ڕیڤێلینۆ بۆ نەیمار: “هیچ شتێکت نەکردووە بۆ بەڕازیل، بۆیە باشتر وایە کەم قسەیش بکەیت!”

0

٢٠١٦-٠٦-١٧ ٢١.١٤.٥٢

ئەگەرچی بەهۆی وردەکاریی و ڕێکارەکانی گرێبەستەکەیەوە لەگەڵ یانەی بارشەلۆنە نەیماری بەڕازیل نەیتوانی لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا بەشداری لە یاریەکانی کۆپا ئەمریکای سەدەدا بکات، هێشتا ئەو یاریزانە دوور نەبووە لە ڕەخنە و گازندەی ئەفسانە و ئەستێرەکانی پێشووی تۆپی پێی بەڕازیل. لە تازەترین ڕەخنە و هێرشی زارەکییشدا دژی ئەو یاریزانە، ڕیڤێلینۆی کاپتن و ئەفسانەی ساڵانی حەفتاکانی بەڕازیلە. ئەو ئەفسانەیە دەڵێت: “باشترە نەیمار دەمی دابخات.” هاوڕێ و هاوسەردەمەکەی پیلی دەیشڵێت: “ئەوەی نەیمار دەیکات هیچ باش نییە بۆی و نیشانەی خراپ لەسەر ژیانی وەرزشیی ئەو یاریزانە بەجێ دەهێڵت”
ڕیڤێلینۆ کە مۆندیالی ساڵی ۱۹۷٠ی بۆ بەڕازیل بردۆتەوە، بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی و تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی نەیمار بە “گەمژەترین” ناوزەد دەکات.
لە ڕوانگەی ئەوەی کە تا ئێسا نەیمار شتێکی ئەوتۆی نەبووە بۆ هەڵبژاردەکەی، ئەفسانە تەمەن ۷٠ ساڵەکە دەڵێت: “پێویستە هەموو تەرکیز و گرنگییەکی نەیمار لەلای یاریگا بێت، ئەو هیچ شتێکی بۆ بەڕازیلییەکان نەبردۆتەوە، ئەو دڵی هاونیشتیمانیانی خۆش نەکردووە، بۆیە هەتا دەستکەوتت بۆ وڵاتەکەت نەبێت، پێویستە کەمتر قسەیش بکەیت!”
لە درێژەی ڕەخنە و گازندەکانیا لەسەر نەیمۆ، ڕیڤێلینۆ دەڵێت: “یەکمجار دەبێت خۆت دروست بکەیت، دواتر نازناوەکان ببەیتەوە و پێشکەشی خەڵکی بەڕازیلی بکەیت، ئینجا دەبێت بتوانیت تۆزێک گازندە و گلەیی بکەیت.”

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Share.

Leave A Reply