وەرزی ڕاهێنەرانی خولی ئینگلیزی

36بڵند لهۆنی

 نووسینی: بڵند لهۆنی

خولی ئینگلیزی یەکێکە لە سێ بەهێزترین خولەکانی ئەوروپا، شێوازی خێرایی یاریکردن و کێبڕکێی زۆر لە نێوان یانەکانی ئەم خولەدا هێز و چێژی زیاتر دەبەخشێت بە هاندەران، هەروەها بە بوونی چەند ڕاهێنەرێکی بەتوانا کێبڕکێکان تا دێت بەرەو زیاد بوون دەچن. بەهاتنی ڕانێری ئیتاڵی و کلۆبی ئەڵمانی خولەکە دەوڵەمەندتر بوو بە تاکتیک و پلان و ئەزموونی خولەکانی تر، لەم وەرزەدا بەهاتنی گواردیۆلا و کۆنتی و هەروەها چوونی مۆرینهۆ بۆ مان یونایتد و هاتنی گواردیۆلا بۆ مان سیتی، تایبەتمەندییەکی زیاتر دەبەخشێت بە خولی ئینگلیزی هەروەها بە دێربی شاری مانچستەر.

گواردیۆلا ڕاهێنەرێکی کاریزمایە و بچێتە هەر یانەیەک کاربەدەستانی ئەو یانەیە خواستەکانی بۆ جێبەجێ دەکەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە بەزووترین کات یانەکە لەگەڵ پلان و تاکتیکی خۆی دەگونجێنێت، هەروەها خاڵێکی بەهێزی ئەم ڕاهێنەرە ئەوەیە دەتوانێت سوود لە خاڵە بەهێزەکانی یانە نوێکەی وەرگرێت و تەنها خاڵە لاوازەکان چارەسەر دەکات، بەتایبەت توانای چاکسازی لەهەردوو هێڵی ناوەند و هێرشبردندا هەیە، هەروەها توانای تاکتیکی و تۆپ گواستنەوە و تۆپ هێشتنەوە زیاد دەکات لە یاریزانانی یانەکەیدا و بەشێوەی فشارخستنە سەر تیمی بەرامبەر یاری دەکات لە نیوە یاریگای تیمی بەرامبەردا تاکو بۆشاییەک بدۆزێتەوە و گۆڵ تۆمار بکات، بەڵام لەم کاتەدا پێویستی بە بەرگریکاری زۆر بە توانا دەبێت تاکو لە مەترسی فشاری هێرشە هەڵگەڕاوەکان یانەکەی بپارێزن. یانەی مانچستەر سیتی خاوەنی کۆمپانی و ئۆتامێندی یە لەهێڵی بەرگریدا، کێشەی هێڵی بەرگری نیە کە سوودێکی زۆری بۆ گواردیۆلا دەبێت، چونکە ئەم ڕاهێنەرە ناتوانێت کێشەکانی بەرگری یانەکەی چارەسەر بکات، لەهێڵی ناوەندا بەهۆی بوونی هەردوو یاریزان سێلڤا و ناڤاس کە دوو یاریزانی ئیسپانین، یارمەتیدەرێکی باشی گواردیۆلا دەبن بۆ جێبەجێکردنی تاکتیکەکانی، هەروەها بوونی ڕاهێنەر پلیگرینی کە لە خولی ئیسپانی ڕاهێنەرایەتی چەند یانەیەکی کردووە و نزیکی شێوازی یاریکردنی هەردوو ڕاهێنەر یارمەتیدەر دەبێت بۆ گواردیۆلا کە بەزووترین کات یانەکە ڕابێت لەگەڵ تاکتیک و پلانەکانی گواردیۆلا، دەتوانین بڵێین شێوازی یاریکردنی مانچستەر سیتی نزیکترین شێوازی یاریکردن بوو بۆ ئەم ڕاهێنەرە لەم خولەدا، لەبەر ئەم هۆکارە بوو گواردیۆلا ئەم یانەیەی هەڵبژارد جگە لەتوانای دارایی باشی یانەکە، سەرۆکایەتی یانەکە سەربەستیەکی تەواو دەبەخشێت بە ڕاهێنەرەکە لەهەموو جۆرە بڕیاردانێکەوە بۆ هێنانی یاریزان تەنانەت دەستەی ڕاهێنەران و دەستەی پزیشکی یانەکە.

