له‌به‌ر خواستی یاریزانه‌كه‌ و هه‌روه‌ها پێویست بوونی لیسته‌ر به‌و پاره‌یه‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ و جۆراوجۆركردنی چه‌كه‌كانی.

مان سیتی له‌سه‌ر خواستی گواردیۆلا چه‌ندین یاریزانی به‌توانایان هێنایه‌ ریزی یانه‌كه‌یان، به‌جۆرێك كه‌موكورتیه‌كان پربكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شێوازی یاری كردنی گواردیۆلادا بگونجێت. جۆن ستۆنز له‌ هێڵی به‌رگری وه‌ك یاریزانی (Center Back) نه‌ك (Defender)، یه‌كه‌میان وه‌ك به‌رگریكارێك توانای یاری كردنی به‌ تۆپ هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ ریتمی تیكی تاكادا بگونجێت، كه‌ ستۆنز هاوشێوه‌ی رامۆس و پیكێ توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌و شێوازی یاری كردنه‌ی هه‌یه‌، دووه‌میان كه‌ ته‌نها به‌رگریكردن ده‌گه‌یه‌نێت هاوشێوه‌ی ڤیدیچ و ڤاران، كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ لای گواردیۆلادا نه‌ویستراوه‌ و له‌ لای مۆرینیۆدا ویستراوه‌. هێنانی گۆندۆگان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوه‌ندی یاریگا و هاوكاریكردنی هاوڕێكانی به‌ پاساتی ورد و دروست، هه‌رچی لۆرێ سانێ یه‌ بۆ خێراتركردنی هێڵی هێرش بردن به‌ یاوه‌ری سێلڤا له‌ ته‌نیشتی و ئه‌گوێرۆ و ستێرلینگ له‌ پێشه‌وه‌ی.

هه‌رچی مان یونایتده‌، له‌سه‌ر خواستی مۆرینیۆ سوڵتان ئیبراهیمۆڤیچی هێنایه‌ ریزه‌كانی بۆ به‌هێزكردنی هێڵی پێشه‌وه‌، هه‌روه‌ها پۆل پۆگبایان كرده‌ گرانترین یاریزانی مێژوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی هێڵی ناوه‌ند به‌ یارمه‌تی میختاریانی یاریزانی پێشووی دۆرتمۆند، له‌گه‌ڵ هێنانی ئیریك بیلی بۆ یارمه‌تیدانی سمۆڵینگ له‌ هێڵی به‌رگریدا.

یانه‌كانی شاری له‌نده‌نیش (چێڵسی، ئارسیناڵ، تۆتێنهام) پارێزگاریان له‌ ئه‌ستێره‌كانیان كردووه‌، چاوه‌ڕوانی یه‌كه‌م و دووه‌م یاری فه‌رمیان ده‌كه‌ن له‌ خوله‌كه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیان بۆ ڕوونتر بێته‌وه‌ و پێش كۆتایی هاتنی مێركاتۆی هاوینه‌ چاره‌سه‌ریان بكه‌ن. هه‌رچی وێستاهیشه‌ توانی پارێزگاری له‌ دیمیتری پاییت ئه‌ستێره‌ی بكات و ئاندریه‌ ئایۆش بهێنێته‌ ریزه‌كانی بۆ كاراكردنی هێڵی پێشه‌وه‌ی.

سێ یه‌م: داهاتی فرۆشتنی یاریه‌كان

بۆ سێ وه‌رز، واته‌ له‌م وه‌رزه‌ (2016 – 2017) بۆ وه‌رزی (2018 – 2019)، یه‌كێتی تۆپی پیی ئینگلته‌را مافی په‌خشكردنی یاریه‌كانی به‌ بری (7) حه‌وت ملیار یۆرۆ فرۆشت به‌ هه‌ردوو كه‌ناڵێ (سكای سپۆرتس) و (بریتش تیڤی)، ئه‌مه‌یش گه‌وره‌ترین داهاتی فرۆشتنی یاریه‌كان له‌ مێژووی تۆپی پێ دا، به‌ هۆیه‌شه‌وه‌ یانه‌كان ده‌توانن بۆندی گرانبه‌هاتر له‌ بۆنده‌كه‌ی پۆگبا ئه‌نجام بده‌ن – جیاواز له‌ خولی ئیسپانی كه‌ هه‌ردوو یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ و ریاڵ مه‌درید زۆربه‌ی داهاته‌كه‌ بۆ خۆیان ده‌به‌ن – سه‌رجه‌م یانه‌كان پشكی باشیان به‌رده‌كه‌وێت له‌و داهاته‌، به‌جۆرێك جیاوازی نێوان یانه‌ی یه‌كه‌م و بیسته‌م له‌ (20) ملیۆن یۆرۆ تێپه‌رناكات.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply