له‌ ئوروبرۆوه‌ بۆ سپارتاك ئوروبرۆ

دانا كوهى

دانا كوهى

 

اریگا- دانا كوهى له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بوو

ئا: سه‌نگه‌ر زرار/ تایبه‌ت

پاش ئه‌وه‌ى ریزى یانه‌ى فوتساڵى ئوروبرۆ (Orebro Futsal Club)ى به‌جێهێشت و هه‌ر له‌شاره‌كه‌یدا ریزى یانه‌ى فوتساڵى سپارتاك ئوروبرۆ (Spartak Orebro FC)ى هه‌ڵبژارد، دانا كوهى یاریزانى كوردى هه‌ڵبژارده‌ى فوتساڵى سوید له‌یه‌كه‌م یارى خۆیدا له‌گه‌ڵ تیمه‌ نوێیه‌كه‌یدا به‌ئه‌نجامى 6-3 له‌تیمى یانه‌ى ناكا جۆنیۆر ئێف ئێف-یان برده‌وه‌ و له‌یارییه‌كه‌شدا درێسى ژماره‌ 90ى پۆشى و رۆڵی كاراى بینى و جگه‌ له‌تۆماركردنى گۆڵێك، گۆڵێكیشى بۆ هاوڕێكانى دروستكرد.
یارییه‌كه‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 17-1-2016 له‌هۆڵی داخراوى وه‌رزشى شارى ئوروبرۆ ئه‌نجامدرا و یه‌كێك بوو له‌یارییه‌كانى هه‌فته‌ى ١٢ى تیپه‌ به‌شداره‌كانى گروپی باكوورى خولى فوتساڵى یانه‌كانى سوید (sweden futsal league) بۆ وه‌رزى 2015-2016 و به‌م بردنه‌وه‌یه‌شى یانه‌كه‌ى كوهى پێگه‌ى خۆى له‌ لوتكه‌ى ریزبه‌ندى گروپه‌كه‌یدا به‌كۆكردنه‌وه‌ى 28 خاڵ له‌ 12 یاریدا قایم كرد.

سپارتاك یانه‌یه‌كى دیارتر و باشتر و جیاوازه‌
له‌مباره‌یه‌وه‌ دانا كوهى ته‌مه‌ن 25 ساڵ له‌سویده‌وه‌ تایبه‌ت بۆ میدیاكانى كوردستان وتى: رۆژى 15-1-2015 له‌دواڕۆژى مێركاتۆى زستانه‌دا یانه‌ى سپارتاك ئوروبرۆ-م هه‌ڵبژارد و بۆندم له‌گه‌ڵیاندا مۆركرد، هه‌ڵبژاردنى یانه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ بوو كه‌ یانه‌یه‌كى دیارتر و باشترى فوتساڵه‌ له‌سوید و جیاوازتره‌ له‌یانه‌كه‌ى پێشووم، ئومێد ده‌كه‌م بتوانم له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌دا به‌ئاوات و ئامانج بگه‌ین و له‌قۆناغى كۆتایی خولى فوتساڵدا، یه‌كه‌مى یانه‌كانى سوید بین و له‌خوله‌كانى ئه‌وروپادا به‌شدارى بكه‌ین و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى سویدیش بمێنمه‌وه‌.

دانا كه‌سێكى زۆر خۆشه‌ویسته‌
یۆهان لیڤهاڵ-ى به‌ڕێوه‌به‌رى یانه‌ى سپارتاك ئوروبرۆ-ش له‌باره‌ى ئه‌م یاریزانه‌ كورده‌وه‌ ده‌ڵێت: دانا یاریزانێكى زۆر باشى فوتساڵه‌ و له‌توانایدا هه‌یه‌ شتى زۆر پێشكه‌شى تیمه‌كه‌مان بكات، هه‌روه‌ها كه‌سێكى زۆر خۆشه‌ویستیشه‌.

چوار یارى دۆستانه‌یان له‌پێشه‌
سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژارده‌ى فوتساڵی سوید-یش، كوهى وتى: رۆژانى 23و 24ى ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌مدا دوو یارى دۆستانه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ى دانیمارك ئه‌نجامده‌ده‌ین و یه‌كه‌م یارییان له‌سوید و ئه‌ویتریان له‌دانیمارك ده‌بێت و دواى ئه‌وه‌ش له‌به‌رنامه‌ دایه‌ دوو یاری دۆستانه‌ى تریش له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى فنله‌ندا له‌ڕۆژانى 29-2-2016 و 1-3-2016 له‌سوید ئه‌نجامبده‌ین.

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply