ریزبەندی دەوڵەمەندترین یاریزانەکانی تۆپی پێ

0

یاریگا-رۆژ بە رۆژ سەروەت و سامانی یاریزانانی تۆپی پێ لە هەڵکشاندایە و گەیشتۆتە ئاستێکی خەیاڵی . مالپەری GOAL  بەدواداچوونی بۆ سەروەت و سامانی یاریزانەکان کردووە و ریزبەندی دەوڵەمەندترینیانی بڵاوکردۆتەوە.

هاوشێوەی تەواوی لایەنەکانی دیکە، لەم ریزبەندییەشدا رکابەرییەکە لە نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی یدا، بەڵام کریس جەنگەکەی بردۆتەوە  ولە پلەی یەکەمدایە.

 

 

١٠-  فرانک لامپارد  – ٨٠ ملیۆن

 

لامپارد زنجیرەیەک کتێبی منداڵانی نوسیوەتەوە لەسەر تۆپی پێ بەڵام کتێبەکە لەڕووی بازرگانییەوە شكستی هێنا. ئەوەی ئەستێرە ئینگلیزییەکەی کردۆتەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین یاریزانەکان ئەو ١٣ ساڵ یاری کردنەیەتی لەگەڵ چێلسی و ئەم وەرزەش لەگەڵ مان ستی کە سەرمایەی ٣٥ ملیۆن یۆرۆیان بۆ کۆکردۆتەوە. ناوبراو تەنها لە فرۆشتنی کۆشکەکەی لە ئاشەر  پێنج ملیۆن یۆرۆ قازانجی کرد و خاوەنی چەند کۆشکێکە لە دۆکلاند و بارسێلۆنا. کۆشکەکەی ئێستای خۆی نرخی ١٣ ملیۆن یۆرۆیە.

 

…………….

 

٩- رۆناڵدینهۆ – ٨٣ ملیۆن یۆرۆ

 

هەرچەندە چوار ساڵە رۆناڵدینهۆ ئەورووپای جێهێشتووە  و وە نۆ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بەڵام هێشتا رۆنیێ پارەیەکی خەیاڵی دەست دەکەوێت و لە دەوڵەمەندترین یاریزانەکانە.  ئەستێرە بەڕازیلییەکە ٢.٧ ملیۆنی لە ئەتڵەتیکۆ مینیێرۆ وەرگرت بۆ ساڵێک ، ئێستاش لە خولی مەکسیکی یاری دەکات و ئەگەر ئاستێکی باش نیشان بدات ٢.٥ یۆرۆی دیکە وەردەگرێت بۆ هەر ساڵێک.  رۆناڵدینهۆ لە ١٠ ساڵی رابردوو بڕی ٢٠ ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە بەرامبەر بە ریکلامەکانی کۆمپانیای نایک. بەشی زۆری سامانەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی لەگەڵ بارسێلۆنا.

 

……………

 

٨- راول گۆنزالیس – ٨٥ ملیۆن یۆرۆ

راول ١٦ساڵ لە ریاڵ مەدرید یاری کرد و بۆ هەر وەرزێک  حەوت ملیۆن یۆرۆ موچەی بوو. هەروەها ١٤ ملیۆنی دیکەی وەرگرت لەو دوو وەرزەی یاری بۆ شاڵکێ کرد لەگەڵ ١٠ ملیۆن لە سەدی قەتەڕییەوە.  راول ئێستا یاری بۆ نیو یۆرک کۆزمۆ دەکات و بەڕێوبەری ئەکادیمیای ئەو یانەشە بەرامبەر بڕە پارەیەکی نهێنی. لە دەرەوەی وەرزشیش  خاوەنی چەند کۆمپانیایەکە لە بواری ووزە و  کەل و پەلی وەرزشی و ووزەی نوێ بووەوە.

 

………….

٧- ساموێل ئیتۆ – ٨٧ ملیۆن یۆرۆ

نیوەی سامانەکەی ئیتۆ لەو دوو وەرزەدا دەستی کەوت کە یاری بۆ ئانژی رووسی دەکرد ، پێش ئەوە بۆ هەر وەرزێک لەگەڵ بارسا ١٠ ملیۆن یۆرۆی وەردەگرت و کاتێکیش روویکردە چێڵسی مووچەکەی لە پێنج ملیۆن کەمتر نەبوو.  وە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی پوما و فۆرد سەرچاوەی بەشێکی دیکەی سەرمایەی ئیتۆن. لەم دواییەشدا پارەیەکی زۆری خستە کردنەوەی ئەکادیمیایەکی تۆپی پێ لە کینیا .

 

٦- ریکاردۆ کاکا – ٩٦ ملیۆن یۆرۆ

 

کاکا ٣٥ ملیۆن یۆرۆی لەو چوار ساڵەدا دەستکەوت کە پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە کرد ، هەرچەندە بە گەڕانەوەی بۆ میلان داهاتی کەمی کرد بەڵام بە شەش مانگ لەگەڵ ساو پاولۆ بڕی دوو ملیۆن یۆرۆی وەرگرت و ئێستاش لەگەڵ ئۆرلاندۆ ستی ئەمریکی بۆ هەر وەرزێک ٦.٥ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت کە بەرزترینە لە مێژووی خولی ئەمریکیدا.  رووخسارە جوانەکەی کاکا هۆکارێکی دیکەی سامانە خەیاڵییەکەیەتی و گرێبەستی لەگەل پێپسی و سامسونگ و ئەدیداس و جیڵێت و ئەرمانی هەیە. وە خاوەنی چەندین کۆشکە لە میلان و مەدرید و مەنهاتن وناتال.

 

……………..

 

٥- واین ڕوونی – ١٠٣ ملیۆن یۆرۆ

ڕوونی کاپتنی هەلبژاردەی ئینگلتەرا  خاوەنی زۆرترین داهاتە لە نێو یاریزانانی پریمەرلیگ، بەشی زۆری داهاتەکەشی لە موچەکەیەتی لە مانچستەر یونایتد کە لە سەرەتای وەرزی رابردووەوە زیادکرا بۆ نزیکەی ١٩ ملیۆن یۆرۆی ساڵانە. لە دەرەوەش بڕی ٥.٤ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت بە گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ نایک و سامسونگ و هارپەر کولینس.  ڕونی خاوەنی مەیدانێکی پێشبڕكێی ئەسپ سوارییە. کۆشکەکەی لە پرێستبێری بایی شەش ملیۆن یۆرۆیە.

 

٤- زڵاتان ئیبراهیمۆڤیج – ١٠٥ ملیۆن یۆرۆ

زڵاتان یەکێکە لە یاریزانانەی زۆر ژیرانە مامەڵەی بازرگانی دەکات. گرێبەستی لەگەڵ نیڤیا و ئێکس بۆسک و ڤۆڵڤۆ و درێسمان و نایک هەیە.  خاوەنی دارستانێکی گەورەیە لە سوید. وە کەنیسەیەکی کڕی لە ناوەڕاستی ستۆکهۆڵم و دواتر کردیە شوێنی حەوانەوە،  ئیبرا  باڵەخانەیەکی ٦٦ نهۆمی بازرگانییە لە تریبێکا،مەنهاتن.  وە پشکی هەیە لە پرۆگرامی میکز بە هاوبەشی لەگەڵ ملیاردێر دان ئۆلۆفسۆن.  کتێبەکەشی ” من زڵاتانم” لە ٢٠ وڵاتی جیهاندا فرۆشرا و هەشت ملیۆنی دیکەی بۆ پەیدا کرد.

 

٣- نێیمار داسیلڤا – ١٣٥ ملیۆن یۆرۆ

 

نێیمار ئەستێرەی یەکەمی بەڕازیل بوو لە جامی جیهانی وڵاتەکەی لە هاوینی رابردوودا، تەنها بە بازرگانیکردن و ریکلام  لەو پاڵەوانێتییەدا ٣٧ ملیۆن یۆرۆی کۆکردەوە. خاوەنی ١٢ گرێبەستی گرانبەهایە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وەکو پاناسۆنیک ،نایک،کلارۆ،ڕێدبوڵ،ڤۆڵکس واگن،سانتاندێر،هێلیار، فیزی درینک و .. هتد.

بەهرەمەندە بەڕازیلییەکە بەدەستی ٤٠ ملیۆن یۆرۆی وەرگرت کاتێک روویکردە بارسێلۆنا لە ٢٠١٣دا. نێیمار موچەی ئێستای ٨.٨ ملیۆنە لەگەڵ بلوگرا بەڵام بەهۆی ئاستە بەرزەکەی پێشبینی دەکرێت موچەکەی بۆ دوو هێندە بەرزبکرێتەوە.

 

٢- لیۆنێل مێسی – ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ

مێسی خاوەن زۆرترین ڕێژەی داهاتە لەڕووی گرێبەستی وەرزشی لەگەڵ یانەیەکدا و ئاستە بەرزەکەشی هەمیشە خەڵاتی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە. بەهۆی ئەوەی مافی فرۆشتنی وێنەکانی بۆخۆیەتی  پارەیەکی خەیاڵی لەو ڕووەوە وەردەگرێت و گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ  ئی ئەی سپۆرت و ئەدیداس و ئۆریدۆ و سامسونگ و لایز و ئاودێرمارس پیگێت و جیلێت و دۆڵچی کابانا و هید ئەن شۆلدەرز و گاتۆرادی و پان بیمبۆ  هەیە.

مێسی خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی بازرگانییە، گەورەترینیان بازاڕی خشڵ و ئەڵماسی گرانبەهایە ، خاوەندارێتی کەنارێکی دەریا و یاریگایەکی گۆڵف و مەودایەکی وەرزشی گەورە دەکات کە ئەمەی دواییان لە رۆساریۆی شاری منداڵیەتی. لەم دواییەشدا براکەی کۆمپانیای لێمیکو ئیسپانیای دانا کە ئێستا نرخی ١١.٧ ملیۆن یۆرۆیە.

 

……………………………….

 

١- کریستیانۆ رۆناڵدۆ – ٢١٠

رۆناڵدۆ لە ٢٠١٣دا گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید تازەکردەوە و موچەی بۆ ١٨.٢ ملیۆن یۆرۆ بەرزکرایەوە.  لەم دواییەش بەهۆی بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان و جامی جیهانی یانەکان و چامپیۆنزلیگ  ، ژمارەیەک قازانجی دیکەی دارایی پێگەیشت کە زۆربەیان خەڵاتی ریاڵ مەدرید بوون.

هاوشێوەی ئەستێرەکانی دیکە خاوەنی چەندین گرێبەستی بازرگانی گرانبەهایە کە بڕی ٢٥ ملیۆن یۆرۆ قازانجی پیگەیاندووە لەگەل کۆمپانیاکانی نایک،تۆیۆتا،هێربالایف، ئیماراتس،کاسترۆڵ،سامسونگ،سۆکەرەید،ئەرمانی،کۆنامی،بانکۆئیسپرێتۆ،کەی ئێف سی.

بەڵام لەهەموویان گەورەتر دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت بەخۆی بوو بۆ دروستکردنی جل و بەرگی ژێرەوە سەرەتا و دواتریش هەموو پارچەکان. کارە بازرگانییەکانی دیکەی رۆناڵدۆ بریتین لە مۆزەخانەی CR7 و  حەوت یانەی شەوانە و ئەپلیکەیشنێکی بەناوبانگی مۆبایل. هەروەها  خاوەنی کۆشک و ئۆتۆمبێلە بەبەهای ٣٠ ملیۆن یۆرۆ.

کۆمێنتی تۆ؟
شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

سەرنووسەری ماڵپەری یاریگا

Leave A Reply