لەبەرامبەردا یانەی مانچستەر یونایتد خۆسێ مۆرینهۆی هێناوە، کە بەهەمان شێوە خۆسێ مۆرینهۆ ڕاهێنەرێکی کاریزمایە و دەیەوێت سەرجەم بڕیارەکان لەدەستی خۆی دا بێت ،کە یانەی مانچستەریونایتد بەتەواوی سەربەستی دەبەخشێت بە ڕاهێنەر و مەودایەکی ئازادی باش دەبەخشێت بە ڕاهێنەر تاکو گۆڕانکاری و پلان و تاکتیکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، مۆریهۆ بەپێچەوانەی گواردیۆلا زیاتر کار دەکات لەسەر باشترکردنی لایەنی بەرگری یانەکە کە، ئەمە سوودێکی باشی دەبێت بۆ شەیتانە سوورەکان، چونکە خاڵی لاوازی ئەم یانەیە هێڵی بەرگری و بەشی پشتەوەی ناوەند (ئیرتیکاز)ە، هەروەها پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە و تۆپی درێژ و خێرا دەبەستێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەند یاریزانێکی باشی هێناوە بۆ تۆپ دروستکردن و تۆپ کۆنتڕۆڵکردن و هەروەها یاریزانی خێرا، بەڵام کاتێکی باشی دەوێت تاکو یانەکەی لەگەڵ پلان و تاکتیکی خۆی بگونجێنێت، چونکە دەبێت لەم میرکاتۆیەدا چەند یاریزانێک بهێنێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی، کە مۆرینهۆ شارەزاییەکی باشی هەیە لەهێنانی یاریزانی گونجاودا، بەڵام ڕاهاتنی ئەم یاریزانانە لەگەڵ مان یونایتد و هەروەها ڕاهاتنی ڕاهێنەرەکە و یانەکە لەگەڵ یەکتر پێویستی بە کاتە، هەر وەک مۆرینهۆ ووتەیەکی تایبەتی هەیە کە دەڕواتە هەر یانەیەک دەڵێت: “چاوەڕوانی دەستکەوتی زۆر گەورە مەبن لە یەکەم وەرزدا”.

سەبارەت بە کۆنتی ناتوانێت وەکو گواردیۆلا و مۆرینهۆ سەرکەوتوو بێت لەجێبەجێکڕدنی پلانەکانیدا، چونکە ئەم ڕاهێنەرە دەیەوێت گۆڕانگاری بنەڕەتی بکات و بەتەواوی تاکتیک و پلانەکانی یانەکە لەگەڵ خۆی بگونجێنێت، نەک ئەم خۆی لەگەڵ یانەکەدا بگونجێنێت و خاڵە بەهێزەکان بهێڵێتەوە، هۆکارێکی تر کە ئاستەنگە بۆ بەردەم ئەم ڕاهێنەرە تاکو پلانەکانی جێبەجێ بکات دەستێوەردانەکانی ئەبراهیمۆڤیچی سەرۆکی یانەکەیە، کە سەربەستی تەواو نابەخشێتە ڕاهێنەر، بەڵکو دەبێت ڕای خۆی هەبێت لەهێنانی یاریزانان و گۆڕانکارییەکاندا، هەربۆیە ئاسان نابێت بتوانێت لەهەموو ڕایەکدا لەگەڵ سەرۆکی یانەکەیدا ڕێکبکەون.

سەبارەت بە کلۆب و ڕانێری و ڕاهێنەرەکانی تر زۆر قورسە بتوانن ئەمساڵ دەستکەوتی گەورەیان هەبێت، چونکە یانەکانیان توانای پارێزگاریکردنیان نیە لە یاریزانەکانیان و ناتوانن داخوازی ڕاهێنەرەکانیان جێبەجێ بکەن لەهێنانی یاریزاناندا ،سەرەڕای ئەوەی سەربەستی تەواویان پێبەخشیون لە گۆڕانکاری پلان و تاکتیکدا کە بەو هۆیەوە وەرزی پێشوو ڕانێری توانی ببێتە پاڵەوانی خولەکە، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانەی ئەم وەرزە وای کردووە یانەکانی تر زیاتر بەهێز بن و کێبڕکێکان زیاتر بن، لەبەرئەوە لە ئێستادا تەنها پلان و تاکتیک بەس نیە بۆ بەدەستهێنانی خولەکە بەڵکو سەرۆک و دەستەی کارگێڕی یانەکە دەبێت پاڵپشتێکی باش بن.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply